ئینجا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە شیلۆ کۆبوونەوە و لەوێدا چادری چاوپێکەوتنیان هەڵدا، خاکەکەش خرایە ژێر ڕکێفیانەوە. |
بەڵام حەوت هۆز لە نەوەی ئیسرائیل مابوونەوە کە هێشتا میراتەکەی خۆیان وەرنەگرتبوو. |
جا یەشوع بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «هەتا کەی خاو دەبن لە چوونە ژوورەوە بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان پێیداون؟ |
لە هەر هۆزێک سێ کەس بۆ خۆتان هەڵبژێرن، بۆ ئەوەی بیاننێرم و بچن و بە خاکەکەدا بگەڕێن، بەگوێرەی میراتەکەیان ڕووپێو بکەن، پاشان بگەڕێنەوە بۆ لام. |
بۆ حەوت بەش دابەشی بکەن. جا یەهودا لەسەر سنوورەکەی خۆی لە باشوور دەمێنێتەوە و بنەماڵەی یوسفیش لەسەر سنوورەکەیان لە باکوور دەمێننەوە. |
ئێوەش خاکەکە بۆ حەوت بەش ڕووپێو بکەن و پاشان بیهێننەوە ئێرە، لێرە لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان تیروپشکتان بۆ دەکەم. |
بەڵام لێڤییەکان لەنێو ئێوەدا بەشیان نییە، چونکە کاهینیێتی یەزدان میراتی ئەوانە. گاد و ڕەئوبێن و نیوەی هۆزی مەنەشەش میراتی خۆیان لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون وەرگرت، ئەوەی کە موسای بەندەی یەزدان پێیدان.» |
کاتێک پیاوەکان بۆ ڕووپێوی خاکەکە بەڕێکەوتن، یەشوع فەرمانی پێکردن و گوتی: «بڕۆن و بە خاکەکەدا بگەڕێن و وردەکارییەکانی بنووسن. پاشان وەرنەوە بۆ لام و منیش لێرە لەبەردەم یەزدان لە شیلۆ تیروپشکتان بۆ دەکەم.» |
ئینجا پیاوەکان ڕۆیشتن و بەناو خاکەکەدا گەڕان، بەگوێرەی شارۆچکەکان کردیان بە حەوت بەش، وردەکارییەکەیان تۆمار کرد، پاشان هاتنەوە بۆ لای یەشوع بۆ ئۆردوگاکە لە شیلۆ. |
یەشوعیش لە شیلۆ لەبەردەم یەزدان تیروپشکی بۆ کردن، لەوێ خاکەکەی بۆ نەوەی ئیسرائیل بەگوێرەی بەشەکانیان دابەش کرد. |
ئینجا تیروپشک بۆ هۆزی نەوەی بنیامین بەگوێرەی خێڵەکانیان کرا. سنووری تیروپشکەکەیان لەنێوان نەوەی یەهودا و نەوەی یوسفدا بوو. |
سنوورەکەیان لەلای باکوورەوە لە ڕووباری ئوردونەوە دەستی پێکرد و لە بناری ئەریحا لەلای باکوورەوە تێدەپەڕی، پاشان بە ناوچە شاخاوییەکەدا بەرەو ڕۆژئاوا دەچوو، هەتا نزیک چۆڵەوانی بێتئاڤن. |
ئینجا سنوورەکە لەوێوە بەردەوام بوو بۆ باشووری بناری لوز کە بێتئێلە و لەوێوە هاتە خوارەوە بۆ عەتەرۆت ئەدار لەسەر چیاکەی باشووری بێتحۆرۆنی خواروو. |
ئینجا سنوورەکە درێژ بووەوە و سووڕایەوە بەلای ڕۆژئاوای باشوور، لەو کێوەی کە بەرامبەر بێتحۆرۆنە لە باشوور و گەیشتە قیریەت بەعل کە قیریەت یەعاریمە، شارۆچکەیەکی نەوەی یەهودا بوو. ئەمە لای ڕۆژئاوا بوو. |
لای باشووریش لەوپەڕی قیریەت یەعاریمەوە دەستی پێکرد و سنوورەکە بەرەو ڕۆژئاوا چوو بۆ سەرچاوەی ئاوەکانی نەفتۆوەح. |
سنوورەکە بۆ دامێنی کێوەکەی بەرامبەر بە دۆڵی بەنهینۆم کە لە دۆڵی ڕفایمە لەلای باکوور دابەزی، لەوێشەوە دابەزی بۆ دۆڵی هینۆم بەلای بناری یەبوسییەکاندا لەلای باشوورەوە، ئینجا دابەزی بۆ کانی ڕۆگێل. |
ئینجا لە باکوورەوە ڕووەو کانی شەمەش درێژ بووەوە و بەردەوام بوو هەتا گەلیلۆت کە بەرامبەر بە ڕێگای هەورازی ئەدومیمە و ئینجا دابەزی بۆ بەردی بۆهەنی کوڕی ڕەئوبێن. |
بەردەوام بوو بۆ بنارەکەی بەرامبەر بە بێتعەراڤا بەلای باکووردا، ئینجا دابەزی بۆ دەشتایی عەراڤا. |
سنوورەکە بەردەوام بوو بۆ لای بناری باکووری بێتحۆگلە، لە کەنداوی باکووری دەریای مردوو کۆتایی هات، لە کۆتایی ڕووباری ئوردون لە باشوور. ئەمەش سنووری باشوورە. |
سنووری لای ڕۆژهەڵاتیش ڕووباری ئوردون بوو. ئەمە میراتی نەوەی بنیامین بوو لەگەڵ سنوورەکەی بە چواردەوریدا بەگوێرەی خێڵەکانیان. |
شارەکانی هۆزی نەوەی بنیامینیش بەگوێرەی خێڵەکانیان ئەمانە بوون: ئەریحا، بێتحۆگلە، عێمەق قەچیچ، |
بێتعەراڤا، چەمارایم، بێتئێل، |
عەڤیم، پارا، عۆفرا، |
کەفەر عەمۆنی، عۆفنی و گەڤەع، واتە دوازدە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە. |
گبعۆن، ڕامە، بئێرۆت، |
میچپا، کەفیرا، مۆچە، |
ڕاقەم، یەرپەئێل، تەرەلا، |
چێلەع، هائەلەف، شاری یەبوسی کە ئۆرشەلیمە، گیڤعا و قیریەت، واتە چواردە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە. ئەمە میراتی نەوەی بنیامین بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان. |