گۆرانییەک، زەبوورێکی ئاساف. ئەی خودایە، بێدەنگ مەبە، کپ مەبە، خودایە، هێدی مەبە. |
ئەوەتا دوژمنانت هەرایانە، ناحەزانت لە دژت ڕاپەڕیون. |
ڕاوێژ دەکەن لە دژی گەلەکەت، پیلان دەگێڕن لە دژی ئەوانەی تۆ پەنات داون. |
دەڵێن: «با لەناو نەتەوەکان بیانسڕینەوە، لەمەودوا ناوی ئیسرائیل باس نەکرێت.» |
بە هاوبیری پێکەوە پیلان دەگێڕن، لە دژی تۆ پەیمانیان بەستووە. |
خێوەتەکانی ئەدۆم و ئیسماعیلییەکان، مۆئاب و هاجەرییەکان، |
جوبەیل و عەمۆن و عەمالێق، فەلەستیە لەگەڵ دانیشتووی سور. |
هەروەها ئاشوریش چووەتە پاڵیان، بوونە بازووی بەهێزی نەوەی لوت. |
هەروەک چیت لە میدیان کرد ئاوایان لێ بکە، هەروەک چیت لە سیسرا و یاڤین کرد لە ڕووباری قیشۆن، |
کە لە کانی دۆر فەوتان، بوون بە زبڵ بۆ زەوی. |
گەورەکانیان وەک عۆرێڤ و زئێڤ لێ بکە، هەموو میرەکانیان وەک زەڤەح و زەلموناع، |
ئەوانەی گوتیان: «لەوەڕگاکانی خودا دەکەینە موڵکی خۆمان.» |
ئەی خودای من، بیانکە بە تەپوتۆز، وەک کای دەم بایان لێ بکە. |
وەک چۆن ئاگر دارستان دەسووتێنێت، وەک گڕ چیا دەسووتێنێت، |
ئاوا بە ڕەشەبای خۆت ڕاویان بنێ، بە گەردەلوولی خۆت هوڕیان بکە. |
ئەی یەزدان، ڕوویان بە ڕیسوایی داپۆشە، تاکو بەدوای ناوتدا بگەڕێن. |
هەتاهەتایە شەرمەزار و پەرێشانن، ڕیسوا دەبن و دەفەوتێن. |
با بزانن کە تۆ، ئەوەی ناوت یەزدانە، لەسەر هەموو زەوی تەنها تۆ هەرەبەرزیت! |