بەڵام تۆ دەبێت بە فێرکردنی دروست خەڵکی فێر بکەیت. |
پیرەمێردەکان فێر بکەن کە وریابن، بەڕێز، ژیر، دروست بن لە باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن. |
هەروەها پیرێژنەکان فێر بکەن کە بە ڕێزەوە بژین، بوختانکەر نەبن و خوو بە شەرابەوە نەگرن، بەڵکو شتی چاک فێری خەڵکی بکەن، |
تاکو ئامۆژگاری ژنە گەنجەکان بکەن کە مێرد و منداڵیان خۆشبوێت، |
ژیر و پاک بن، بە ماڵەوە سەرقاڵ بن، چاک بن و ملکەچی مێردەکانیان بن، نەوەک کفر بە وشەی خودا بکرێت. |
بە هەمان شێوە، هانی پیاوە گەنجەکان بدە ژیر بن. |
لە هەموو شتێکدا ببە بە نموونەیان بۆ چاکەکاری. لە فێرکردندا دروستی و دڵسۆزی پیشان بدە، |
با قسەت دروست بێت و ڕەخنەی لێ نەگیرێت، تاکو ناحەز شەرمەزار بێت، چونکە هیچی خراپ نادۆزێتەوە لە دژتان بیڵێت. |
کۆیلەکانیش لە هەموو شتێکدا ملکەچی گەورەکانیان بن، ڕازییان بکەن، بەرپەرچیان نەدەنەوە، |
هیچیان لێ نەدزن، بەڵکو ئەوپەڕی دەستپاکی پیشان بدەن، تاکو لە هەموو شتێکدا فێرکردنی خودای ڕزگارکەرمان بڕازێننەوە. |
نیعمەتی خودا دەرکەوت و ڕزگاری پێشکەشی هەموو خەڵک دەکات. |
ئەوەی فێرمان دەکات نکۆڵی لە خوانەناسی و هەوەسە دنیاییەکان بکەین، بە ژیری و ڕاستودروستی و لەخواترسی بژین لەم دنیایە، (aiōn g165) |
لە چاوەڕوانی هیوای بەرەکەتدار، دەرکەوتنی شکۆی خودای گەورە و ڕزگارکەرمان، عیسای مەسیح، |
ئەوەی بۆ ئێمە خۆی بەختکرد، تاکو لە هەموو سەرپێچییەک بمانکڕێتەوە و گەلێکی تایبەت بۆ خۆی پاک بکاتەوە، دڵگەرم بۆ چاکەکاری. |
ئەو شتانە فێری خەڵکی بکە، هانیان بدە و بە هەموو دەسەڵاتێک سەرزەنشتیان بکە. ڕێگا مەدە کەس بە کەمت بزانێت. |