خوشکان، برایان، نامەوێ نەزانن کە باوباپیرانمان هەموو لەژێر هەوردا بوون و هەمووشیان دەریایان بڕی. | 1 |
جا هەموویان لە هەور و لە دەریادا بۆ موسا لە ئاو هەڵکێشران، | 2 |
هەمووشیان هەمان خواردنی ڕۆحییان خوارد. | 3 |
هەموویان هەمان خواردنەوەی ڕۆحییان خواردەوە، چونکە لەو تاشەبەردە ڕۆحییان دەخواردەوە کە دوایان کەوتبوو، ئەو تاشەبەردەش مەسیح بوو. | 4 |
بەڵام خودا لە زۆربەیان ڕازی نەبوو، ئەوە بوو تەرمەکانیان لە بیابان پەرشوبڵاو بووەوە. | 5 |
ئەم شتانەی ڕوویاندا پەندن بۆمان، تاکو ئارەزووی خراپە نەکەین، وەک ئەوان ئارەزوویان کرد. | 6 |
بتپەرست مەبن وەک هەندێکیان، وەکو نووسراوە: [گەل بۆ خواردن و خواردنەوە دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هەستانەوە.] | 7 |
با داوێنپیسی نەکەین وەک هەندێکیان داوێنپیسییان کرد و لە ڕۆژێکدا بیست و سێ هەزاریان کەوت. | 8 |
نابێت مەسیح تاقی بکەینەوە، وەک هەندێکیان تاقییان کردەوە و مار لەناوی بردن. | 9 |
بۆڵەبۆڵ مەکەن وەک هەندێکیان بۆڵەبۆڵیان کرد و فریشتەی لەناوبەر کوشتیان. | 10 |
جا ئەم شتانەیان وەک پەند بەسەرهات، بۆ ئاگاداری ئێمەش نووسراوە، کە لە کۆتایی زەمان دەژین. (aiōn g165) | 11 |
کەواتە ئەوەی وا دەزانێت ڕاوەستاوە، با وریابێت نەکەوێت. | 12 |
هیچ تاقیکردنەوەیەکتان تووش نابێت کە هاوبەش نەبێت لەنێوان مرۆڤەکاندا، بەڵام خودا دڵسۆزە، کە نایەڵێت زیاتر لە توانای خۆتان تاقی بکرێنەوە، بەڵکو لەگەڵ تاقیکردنەوە ڕێگای دەرچوون دەکاتەوە، تاکو بتوانن بەرگە بگرن. | 13 |
بۆیە خۆشەویستانم، لە بتپەرستی ڕابکەن. | 14 |
وەک بۆ هۆشیاران بێت دەدوێم، ئێوە حوکم بدەن لەوەی دەیڵێم: | 15 |
ئایا ئەو جامەی سوپاسگوزاری لە پێناوی سوپاسی خودا دەکەین، بەشداری نییە لە خوێنی مەسیح؟ ئەو نانەی لەتی دەکەین، بەشداری نییە لە لەشی مەسیح؟ | 16 |
لەبەر ئەوەی یەک نان هەیە، ئێمە کە زۆرین، یەک لەشین، چونکە هەموومان بەشداری لە یەک ناندا دەکەین. | 17 |
سەیری ئیسرائیل بکەن کە بەگوێرەی جەستەیە: ئایا ئەوانەی قوربانی دەخۆن لە قوربانگادا هاوبەش نین؟ | 18 |
جا چی دەڵێم؟ ئایا ئەوەی بۆ بت سەربڕدراوە شتێکە، یان بتەکە شتێکە؟ | 19 |
نەخێر بەڵکو ئەوەی سەری دەبڕن، بۆ ڕۆحە پیسەکان سەری دەبڕن نەک بۆ خودا. جا نامەوێت لەگەڵ ڕۆحە پیسەکان هاوبەش بن. | 20 |
ناتوانن جامی مەسیحی خاوەن شکۆ و جامی ڕۆحە پیسەکان بخۆنەوە. ناتوانن بەشداری خوانی خاوەن شکۆ و خوانی ڕۆحە پیسەکان بکەن. | 21 |
یاخود ئیرەیی خاوەن شکۆ هەڵدەستێنین؟ ئایا ئێمە لەو بەهێزترین؟ | 22 |
«هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک سوودبەخش نییە. «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک بنیادنەر نییە. | 23 |
کەس بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا نەگەڕێت، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی خەڵک هەوڵ بدەن. | 24 |
ئەو گۆشتەی لە بازاڕ دەفرۆشرێت بیخۆن، ئەوەندە لێی مەکۆڵنەوە، بەبێ لێپرسینەوەی ویژدان، | 25 |
چونکە [زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە.] | 26 |
ئەگەر بێباوەڕێک داوەتتان بکات و ئێوەش ویستتان بچن، جا هەرچییەکتان لەپێش دانرا بیخۆن، بێ لێکۆڵینەوە، لەبەر ویژدان. | 27 |
بەڵام ئەگەر یەکێک پێی گوتن: «ئەمە کراوەتە قوربانی بت» مەیخۆن، لەبەر ئەوەی پێی گوتن و لەبەر ویژدان، | 28 |
دەڵێم ویژدان، هی تۆ نا، بەڵکو هی ئەوی دیکە. جا بۆچی سەربەستیم لەلایەن ویژدانێکی دیکەوە حوکم بدرێت؟ | 29 |
ئەگەر بە سوپاسکردنەوە بەشداری بکەم، ئیتر بۆچی تاوانبار دەکرێم لەسەر ئەوەی سوپاسی خودای لەسەر دەکەم؟ | 30 |
بۆیە ئەگەر خواردتان یان خواردتانەوە یان هەر شتێکتان کرد، هەموو شتێک بۆ شکۆی خودا بکەن. | 31 |
بۆ جولەکە و ناجولەکە و کڵێسای خودا مەبنە کۆسپ. | 32 |
هەروەک منیش لە هەموو شتێک هەمووان ڕازی دەکەم، بەدوای بەرژەوەندی خۆمدا ناگەڕێم، بەڵکو هی زۆران، تاکو ڕزگاریان ببێت. | 33 |