ئەوە بوو کە پاشایەتییەکەی ڕەحەڤەعام جێگیر و بەهێز بوو، ئەو و هەموو ئەو ئیسرائیلییانەشی کە لەگەڵیدا بوون، وازیان لە فێرکردنەکانی یەزدان هێنا. |
لە پێنجەمین ساڵی پاشایەتی ڕەحەڤەعام، شیشەقی پاشای میسر هێرشی کردە سەر ئۆرشەلیم، چونکە ناپاکییان لەگەڵ یەزدان کرد. |
شیشەق بە هەزار و دوو سەد گالیسکە، شەست هەزار سوار و سەربازێکی بێشوماری لیبی، سوخی و کوشی کە لە میسرەوە لەگەڵی هاتبوون، |
شارە قەڵابەندەکانی یەهودای گرت و هاتە سەر ئۆرشەلیم. |
پاشان شەمەعیای پێغەمبەر هات بۆ لای ڕەحەڤەعام و ئەو سەرکردانەی یەهودا کە لە ترسی شیشەق لە ئۆرشەلیم کۆببوونەوە و پێی گوتن: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:”ئێوە وازتان لە من هێنا، لەبەر ئەوە منیش لەناو دەستی شیشەقدا وازم لە ئێوە هێنا.“» |
ئەو کاتە سەرکردەکانی ئیسرائیل و پاشاش خۆیان نزم کردەوە و گوتیان: «یەزدان دادپەروەرە!» |
کە یەزدان بینی خۆیان نزم کردەوە، فەرمایشتی یەزدان بۆ شەمەعیا هات و فەرمووی: «لەبەر ئەوەی خۆیان نزم کردەوە، لەناویان نابەم، بەڵکو خێرا دەربازیان دەکەم و لەسەر دەستی شیشەق تووڕەییم بەسەر ئۆرشەلیمدا نابارێنم. |
لەگەڵ ئەوەشدا دەبن بە کۆیلەی ئەو هەتا جیاوازی نێوان خزمەتکردنی من و خزمەتکردنی پاشاکانی خاکەکانی دیکە بزانن.» |
کاتێک شیشەقی پاشای میسر پەلاماری ئۆرشەلیمی دا، گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەرچی هەبوو بردی، قەڵغانە زێڕینەکانیشی برد کە سلێمان دروستی کردبوون. |
لەبەر ئەوە ڕەحەڤەعام پاشا لە جێی ئەوانە قەڵغانی بڕۆنزی دروستکرد و دایە دەستی سەرکردەی پاسەوانەکانی دەروازەی کۆشکی شاهانە. |
هەر کاتێک پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دەچوو، پاسەوانەکان قەڵغانەکانیان هەڵدەگرت و لەگەڵیدا دەچوون، پاشان دەیانگەڕاندەوە ژووری پاسەوانەکان. |
لەبەر ئەوەی ڕەحەڤەعام خۆی نزم کردەوە، تووڕەییەکەی یەزدان دامرکایەوە و بە تەواوی لەناوی نەبرد، هەروەها هەندێک کاری چاکیش لە یەهودا بەدی کراوە. |
ڕەحەڤەعام پاشا دەسەڵاتی خۆی لە ئۆرشەلیم بەهێز کرد و بەردەوام بوو لە پاشایەتیکردنی، تەمەنی چل و یەک ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا و حەڤدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ئەو شارەی کە یەزدان هەڵیبژارد لەنێو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا هەتا ناوی خۆی تێیدا دابنێت. دایکیشی ناوی نەعمای عەمۆنی بوو. |
ئەو خراپەکاری کرد، چونکە بە هەموو دڵ ڕووی لە خودا نەکردبوو. |
ڕووداوەکانی پاشایەتی ڕەحەڤەعام لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە تۆمارەکانی شەمەعیا پێغەمبەر و لە بینینەکانی عیدۆ دەربارەی ڕەچەڵەکەکان نووسراون. بەردەوام جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو. |
ئیتر ڕەحەڤەعام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود بە خاک سپێردرا، ئەبیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. |