بۆ گەورەی گۆرانیبێژان بە ئامێرە ژێدارەکان، هۆنراوەیەکی داود. ئەی خودایە، گوێ لە نوێژم بگرە، پاڕانەوەم پشت گوێ مەخە، |
گوێم لێ بگرە و وەڵامم بدەوە. سەرم لێ شێواوە لە نەگبەتی خۆم و بێزارم، |
لە بیستنی دەنگی دوژمن، لە چاو لێ سوور کردنەوەی بەدکاران، چونکە ئەمانە تووشی گرفتم دەکەن و بە تووڕەییەوە دەمچەوسێننەوە. |
دڵم لە ناخمدا پڕ لە ئازارە، ترسی مەرگ هاتووەتە سەرم. |
ترس و لەرز دایگرتووم، تۆقین باڵی بەسەرمدا کێشاوە. |
گوتم: «خۆزگە وەک کۆتر باڵم دەبوو، دوور دەفڕیم و دەحەسامەوە، |
بە ڕاستی دووردەکەوتمەوە و لە چۆڵەوانی دەمامەوە. |
پەلەم دەکرد بۆ شوێنی پەناگای خۆم، دوور لە ڕەشەبا و لە گەردەلوول.» |
ئەی پەروەردگار، سەریان لێ بشێوێنە، زمانیان تێک بئاڵێنە، چونکە زۆرداری و دووبەرەکی لە شاردا دەبینم. |
شەو و ڕۆژ بەسەر شووراکانیدا دەسووڕێنەوە و خراپە و ناڕەوایی لە ناوەڕاستیدایە. |
وێرانکاری لە ناوەڕاستیدایە، دەستدرێژی و ساختەکاری هەرگیز شەقامەکانی بەرنادەن. |
ئەگەر دوژمن سووکایەتی پێم بکردایە، بەرگەم دەگرت، ئەگەر ناحەز بەسەرمدا زاڵ بووایە، دەمتوانی خۆمی لێ بشارمەوە. |
بەڵام ئەوە تۆی! هاوشێوەی من مرۆڤی، هاوڕێمی، نزیکترین برادەری منی، |
کە بەیەکەوە پەیوەندییەکی شیرینمان هەبوو، بەیەکەوە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا بەرەو ماڵی خودا دەچووین. |
با مەرگ چەواشەیان بکات، با بە زیندوویی دابەزنە ناو جیهانی مردووان، چونکە خراپە شوێنی خۆی کردووەتەوە لەنێویان. (Sheol h7585) |
بەڵام هاواری من بۆ خودایە، یەزدانیش ڕزگارم دەکات. |
ئێواران و بەیانییان و نیوەڕۆیان گلەیی دەکەم و دەناڵێنم، ئەویش گوێم لێ دەگرێت. |
گیانمی بە تەواوی کڕییەوە لەو جەنگەی دژم هەڵگیرساوە، چونکە زۆرن بەرهەڵستکارانم. |
خودا، ئەوەی لە ئەزەلەوە لەسەر تەخت دانیشتووە، گوێی لێ دەبێت و ڕیسوایان دەکات؛ ئەوانەی ناگۆڕێن و ترسی خودایان لە دڵدا نییە. |
هاوڕێکەم دەستدرێژی دەکاتە سەر دۆستەکانی، پەیمانی خۆی دەشکێنێت. |
زمانی وەک کەرە لووسە، بەڵام دڵی پڕ لە شەڕە. قسەی لە ڕۆن نەرمترە، بەڵام شمشێری هەڵکێشراوە. |
خەمەکانت بە یەزدان بسپێرە، ئەو پشتگیریت دەکات، هەرگیز ناهێڵێت ڕاستودروستان بهەژێن. |
بەڵام تۆ ئەی خودایە، فڕێیان بدە ناو قووڵترین بیر، خوێنڕێژ و فێڵبازەکان، ڕۆژگاریان ناگاتە نیوە. بەڵام من پشت بە تۆ دەبەستم. |