پاشان ئاوڕم دایەوە و بینیم هەموو ئەو ستەمەی کە لەسەر زەویدا دەکرێت و ئەوەتا: فرمێسکی ستەملێکراوانم بینی، کەس نەبوو دڵنەواییان بکات، ستەمکارانیشیان زەبریان بەدەست بوو، کەس نەبوو دڵنەواییان بکات. |
خۆزگە بە مردووان دەخوازرێت کە دەمێکە مردوون، ئەوان خۆشحاڵترن لەوانەی کە لە ژیاندا ماون. |
بەڵام لە هەردووکیان باشتر ئەوەیە کە هێشتا لەدایک نەبووە، ئەوەی ئەو خراپەکارییەی نەدیوە کە لەسەر زەوی ئەنجام دەدرێت. |
من بینیم کە هەموو ماندووبوون و هەموو ئەوەی مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت لە ئەنجامی ئەو کێشمەکێشەی کە مرۆڤ بەرامبەر بە نزیکەکەی دەیکات، ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە. |
کەسی گێل دەست دەخاتە سەر دەست و گۆشتی خۆی دەخوات. |
مشتێک حەسانەوە باشترە لە دوو مشتی پڕ ماندووبوون و گڤەی با. |
دیسان شتێکی بێ واتام لەسەر زەوی بینی: |
یەکێکی تاک و تەنها، نە کوڕی هەبوو، نە برا، هەموو ماندووبوونەکەی بێ کۆتایی بوو، هەروەها چاوی لە دەوڵەمەندی تێر نەدەبوو. گوتی: «ئیتر بۆ کێ خۆم ماندوو بکەم و گیانی خۆم بۆچی لە خۆشی بێبەش بکەم؟» ئەمەش بێ واتایە و بارێکی قورسە. |
دوو کەس لە یەک کەس باشترە، چونکە لە ماندووبوونەکەیان قازانجێکی باشتریان دەبێت. |
ئەگەر یەکێکیان بکەوێت، هاوڕێکەی هەڵیدەستێنێتەوە. بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کە تەنهایە، دەکەوێت و کەس نییە هەڵیبستێنێتەوە. |
هەروەها ئەگەر دوو کەس پێکەوە ڕابکشێن، گەرم دەبنەوە، بەڵام یەکێک تەنها بێت، چۆن گەرم دەبێتەوە؟ |
ئەگەر یەکێک یەک کەس ببەزێنێت، دووان دەتوانن بەرامبەری بوەستن، گوریسی سێ تاڵیش زوو ناپسێت. |
گەنجێکی هەژار و دانا باشترە لە پاشایەکی پیر و گێل، کە ئیتر ناتوانێت گوێ لە هۆشداری بگرێت. |
دەشێت گەنجەکە لە بەندیخانەوە هاتبێتە دەرەوە هەتا ببێت بە پاشا، یاخود بە هەژاری لەو شانشینەدا لەدایک بووبێت. |
ڕوانیمە هەموو ئەو مرۆڤانەی کە بەسەر زەویدا هاتوچۆیان دەکرد پشتگیری گەنجەکەیان دەکرد کە جێگەی پاشاکەی گرتەوە. |
ئەو مرۆڤانەی کە هاتنە بەردەمی پاشا بێشومار بوون، بەڵام گەل دڵیان بەو پاشایە خۆش نەبوو. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە. |