کاتێک ئیسرائیلم چارەسەر دەکرد، تاوانی ئەفرایم ئاشکرا بوون، هەروەها خراپەی سامیرە. فێڵیان کرد، دز چووە ژوورەوە و جەردەکانیش لە دەرەوە تاڵانیان کرد، |
بەڵام لە دڵی خۆیاندا بیر لەوە ناکەنەوە کە من هەموو خراپەکەی ئەوانم لەبیرە. ئێستا کردەوەکانیان دەوریان دەدات، لە بەرچاومدان. |
«بە خراپەکەیان پاشا دڵخۆش دەکەن و بە درۆکانیشیان میر. |
هەموو داوێنپیسن وەک تەنوورێکی گەرمکراون کە نانەواکە ئاگرەکەی گڕ نادات، لە کاتی هەویر شێلانەوە تاوەکو کاتی هەڵهاتنی. |
لە ڕۆژی جەژنی پاشاماندا، میر نەخۆش دەکەون، لەبەر شەراب تایان لێ دێت، پاشا لەگەڵ گاڵتەجاڕان دەست تێکەڵ دەکات. |
دڵیان وەک ناخی تەنوورە، بە فرتوفێڵ لە پاشا نزیک دەبنەوە. قینیان بە درێژایی شەو کپ دەبێت و بۆ بەیانی وەک ئاگرێکی گڕ گرتوو گەرمە. |
هەموویان وەک تەنوور گەرمن، دادوەرەکانی خۆیان دەخۆن، هەموو پاشاکانیان دەکەون، کەسیان تێدا نییە نزا بۆ من بکات. |
«ئەفرایم تێکەڵ بە گەلان دەبێت. ئەفرایم بووە بە کولێرەیەکی هەڵنەگەڕاوە. |
بێگانەکان هێزەکەی دەخۆن و ئەویش پێی نازانێت. قژی ماشوبرنج بووە و ئەویش پێی نازانێت. |
لووتبەرزی ئیسرائیل بەرەوڕوو شایەتی لەسەر دەدات، لەگەڵ هەموو ئەوەشدا ناگەڕێنەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆیان و بەدوایدا ناگەڕێن. |
«ئەفرایم وەک کۆترێکی لێهاتووە، گێل و بێ مێشک، بانگی میسر دەکەن و بۆ لای ئاشور دەچن. |
کاتێک دەڕۆن، تۆڕەکەم بەسەریاندا هەڵدەدەم، وەک باڵندەی ئاسمان دایاندەگرم. کاتێک کۆدەبنەوە تەمبێیان دەکەم بەگوێرەی ئەوەی دەیبیستم. |
قوڕبەسەریان، چونکە لە من هەڵاتن! ماڵوێرانی بۆیان، چونکە لێم یاخی بوون! من دەیانکڕمەوە، بەڵام ئەوان درۆم بۆ هەڵدەبەستن. |
کاتێک لەسەر جێگاکانیان دەناڵێنن لە دڵەوە هاوارم بۆ ناکەن. بۆ دانەوێڵە و شەراب کۆدەبنەوە، لە من هەڵدەگەڕێنەوە. |
من فێرم کردن و بازووی ئەوانم بەهێز کرد، بەڵام ئەوان لە دژی من بیر لە خراپە دەکەنەوە. |
دەگەڕێنەوە، بەڵام نەک بۆ لای خودای هەرەبەرز، وەک کەوانێکی ناڕێکیان لێدێت. لەبەر قینی زمانیان ڕابەرانیان بە شمشێر دەکوژرێن. لەبەر ئەمە لە میسر دەبنە گاڵتەجاڕ. |