هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: |
«فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە و پێیان بڵێ:”کاتێک ئێوە دەچنە ناو خاکی کەنعانەوە، ئەمە ئەو خاکەیە کە دەبێتە میراتتان، خاکی کەنعان بە سنوورەکانییەوە: |
«”لەلای باشووری ئێوە لە چۆڵەوانی چنەوە لەلای ئەدۆم دەبێت، سنووری باشوورتان لە ڕۆژهەڵات لە کۆتایی دەریای مردووەوە دەستپێدەکات. |
هەروەها سنوورەکە لە باشووری هەورازی دووپشکەوە بۆتان دەسووڕێتەوە و بەردەوام دەبێت هەتا چن و لە باشووری قادێش بەرنێعەوە هەتا حەچەر ئەدار دەچێت و تێدەپەڕێت بۆ عەچمۆن، |
لە عەچمۆنیش دەسووڕێتەوە و دەگاتە دۆڵی میسر، کۆتاییەکەی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست دەبێت. |
بەڵام سنووری ڕۆژئاوا، ئەوا دەریای سپی ناوەڕاست دەبێت. ئەمەیە سنووری ڕۆژئاواتان. |
بۆ دیاریکردنی سنووری باکوورتان، هێڵێک بکێشن لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە هەتا کێوی هۆر، |
هەروەها لە کێوی هۆرەوە هەتا دەروازەی حەمات. پاشان سنوورەکە دەچێت بۆ چەداد، |
بەردەوام دەبێت بۆ زیفرۆن و کۆتاییەکەی لە حەچەر عێینان دەبێت. ئەمە دەبێتە سنووری باکوورتان. |
هەروەها سنوور بۆ خۆتان دەکێشن بۆ ڕۆژهەڵات، لە حەچەر عێینانەوە هەتا شەفام. |
لە شەفامەوە بەرەو خوارەوە دەچێت هەتا ڕیڤلە لە ڕۆژهەڵاتی عەین. ئینجا سنوورەکە بەرەو خوارەوە دەچێت لە بناری کێوەکانی دەریاچەی جەلیل دەدات بەلای ڕۆژهەڵاتدا، |
پاشان سنوورەکە بە درێژایی کەناری ڕووباری ئوردون بەرەو خوارەوە دەچێت و کۆتاییەکەی لەلای دەریای مردوو دەبێت. «”ئەم خاکە بە سنوورەکانی و چواردەوریشییەوە بۆ ئێوە دەبێت.“» |
موساش فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و گوتی: «ئەمە ئەو خاکەیە کە بە تیروپشک میراتگری دەکەن، کە یەزدان فەرمانی دا بە نۆ هۆز و نیوەکە بدرێت، |
چونکە هۆزی نەوەی ڕەئوبێن بەگوێرەی بنەماڵەکانیان و هۆزی نەوەی گاد بەگوێرەی بنەماڵەکانیان و نیوەی هۆزی مەنەشە میراتی خۆیان وەرگرت. |
دوو هۆز و نیوەکە میراتی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لەلای ئەریحا بەرەو ڕۆژهەڵات وەرگرت.» |
هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: |
«ئەمە ناوی ئەو دوو پیاوەیە کە خاکەکەتان بۆ دابەش دەکەن، ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون، |
لە هەر هۆزێکیش ڕابەرێک دەبەن بۆ بەمیراتکردنی خاکەکە. |
«ئەمەش ناوی پیاوەکانە: «کالێبی کوڕی یەفونە لە هۆزی یەهودا؛ |
شەموئێلی کوڕی عەمیهود لە هۆزی نەوەی شیمۆن؛ |
ئەلیدادی کوڕی کیسلۆن لە هۆزی بنیامین؛ |
بوقی کوڕی یۆگلی، ڕابەر لە هۆزی نەوەی دان؛ |
حەنیێلی کوڕی ئێفۆد، ڕابەر لە هۆزی نەوەی مەنەشە، کوڕی یوسف؛ |
قەموئێلی کوڕی شیفتان، ڕابەر لە هۆزی نەوەی ئەفرایم، کوڕی یوسف؛ |
ئەلیچافانی کوڕی پەرناخ، ڕابەر لە هۆزی نەوەی زەبولون؛ |
پەلتیێلی کوڕی عەزان، ڕابەر لە هۆزی نەوەی یەساخار؛ |
ئەحیهودی کوڕی شەلۆمی، ڕابەر لە هۆزی نەوەی ئاشێر؛ |
پەدەهەئێلی کوڕی عەمیهود، ڕابەر لە هۆزی نەوەی نەفتالی.» |
ئەمانە ئەو کەسانەن کە یەزدان فەرمانی پێ کردن، هەتا میراتگیری خاکی کەنعان بۆ نەوەی ئیسرائیل دابەش بکەن. |