بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، پاشا بە هێزی تۆ شادمان دەبێت. چەند دڵخۆشە بەو ڕزگارییەی پێت بەخشیوە! |
ئارەزووی دڵیت پێ بەخشیوە و لە داواکارییەکانی زمانیت ڕانەگرتووه. |
بە بەرەکەتێکی زۆرەوە پێشوازیت لێکرد و تاجێکی زێڕی بێگەردت لە سەری کرد. |
داوای ژیانی لێکردیت، پێت بەخشی، ڕۆژگاری درێژی هەتاهەتاییە. |
بەو ڕزگارییەی کە پێت داوە، شکۆمەندییەکەی مەزنە، تۆ شکۆمەندی و پایەبەرزیت پێ بەخشیوە. |
بێگومان بەرەکەتێکی بێ کۆتاییت داوەتێ، بە خۆشی دیداری خۆت شادی دەکەیت. |
پاشا پشت بە یەزدان دەبەستێت، بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودای هەرەبەرزە هەرگیز نالەقێت. |
دەستت بەسەر هەموو دوژمنەکانتدا دەڕوات، دەستی ڕاستت بەسەر ناحەزانت. |
کە دەردەکەویت وەک تەنوورێکی بڵێسەداریان لێ دەکەیت، لە تووڕەییدا یەزدان هەڵیاندەلووشێت، ئاگریش دەیانخوات. |
ڕەچەڵەکیان لەسەر زەوی لەناودەبەیت، نەوەیان لەناو ئادەمیزاد. |
هەرچەندە پیلانیان لە دژت دانا و بیریان لە خراپە کردەوە، سەرناکەون، |
چونکە تۆ وایان لێ دەکەیت ڕابکەن، کاتێک بە تیروکەوان نیشانیان لێ دەگریت. |
ئەی یەزدان، بە هێزی خۆت پایەبەرز بە، گۆرانی و ستایش بۆ توانای تۆ دەڵێین. |