مەسیح شایەتمە کە ڕاستی دەڵێم و درۆ ناکەم، ویژدانیشم بە ڕۆحی پیرۆز ئەوە دووپات دەکاتەوە، |
کە زۆر دڵتەنگم و ئازارێکی بێ بڕانەوەم لە دڵدایە. |
خۆزگە خۆم نەفرەتم لێ بکرایە و لە مەسیح بێبەش بوومایە، لە پێناوی برایانم، هاونەژادەکانم، |
ئیسرائیلییەکان. لەخۆگرتنەوە و شکۆ و پەیمانەکان و وەرگرتنی تەورات و ڕێوڕەسمەکانی پەرستن و بەڵێنەکان هی ئەوانە. |
باوکانیش هی ئەوانن و مەسیحیش بەگوێرەی جەستە لەوانەوە هاتووە، ئەوەی لە سەرووی هەمووانە، هەتاهەتایە خودایەکی پیرۆزە! ئامین. (aiōn g165) |
واتای ئەوە نییە کە فەرمایشتی خودا کاریگەری نەماوە، چونکە هەموو ئەوانەی لە نەوەی ئیسرائیلن، گەلی هەڵبژێردراوی خودا نین. |
هەروەها هەموو ئەوانەی نەوەی ئیبراهیمن، منداڵی ئەو نین، بەڵکو: [لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت.] |
واتە ئەو منداڵانەی کە بە خواستی مرۆڤانە بوون، منداڵی خودا نین، بەڵکو ئەو منداڵانەی کە بە بەڵێنی خودا بوون، ئەوانە بە نەوەی ئیبراهیم دادەنرێن، |
چونکە وتەی بەڵێنەکە ئەمەیە: [لە کاتی دیاریکراو دێمەوە و ساراش کوڕێکی بووە.] |
نەک تەنها ئەمە، بەڵکو ڕڤقەش لە یەکێک سکی کرد کە ئیسحاقی باوکمانە. |
بۆ ئەوەی خواستی خودا لە هەڵبژاردندا بچەسپێت کە بە کردار نییە، بەڵکو بەو بانگهێشتەیە کە خۆی دەیکات، بەر لەوەی لەدایک بن و چاکە و خراپە بکەن، |
خودا بە دایکیانی فەرموو: [گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.] |
وەک نووسراوە: [یاقوبم خۆشویست بەڵام ڕقم لە عیسۆ بووەوە.] |
کەواتە چی بڵێین؟ ئایا خودا دادپەروەر نییە؟ حاشا! |
چونکە بە موسا دەفەرموێ: [میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی میهرەبان دەبم و بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێیدا دێتەوە.] |
کەواتە، بە ئارەزووی یەکێک و هەوڵدانی یەکێک نییە، بەڵکو لە خوداوەیە کە بەزەیی هەیە. |
نووسراوە پیرۆزەکە بە فیرعەون دەفەرموێ: [لەبەر ئەوە تۆم هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی توانای خۆم لە تۆدا دەربخەم، تاکو لە هەموو زەویدا ناوم ڕابگەیەنرێت.] |
کەواتە خودا بەزەیی بەوە دێتەوە کە دەیەوێت و ئەوەش دڵڕەق دەکات کە دەیەوێت. |
ئینجا پێم دەڵێی: «ئیتر بۆچی خودا هێشتا خەتابارمان دەکات؟ کێ دەتوانێت لە دژی خواستی ئەو ڕابوەستێت؟» |
ئەی مرۆڤ تۆ کێیت وەڵامی خودا دەدەیتەوە؟ [ئایا دروستکراو بە دروستکەری دەڵێ: «بۆچی وا دروستت کردم؟»] |
ئایا گۆزەکەر دەسەڵاتی بەسەر قوڕدا نییە لە هەمان قوڕ دەفرێک بۆ ڕێزلێنان و یەکێکی دیکەش ئاسایی دروستبکات؟ |
بەڵام چی دەبێت ئەگەر خودا بیەوێت تووڕەیی دەربخات و توانای خۆی ئاشکرا بکات، بە پشوودرێژی زۆرەوە بەرگەی ئەو دەفرانەی تووڕەیی بگرێت کە بۆ لەناوبردن ئامادە کراون؟ |
چی دەبێت ئەگەر ئەمە بکات تاکو دەوڵەمەندی شکۆی خۆی لەسەر ئەو دەفرانەی بەزەیی ئاشکرا بکات کە پێشتر بۆ شکۆمەندی ئامادەی کردوون؟ |
لەناو ئەواندا ئێمەشی بانگکردووە، نەک تەنها لە جولەکە، بەڵکو لە نەتەوەکانیش. |
وەک لە هۆشەعدا دەفەرموێ: [ئەوەی گەلی من نییە ناوی دەنێم گەلی خۆم و ئەوەی خۆشەویست نییە بە خۆشەویست،] هەروەها |
[لەو شوێنەی پێیان گوترا: «ئێوە گەلی من نین،» لەوێدا «بە ڕۆڵەکانی خودای زیندوو ناودەبردرێن.»] |
ئیشایاش دەربارەی ئیسرائیل هاوار دەکات: [ئەگەر ژمارەی نەوەی ئیسرائیل بەقەد لمی دەریا بێت، تەنها پاشماوەیان ڕزگاری دەبێت، |
چونکە یەزدان بە خێرایی دوا بڕیاری خۆی بەسەر زەویدا جێبەجێ دەکات.] |
وەک ئیشایا پێشتر گوتوویەتی: [ئەگەر یەزدانی سوپاسالار نەوەی بۆ نەهێشتباینایەوە، وەک سەدۆممان لێ دەهات و لە عەمۆرا دەچووین.] |
کەواتە چی بڵێین؟ ئەو نەتەوانەی بۆ بێتاوانبوون کۆششیان نەکرد، بێتاوانبوونیان بەدەستهێنا، ئەو بێتاوانبوونەی بە باوەڕە. |
کەچی ئیسرائیل بە شەریعەتی تەورات کۆششیان کرد بۆ بێتاوانبوون، بەو شەریعەتە پێی نەگەیشتن. |
بۆچی؟ چونکە بە باوەڕ نەبوو، بەڵکو لەسەر بنچینەی کردار بوو. ئەوسا بۆیان بوو بە کۆسپ و تەگەرە و ساتمەیان لێکرد، |
هەروەک نووسراوە: [ئەوەتا بەردێک بۆ کۆسپ لە سییۆن دادەنێم، تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە، بەڵام ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.] |