کاتێک کەنعانییەکەی پاشای عەراد کە لە نەقەب نیشتەجێ بوو بیستی نەوەی ئیسرائیل لە ڕێگای ئەتاریمەوە هاتووە، شەڕی لەگەڵ ئیسرائیلییەکاندا کرد و هەندێکی لێیان بە دیل گرت. |
نەوەی ئیسرائیلیش نەزرێکیان بۆ یەزدان کرد و گوتیان، «ئەگەر ئەو نەتەوەیە بخەیتە ژێر دەستمان، ئەوا شارەکانی بە تەواوی وێران دەکەین.» |
یەزدانیش گوێی لە هاواری ئیسرائیل گرت و کەنعانییەکانی دایە دەست و خۆیان و شارۆچکەکانیان بە تەواوی وێران کردن، ئیتر ئەو شوێنە ناونرا حۆرما. |
ئینجا لە کێوی هۆرەوە بە ڕێگای دەریای سوور کۆچیان کرد هەتا بە خاکی ئەدۆمدا بسوڕێنەوە، جا گەل لە ڕێگادا ئارامییان لێ بڕا. |
گەل لە دژی خودا و موسا قسەیان کرد و گوتیان: «بۆچی لە میسر دەرتانهێناین هەتا لە چۆڵەوانی بمرین؟ نە نان هەیە و نە ئاو! ئەم خواردنە بێ تامەمان لەبەرچاو کەوتووە.» |
یەزدانیش ماری ژەهراوی بۆ سەر گەل نارد و بە گەلیانەوە دا و خەڵکێکی زۆر لە ئیسرائیل مردن. |
ئینجا گەل هاتنە لای موسا و گوتیان: «گوناهمان کرد لە دژی یەزدان و لە دژی تۆش قسەمان کرد. لەبەر ئەوە نزا بۆ یەزدان بکە هەتا ئەو مارانەمان لەسەر هەڵبگرێت.» موساش لە پێناوی گەل نزای کرد. |
یەزدانیش بە موسای فەرموو: «مارێکی ژەهراوی دروستبکە و لەسەر ستوونێک هەڵیبواسە، جا هەر یەکێک پێیەوەدرا و تەماشای کرد دەژیێت.» |
موساش مارێکی لە بڕۆنز دروستکرد و لەسەر ستوونێک هەڵیواسی، ئەوە بوو هەر کاتێک کەسێک مار پێوەی دەدا و تەماشای مارە بڕۆنزییەکەی دەکرد، دەژیا. |
ئینجا نەوەی ئیسرائیل کۆچیان کرد و لە ئۆڤۆت چادریان هەڵدا، |
لە ئۆڤۆتەوەش کۆچیان کرد و لە عییی عەڤاریم لە چۆڵەوانی بەرامبەر مۆئاب ڕووەو خۆر هەڵاتن چادریان هەڵدا. |
لەوێشەوە کۆچیان کرد و لە دۆڵی زەرەد چادریان هەڵدا، |
لەوێشەوە کۆچیان کرد و لە قەراغی باکووری ڕووباری ئەرنۆن چادریان هەڵدا کە لە چۆڵەوانییە لە دەرەوەی سنووری ئەمۆرییەکانە، چونکە ئەرنۆن سنووری مۆئابە لەنێوان مۆئاب و ئەمۆرییەکان، |
لەبەر ئەوە پەڕتووکی جەنگەکانی یەزدان دەڵێت: «شاری واهێڤ لە سوفە و شیوەکانی، ئەرنۆن و |
نشێوی شیوەکان، ئەوەی هەتا نشینگەی عار شۆڕ بووەتەوە، پشتی بە سنووری مۆئابەوە داوە.» |
لەوێشەوە بۆ بئێر بەردەوام بوون، ئەوەش ئەو بیرەیە کە لەوێ یەزدان بە موسای فەرموو، «گەل کۆبکەرەوە ئاویان دەدەمێ.» |
ئەوسا ئیسرائیل ئەم گۆرانییەیان چڕی: «ئەی بیر هەڵبقوڵێ، گۆرانی لە بارەوە بڵێن، |
بیرێک میرەکان لێیان داوە، پیاوماقوڵانی گەل هەڵیانکەندووە، ئەو پیاوماقوڵانە بە داردەست و گۆچانەکانیان.» لە چۆڵەوانییەوە هەتا مەتانە چوون، |
لە مەتانەوە هەتا نەحەلیێل و لە نەحەلیێلەوە هەتا بامۆت، |
لە بامۆتەوە هەتا دۆڵێک کە لە مۆئابە و لە لووتکەی چیای پسگە کە دەڕوانێتە سەر ڕووی چۆڵەوانی. |
ئینجا ئیسرائیل نێردراوی بۆ سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان نارد و گوتی: |
«ڕێمان بدە بە خاکەکەتدا تێپەڕین، نە بەلای کێڵگەیەک و نە بەلای ڕەزە مێوێک لانادەین و ئاو لە بیر ناخۆینەوە، هەتا لە خاکەکەت دەچینە دەرەوە بە شاڕێگادا دەڕۆین.» |
بەڵام سیحۆن نەیهێشت ئیسرائیل بە خاکەکەیدا تێبپەڕێت، بەڵکو هەموو سوپاکەی کۆکردەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل بۆ چۆڵەوانی دەرچوو، هاتە یەهەچ و شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل کرد. |
ئیسرائیلیش بە شمشێر لێیدا و دەستی بەسەر خاکەکەیدا گرت، لە ئەرنۆنەوە هەتا یەبۆق و هەتا نەوەی عەمۆن، چونکە سنووری عەمۆنییەکان بەهێز بوو. |
ئیسرائیل هەموو ئەم شارانەی گرت، ئیسرائیل لە هەموو شارەکانی ئەمۆرییەکان نیشتەجێ بوو، لە حەشبۆن و لە هەموو گوندەکانی. |
لەبەر ئەوەی حەشبۆن شاری سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان بوو، شەڕی لەگەڵ پاشای پێشووی مۆئاب کردبوو و هەموو خاکەکەی لە دەستی سەندبوو هەتا ئەرنۆن. |
لەبەر ئەوە شیعرەکان دەڵێن: «وەرنە حەشبۆن بنیاد دەنرێتەوە، شاری سیحۆن نۆژەن دەکرێتەوە. |
«ئاگرێک لە حەشبۆنەوە کڵپەی کرد، گڕێک لە شاری سیحۆنەوە، عاری مۆئابی هەڵلووشی، پیاوانی بەرزاییەکانی ئەرنۆن. |
قوڕبەسەرت مۆئاب! ئەی گەلی کەمۆش لەناوچوویت! کوڕەکانی ئاوارە کرد و کچەکانی ڕاپێچ کرد بۆ سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان. |
«بەڵام وا ئەوانمان ڕووخاند، حەشبۆن لەناوچوو هەتا دیڤۆن، تێکمان دا هەتا نۆفە کە هەتا مادەبا درێژ دەبێتەوە.» |
جا ئیسرائیل لە خاکی ئەمۆرییەکاندا مایەوە. |
ئینجا موسا هەندێک کەسی نارد بۆ سیخوڕیکردن لە یەعزێر، ئیتر گوندەکانیان گرت و ئەو ئەمۆرییانەیان دەرکرد کە لەوێ بوون. |
ئینجا ڕوویان وەرگێڕا و بە ڕێگای باشاندا سەرکەوتن، جا عۆگی پاشای باشان لەگەڵ هەموو سوپاکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان گەیشتە ئەدرەعی. |
یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لێی مەترسە، چونکە خۆی و هەموو سوپاکەی و خاکەکەیم داوەتە دەستت، ئەوەی پێ دەکەیت کە بە سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکانت کرد کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو.» |
جا لە خۆی و کوڕەکانی و هەموو سوپایەکەیان دا و کەس دەرباز نەبوو، بوونە خاوەنی خاکەکەی. |