ئیتر بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب و هەموو پیاوێکی بەهرەمەند کە یەزدان دانایی و تێگەیشتنی پێدابن هەتا بزانن چۆن کار بکەن لە هەموو کاری خزمەتکردنەکە لە پیرۆزگا، دەبێت بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردوون بیکەن.» |
ئینجا موسا بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب و هەموو کەسێکی کارامە کە یەزدان توانای پێدابوو و خواستی ئەوەی هەبوو بێت بۆ کارکردن بانگی کردن. |
هەموو ئەو پیتاکەیان لە موسا وەرگرت، ئەوەی نەوەی ئیسرائیل هێنابوویان بۆ کاری خزمەتکردن لە بنیادنانی پیرۆزگا، ئەوانیش بە خواستی خۆیان هەموو بەیانییەک بەخشینیان بۆی دەهێنا. |
ئینجا هەموو ئەو پیشەوەرە کارامانەی کە لە پیرۆزگادا کاریان دەکرد، کارەکەیان بەجێهێشت و هاتنە لای موسا |
و پێیان گوت: «گەل زیاد لە پێویست دەهێنن بۆ ئەو کارەی کە یەزدان فەرمانی بە کردنی کردووە.» |
ئیتر موسا فەرمانی دا و لە ئۆردوگاکە بانگەواز کرا و گوترا: «با هیچ پیاوێک یان ژنێک ئیتر شت بۆ پیتاکی پیرۆزگا دروست نەکات.» جا گەل لە هێنان وەستان، |
چونکە ئەو کەرەستانەی کە پێشتر هێنرابوون بەشی هەموو کارەکانی دەکرد و زیاتریش بوو. |
هەموو بەهرەمەندێک لەوانەی کاریان لە دروستکردنی چادرەکەی پەرستن دەکرد، دە پڵاسیان لە کەتانی ڕستراو و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ دروستکرد، لەگەڵ وێنەی کەڕوبەکان بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا دروستیان کردن. |
درێژایی هەر پڵاسێک بیست و هەشت باڵ و پانییەکەی چوار باڵ بوو، یەک ئەندازەش بۆ هەموو پڵاسەکان. |
پێنج پڵاس پێکەوە بەستران و پێنجەکەی دیکەش پێکەوە. |
ئەڵقەشیان لە ڕیسی مۆر لەسەر لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی یەکەم دروستکرد، هەمان شتیان بۆ لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی دووەم کرد. |
پەنجا ئەڵقەیان بۆ پڵاسی یەکەم دروستکرد و پەنجا ئەڵقەی دیکەش بۆ لای ئەو پڵاسەی کە لە پارچەکەی دووەمە، ئەڵقەکانیش بەرامبەر یەکتری بوون. |
پەنجا فاقی زێڕیشیان دروستکرد. بە فاقەکان پڵاسەکانی هەریەکە و لەوەی تەنیشتی بەستەوە، ئیتر چادری پەرستن بووە یەک پارچە. |
هەروەها ڕەشماڵێکیان لە یازدە پڵاس لە مووی بزن دروستکرد و سەری چادری پەرستنیان پێ گرت. |
درێژایی هەر پڵاسێک سی باڵ و پانی چوار باڵ بوو، یەک ئەندازەش بۆ هەر یازدە پڵاسەکە. |
پێنجیان لە پڵاسەکان پێکەوە بەستەوە و شەشەکەی دیکەش پێکەوە. |
پەنجا ئەڵقەیان لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی یەکەم دروستکرد، پەنجا ئەڵقەش لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی دووەم. |
پەنجا فاقی بڕۆنزیشیان دروستکرد بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی چادرەکە هەتا ببێتە یەک پارچە. |
پۆشەرێکیشیان لە پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور بۆ چادرەکە دروستکرد، پۆشەرێکیش لە پێستی مانگای دەریا لە سەرەوە. |
چوارچێوەشیان لە داری ئەکاسیا بە ستوونی بۆ چادرەکەی پەرستن دروستکرد. |
درێژایی هەر چوارچێوەیەک دە باڵ و پانی باڵ و نیوێک بوو. |
دوو زمانەشیان بۆ هەر چوارچێوەیەک دروستکرد بۆ جووتکردنی لەگەڵ چوارچێوەکەی تەنیشتی، بۆ هەریەک لە چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن ئاوایان کرد. |
چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستنیش، بیستیان لەلای باشوور دروستکرد، |
چل بنکەی زیویشیان لەژێر بیست چوارچێوەکە دروستکرد، دوو بنکە لەژێر هەر چوارچێوەیەک بۆ دوو پێچکەکەی. |
بیست چوارچێوەیان بۆ لای باکووری چادرەکەی پەرستن دروستکرد. |
چل بنکەی زیویشیان هەبوو، دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە. |
بۆ پشتی چادرەکەی پەرستنیش بەرەو ڕۆژئاوا شەش چوارچێوە، |
دوو چوارچێوەشیان بۆ گۆشەکانی دواوەی چادرەکەی پەرستن دروستکرد. |
لە خوارەوە جووت بوون و هەتا سەرەوە یەک بوون، هەتا بازنەکەی سەرەوە، بۆ هەردوو گۆشەکە ئاوایان کرد. |
ئینجا هەشت چوارچێوە بوون و بنکە زیوەکانیشیان شازدە، هەر دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک. |
پێنج کاریتەشیان لە داری ئەکاسیا بۆ چوارچێوەکانی لایەکی چادرەکەی پەرستن دروستکرد، |
پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لایەکەی دیکەی چادرەکەی پەرستن، پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لای دواوەی چادرەکەی پەرستن لەلای ڕۆژئاوا. |
کاریتەکەی ناوەڕاستیشیان وا دروستکرد بەنێو چوارچێوەکاندا تێبپەڕێت، لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر. |
چوارچێوەکانیشیان بە زێڕ ڕووکەش کرد و بازنەکانیشیان لە زێڕ دروست کرد کە کاریتەکانی دەچنە ناو، کاریتەکانیشیان بە زێڕ ڕووکەش کرد. |
پەردەیەکیشیان لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد، بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزاش وێنەی کەڕوبەکانیان لەسەر دروستکرد. |
چوار کۆڵەکەشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشیان کردن، قولاپەکانیشیان لە زێڕ بوون. چوار بنکەی زیویشیان بۆ داڕشتن. |
پەردەی دەروازەشیان بۆ دەرگای چادرەکە لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک، |
پێنج کۆڵەکەکەی و قولاپەکانیشیان، سەرەکانی و ئەڵقەکانیشیان بە زێڕ ڕووکەش کرد، پێنج بنکەکەشی لە بڕۆنز بوون. |