ئەو شەوە پاشا خەوی زڕا. فەرمانی دا پەڕتووکی پوختەی مێژووی بۆ بهێنن و بۆی بخوێننەوە. |
بینرا ئەوەی تێدا نووسراوە کە مۆردەخای لەبارەی بیگتانا و تەرەشەوە ئاشکرای کردبوو، دوو لەو ئەفسەرانەی پاشا، کە پاسەوانی دەروازەکە بوون و ویستیان دەستیان بۆ ئەحەشوێرۆش پاشا درێژ بکەن. |
پاشا پرسیاری کرد: «چ ڕێز و گەورەییەک بەرامبەر بەمە بۆ مۆردەخای کراوە؟» خزمەتکارەکانی پاشا ئەوانەی لەبەردەستی بوون گوتیان: «هیچی بۆ نەکراوە.» |
پاشا گوتی: «کێ لە دیوانەکەیە؟» لەو کاتەدا هامان هاتبووە ناو دیوانەکەی دەرەوەی کۆشکی پاشا، بۆ ئەوەی بە پاشا بڵێت مۆردەخای لەو دارە بدات کە بۆی ئامادە کردبوو. |
خزمەتکارەکانی پاشا وەڵامیان دایەوە: «وا هامان لە دیوانەکە ڕاوەستاوە.» پاشاش فەرمانی دا: «با بێتە ژوورەوە.» |
کە هامان هاتە ژوورەوە، پاشا لێی پرسی: «چی بۆ پیاوێک بکرێت پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت؟» هامان لە دڵی خۆیدا گوتی: «لە من زیاتر کێ هەیە پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت؟» |
ئیتر هامان وەڵامی پاشای دایەوە: «بۆ ئەو پیاوەی کە پاشا پێی خۆشە ڕێزی لێ بگرێت، |
با ئەو جلوبەرگە شاهانەیەی کە پاشا لەبەری دەکات و ئەو ئەسپەی کە پاشا سواری دەبێت، لەگەڵ ئەو تاجەی شاهانە کە لەسەر سەری ئەسپەکە دادەنرێت بهێنرێ. |
ئینجا با جلوبەرگەکە و ئەسپەکە بدرێنە پیاوێک لە میرانی سەرکردەی پاشا، بۆ ئەوەی لەبەری ئەو پیاوەی بکات کە پاشا پێی خۆشە ڕێزی لێ بگرێت، لە شەقامەکانی شار بە سواری ئەسپەکە بیگەڕێنن و لەبەردەمیەوە هاوار بکەن و بڵێن:”ئاوا بۆ ئەو پیاوە دەکرێت کە پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت!“» |
پاشا بە هامانی گوت: «بە پەلە بڕۆ هەروەک گوتت جلوبەرگ و ئەسپەکە ببە، هەموو ئەو شتانەی پێشنیارت کرد بۆ مۆردەخای جولەکە بیکە، ئەوەی لە دەروازەی پاشا دانیشتووە. هیچیان فەرامۆش مەکە لەوەی کە گوتت.» |
هامان جلوبەرگەکە و ئەسپەکەی برد. جلەکەی لەبەر مۆردەخای کرد و لە شەقامەکانی شار بە سواری ئەسپەکەی گەڕاندی، لەبەردەمی هاواری دەکرد و دەیگوت: «ئاوا بۆ ئەو پیاوە دەکرێت کە پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت!» |
پاشان مۆردەخای گەڕایەوە بۆ دەروازەی پاشا. بەڵام هامان خێرا بە لاواندنەوە و سەرشۆڕییەوە گەڕایەوە ماڵەکەی. |
هامان هەموو ئەوەی بەسەری هات بۆ زەرەشی ژنی و بۆ دۆستەکانی گێڕایەوە. ڕاوێژکارەکانی و زەرەشی ژنی پێیان گوت: «کەوتنی تۆ لەبەردەم مۆردەخای دەستی پێکرد. لەبەر ئەوەی ئەو لە ڕەچەڵەکی جولەکەیە، تۆ ناتوانیت لە دژی بووەستیتەوە، تۆ لەبەردەمی ئەو دەڕووخێیت!» |
لە کاتێکدا کە هێشتا قسەیان لەگەڵ دەکرد، کاربەدەستەکانی پاشا پەیدا بوون بۆ ئەوەی بە پەلە هامان ببەن بۆ ئەو خوانەی کە ئەستێر ئامادەی کردبوو. |