فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: |
«ئەی کوڕی مرۆڤ، بە سەرۆکی سور بڵێ:”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”لەبەر لەخۆباییبوونەکەت گوتت:’من خوداوەندێکم، لەسەر تەختی خوداوەندیێتی دادەنیشم لەناو جەرگەی دەریاکان.‘بەڵام تۆ مرۆڤیت نەک خوداوەند، هەرچەندە وا بزانیت وەک خوداوەندێک دانایت. |
ئایا تۆ لە دانیال داناتری؟ هیچ نهێنییەک لێت ناشاردرێتەوە؟ |
بە دانایی و تێگەیشتنت سامانت بۆ خۆت دەست کەوت، زێڕ و زیوت لە گەنجینەکانت کۆکردەوە. |
بەهۆی شارەزایی زۆرت لە بازرگانی سامانەکەتت زیاد کرد، جا لەبەر دەوڵەمەندییەکەت لەخۆبایی بوویت. |
«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”وا دەزانیت کە دانایت، کە دانایی خوداوەندت هەیە، |
هەر لەبەر ئەوەش من بێگانە دەهێنمە سەرت، دڕندەترینی نەتەوەکان، شمشێرەکانیان هەڵدەکێشنە سەر جوانی و داناییەکەت، شکۆ درەوشاوەکەت دەبڕن. |
لەناو جەرگەی دەریاکان بە مردنی خوێناوی دەمریت، شۆڕت دەکەنەوە ناو جیهانی مردووان. |
ئایا لەبەردەم بکوژەکانت دەڵێیت:’من خوداوەندم‘؟ نەخێر، بەڵکو تۆ لەناو دەستی ئەوانە دایت کە دەتدەنە بەر شمشێر، تەنها مرۆڤیت، نەک خوداوەند. |
بە مردنی خەتەنە نەکراوان دەمریت، بە دەستی بێگانان. من بەڵێنم دا، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“» |
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: |
«ئەی کوڕی مرۆڤ، بۆ پاشای سور بلاوێنەوە و پێی بڵێ:”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”تۆ نموونەی تەواوەتی بوویت، پڕ لە دانایی و جوانی تەواو بوویت. |
لە عەدەنی بەهەشتی خودا بوویت، هەموو بەردێکی گرانبەها تۆی دەڕازاندەوە: یاقووت، یاقووتی زەرد، زمروود، زەبەرجەد، بەردی عاشقبەند، یەشب، یاقووتی شین، بەردە پیرۆزە و زمروودی سەوز. چواردەوری بەردە گرانبەهاکەت بە زێڕ نەخشێنرا بوو، لە ڕۆژی بەدیهێنانت ئامادە کران. |
تۆ کەڕوبی دەستنیشانکراو بوویت بۆ پاسەوانی، ئەم ئەرکەم بە تۆ سپاردبوو. تۆ لەسەر کێوی پیرۆزی خودا بوویت، بەناو بەردە ئاگرینەکاندا هاتوچۆت دەکرد. |
تۆ لە کردەوەکانت تەواو بوویت، لە ڕۆژی بەدیهێنانتەوە هەتا ئەو ڕۆژەی خراپەت تێدا بەدیکرا. |
بەهۆی فراوانبوونی بازرگانییەکەت، پڕ بوویت لە ستەم و گوناهت کرد. لەبەر ئەوە ئەی کەڕوبی پاسەوان، وەک گڵاوییەک لە کێوی خوداوە فڕێمدایت، لەناو بەردە ئاگرینەکاندا دەرمکردیت. |
لەبەر جوانییەکەت لەخۆبایی بوویت، لە پێناوی شکۆی خۆت داناییەکەتت بە گەندەڵی بەکارهێنا. لەبەر ئەوە فڕێمدایتە سەر زەوی، تۆم کرد بە دیمەنێک بۆ ئەوەی پاشایان تەماشات بکەن. |
لەبەر زۆری تاوانەکانت و ناپاکیت لە بازرگانییەکەت پیرۆزگاکانی خۆتت گڵاوکرد. لەبەر ئەوە ئاگرێکم داگیرساند لە تۆوە دەرچوو، تۆی هەڵلووشی، دەتکەمە خۆڵەمێش لەسەر زەوی، لەبەرچاوی هەموو ئەوانەی سەیریان دەکردیت. |
هەموو ئەوانەی لەنێو گەلان تۆیان ناسی واقیان لێت وڕدەمێنێت، چونکە بوویتە پەند و ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“» |
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: |
«ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە سەیدا بکە و پێشبینی لەسەر بکە، |
بڵێ:”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”ئەی سەیدا، من لە دژی تۆم و لەناوەڕاستی تۆدا شکۆمەندی خۆم دەردەخەم. کاتێک سزای ئەو دەدەم و پیرۆزی خۆم دەردەخەم، ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم. |
دەرد دەنێرمە سەری و خوێن بەناو کۆڵانەکانیدا دەڕوات. لە هەموو لایەکەوە شمشێر دێتە سەری و لەناوەڕاستیدا کوژراوەکان دەکەون، کە لە هەموو لایەکەوە دێتە سەری، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم. |
«”لەمەودوا ئەو گەلانەی کە لە دەوروبەری بنەماڵەی ئیسرائیلن، ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکەن بۆیان نابنە چقڵی چەقیو و دڕکی بە ئازار. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم. |
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک بنەماڵەی ئیسرائیل کۆدەکەمەوە، لەنێو ئەو گەلانەی کە بۆ ناویان پەرتەوازە بوون، لەبەرچاوی نەتەوەکان پیرۆزی خۆم لەنێویاندا دەردەخەم. ئیتر لە خاکەکەی خۆیاندا نیشتەجێ دەبن، ئەوەی دام بە یاقوبی بەندەی خۆم. |
ئینجا بە ئاسوودەیی تێیدا نیشتەجێ دەبن و خانوو بنیاد دەنێن و ڕەز دەچێنن. کاتێک سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە لە دەوروبەریان سووکایەتییان پێ کردن، بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، خودای ئەوانم.“» |