ئەمانەش بەشەکانی نەوەی هارون بوون: کوڕەکانی هارون، ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتامار بوون. | 1 |
ناداب و ئەبیهو پێش باوکیان مردن و کوڕیان نەبوو، لەبەر ئەوە ئەلعازار و ئیتامار بوون بە کاهین. | 2 |
بە یارمەتی سادۆق لە نەوەی ئەلعازار و ئەحیمەلەخ لە نەوەی ئیتامار، داود نەوەی هارونی بەپێی خشتەی خزمەتکردنەکانیان دابەش کرد. | 3 |
جا بینییان نەوەی ئەلعازار ژمارەی ڕابەرەکانیان زیاترە لە نەوەی ئیتامار، لەبەر ئەوە نەوەی ئەلعازاریان دابەش کرد بە شازدە گەورەی بنەماڵە و نەوەی ئیتاماریش بە هەشت گەورەی بنەماڵە. | 4 |
لەبەر ئەوەی لە هەردوو نەوەی ئەلعازار و ئیتاماریش کاربەدەستانی پیرۆزگا و کاربەدەستانی خودا هەبوون، بێ لایەن تیروپشکیان بۆ کرا و دابەشیان کردن. | 5 |
شەمەعیای کوڕی نەتەنێل لە نەوەی لێڤییەکان کە سەرقەڵەم بوو، بە ئامادەبوونی پاشا و کاربەدەستەکان، سادۆقی کاهین، ئەحیمەلەخی کوڕی ئەبیاتار و گەورەی بنەماڵەکانی کاهین و لێڤییەکان، ناوەکانی ئەوانی بەم چەشنە نووسی: یەک بنەماڵە سەر بە ئیتامار لەدوای یەک سەر بە ئەلعازار. | 6 |
یەکەم تیروپشک بۆ یەهۆیاریڤ دەرچوو و دووەم بۆ یەدایا و | 7 |
سێیەم بۆ حاریم و چوارەم بۆ سەعۆریم و | 8 |
پێنجەم بۆ مەلکیا و شەشەم بۆ میامین و | 9 |
حەوتەم بۆ هەقۆچ و هەشتەم بۆ ئەبیا و | 10 |
نۆیەم بۆ یێشوع و دەیەم بۆ شەخەنەیا و | 11 |
یازدەیەم بۆ ئەلیاشیڤ و دوازدەیەم بۆ یاقیم و | 12 |
سێزدەیەم بۆ حوپا و چواردەیەم بۆ یەشەڤەئاڤ و | 13 |
پازدەیەم بۆ بیلگا و شازدەیەم بۆ ئیمێر و | 14 |
حەڤدەیەم بۆ حێزیر و هەژدەیەم بۆ هەپیچێچ و | 15 |
نۆزدەیەم بۆ پەتەحیا و بیستەم بۆ یەحەزقیێل و | 16 |
بیست و یەکەم بۆ یاکین و بیست و دووەم بۆ گاموول و | 17 |
بیست و سێیەم بۆ دەلایا و بیست و چوارەمیش بۆ مەعەزیاهو دەرچوو. | 18 |
کە هاتنە ناو پەرستگای یەزدان بەپێی ئەم خشتەیە خزمەتیان دەکرد بەگوێرەی ئەو ڕێسایانەی کە هارونی باپیرە گەورەیان بۆی دیاری کردن، بەپێی ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمانی پێی کردبوو. | 19 |
سەبارەت بەو نەوانەی لێڤی کە ماونەتەوە: لە نەوەی عەمرام: شوڤائێل؛ لە نەوەی شوڤائێل: یەحدەیاهو. | 20 |
لە نەوەی ڕەحەڤیا: ییشیا کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو. | 21 |
لە یەسهارییەکان: شەلۆمۆت؛ لە نەوەی شەلۆمۆت: یەحەت. | 22 |
لە نەوەی حەبرۆن: یەرییاهوی کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و ئەمەریا دووەم و یەحەزیێل سێیەم و یەقەمەعام چوارەم. | 23 |
لە نەوەی عوزیێل: میخا و لە نەوەی میخا: شامیر و | 24 |
ییشیای برای میخا؛ و لە نەوەی ییشیا: زەکەریا. | 25 |
کوڕەکانی مەراری: مەحلی و موشی. کوڕەکەی یەعزیا: بەنۆ. | 26 |
لە نەوەی مەراری: لە یەعزیا: بەنۆ، شۆهەم، زەکور و عیڤری. | 27 |
لە مەحلی: ئەلعازار و ئەلعازاریش کوڕی نەبوو. | 28 |
لە قیش: یەرەحمێلی کوڕی قیش، | 29 |
هەروەها نەوەی موشی: مەحلی، عێدەر و یەریمۆت. ئەمانە نەوەی لێڤی بوون بەپێی بنەماڵەکانیان. | 30 |
هەروەها ئەمانیش وەک براکانیان لە نەوەی هارون تیروپشکیان کرد، لەبەردەم داودی پاشا و سادۆق و ئەحیمەلەخ و گەورەی بنەماڵەکانی کاهین و لێڤییەکان، جیاوازی نەکرا لەنێوان بنەماڵەکانی برا گەورە و بنەماڵەکانی برا بچووکەکاندا، هەردوو وەک یەک. | 31 |