زەبوورێکی ئاساف. بێگومان خودا چاکە بۆ ئیسرائیل، بۆ دڵپاکەکان. |
بەڵام من خەریک بوو پێم بخزێت و زۆری نەمابوو هەنگاوم بخلیسکێت، |
چونکە بەغیلیم بە لووتبەرزەکان برد، کە ئاسوودەیی بەدکارانم دی. |
ترسیان لە مردن نییە، جەستەیان تەندروست و قەڵەوە. |
لە ڕەنجکێشانی مرۆڤ بەدەرن، وەک خەڵکی تێناکەون. |
بۆیە لووتبەرزییان وەک ملوانکە لە مل کردووە و بەرگی توندوتیژییان پۆشیوە. |
خراپە لە دڵی بێ بەزەییانەوە دێت، لێکدانەوەی دڵیان بێ سنوورە. |
گاڵتەجاڕی دەکەن و بە خراپە دەدوێن، بە لووتبەرزییەوە باسی ستەم دەکەن. |
ڕووی دەمیان لە ئاسمان کردووە، زمانیشیان بەسەر زەویدا دەگێڕن. |
بۆیە خەڵکی خۆیان دێنە لایان و باوەڕ بە قسەکانیان دەکەن. |
دەڵێن: «چۆن خودا دەزانێت؟ ئایا لەلای هەرەبەرز زانیاری هەیە؟» |
ئەوەتا ئەمانە بەدکارن، هەمیشە لە خۆشیدان و سامانیان لە زیادبووندایە. |
بێگومان بە بێهوودە دڵی خۆمم بە پاکی ڕاگرتووە، دەستیشم بە بێگەردی شوشتووە. |
بە درێژایی ڕۆژ لێم قەومابوو، هەتا بەرەبەیان تەمبێ کرابووم. |
ئەگەر بە ڕاشکاوی قسەم دەکرد، ئەوا لەگەڵ منداڵەکانت ناپاک دەبووم. |
کاتێک ویستم لەمە تێبگەم، بە ئەرکێکی سەختم بینی، |
هەتا چوومە ناو پیرۆزگای خودا، ئەوسا لە چارەنووسیان تێگەیشتم. |
بە ڕاستی لە جێگایەکی خلیسک داتناون، تووشی وێرانیت کردوون. |
چۆن بە چاوتروکانێک وێران بوون، لە ترسان بە تەواوی لەناوچوون! |
ئەی پەروەردگار، وەک خەون کاتی بەئاگا هاتنەوە، لە کاتی بەئاگایی وەک خەون ڕیسوایان دەکەیت. |
کاتێک دڵم تەنگ بوو، وەک شمشێر هەناومی بڕی، |
گێل و نەزان بووم، لەلای تۆ وەک ئاژەڵم لێهات. |
لەگەڵ ئەوەشدا، من هەمیشە لەلای تۆم، دەستی ڕاستی منت گرت. |
بە ئامۆژگاریت ڕێنماییم دەکەیت، پاشان بۆ شکۆمەندیم دەبەیت. |
بێجگە لە تۆ لە ئاسمان کێم هەیە؟ ئەگەر لەگەڵ تۆ بم، لەسەر زەویش هیچ نییە ئارەزووی بکەم. |
جەسته و دڵم کۆتاییان پێدێت، بەڵام هەتاهەتایە هێزی دڵ و بەشی من خودایە. |
ئەوەتا ئەوانەی لە تۆ دوورن وێڵ دەبن، ئەوانەی ناپاکیت لەگەڵ بکەن دوایان دەبڕیتەوە. |
بەڵام نزیکبوونەوە لە خودا بۆ من باشە، یەزدانی باڵادەستم کرد بە پەناگام، هەتا باسی هەموو کردەوەکانت بکەم. |