قوڕبەسەرت تێکدەر، کە خۆت تێکنەدراویت! قوڕبەسەرت تاڵانکەر، کە تاڵانیان نەکردوویت! کاتێک لە تێکدان تەواو دەبیت خۆت تێکدەدرێیت، کاتێک لە تاڵان بوویتەوە خۆت تاڵان دەکرێیت. |
ئەی یەزدان، لەگەڵماندا میهرەبان بە، هیوامان بە تۆیە. هەموو بەیانییەک ببە هێزمان و هەروەها ڕزگاریمان لە کاتی تەنگانەدا. |
لە نەڕەی دەنگت گەلان ڕایانکرد، کە ڕاپەڕیت نەتەوەکان پەرت بوون. |
ئەی نەتەوەکان، دەستکەوتەکانتان کۆ دەکرێنەوە وەک چۆن کوللە لە دەغڵ دەدات، وەک ڕەوە کوللە خەڵک ڕووتتان دەکەنەوە. |
یەزدان پایەبەرزە، چونکە نیشتەجێی بەرزاییە، سییۆن لە ڕاستودروستی و دادپەروەری پڕ دەکات. |
دەوڵەمەندی ڕزگاری، دانایی و زانین دەبێتە مایەی دڵنیای کاتەکانت. لەخواترسی کلیلی ئەو گەنجینەیە. |
ئەوەتا دلێرەکانیان لە دەرەوە دەقیژێنن، نێردراوانی ئاشتی بە تاڵی دەگرین. |
ڕێگاکان چۆڵ بوون، بڕانەوە ڕێبواران. پەیمان شکا و شایەتەکانی ڕەتکرانەوە و کەس بە هیچ دانانرێت. |
زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو، لوبنان ڕیسوا بوو، داڕزا، شارۆن وەک بیابانی عەراڤای لێهات، باشان و کارمەل ڕووتانەوە. |
یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا هەڵدەستم، ئێستا بە گەورە دەزانرێم، ئێستا بڵند دەکرێمەوە. |
بە گیا دووگیان دەبن و کاتان دەبێت، هەناسەتان ئاگرە و خۆتان دەخوات. |
گەلان دەبن بە گەچ، وەک چقڵی بڕاوە بە ئاگر دەسووتێنرێن.» |
ئەی دوورەکان گوێتان لێ بێت چیم کردووە، ئەی نزیکەکان هێزم بزانن! |
گوناهباران لە سییۆن تۆقین، گڵاوەکان لەرز دایگرتن: «کێ لە ئێمە لەناو ئاگری لووشدەر دەمێنێتەوە؟ کێ لە ئێمە لەناو سووتانی هەمیشەیی دەمێنێتەوە؟» |
ئەوەی بە ڕاستودروستی هەڵسوکەوت دەکات و ڕاستی دەڵێت، ئەوەی قازانجی زۆرداری ڕەت دەکاتەوە و دەست لە بەرتیل وەرگرتن دەشوات، ئەوەی لە بیستنی خوێنڕشتن گوێی خۆی کەڕ دەکات و لە بینینی خراپە چاوی خۆی دەنوقێنێت، |
ئەو لە بەرزایی نیشتەجێ دەبێت، قەڵای چیاکان پەناگایەتی، نانی دەدرێت و ئاوی مسۆگەرە. |
چاوت پاشا لە جوانی خۆیدا دەبینێت، سنوورێکی فراوان دەبینن. |
دڵت لە تۆقین ڕادەمێنێت: «کوا خامەی نهێنی و کوا باجگر؟ کوا بەرپرسی قوللەکان؟» |
ئیتر گەلی دڕندە نابینن، گەلێک قسەیان ئاڵۆزە بۆ بیستن، زمانیان گرانە تێیان ناگەیت. |
بڕوانە سییۆن شاری جەژنمان، چاوەکانت ئۆرشەلیم دەبینن، ماڵێکی ئاسوودە، چادرێک ناگوازرێتەوە. سنگەکانی هەرگیز هەڵناکەنرێن، هیچ کام لە گوریسەکانی ناپسێن. |
بێگومان لەوێ یەزدانی توانادار پشتگیرمان دەبێت. شوێنی ڕووبارەکان و کەناری جۆگە فراوانەکان دەبێت. کەشتی سەوڵدار پێیدا ناڕوات و کەشتی مەزن پێیدا تێناپەڕێت. |
یەزدان دادوەرمانە، یەزدان فەرزدانەرمانە، یەزدان پاشامانە، ئەو ڕزگارمان دەکات. |
گوریسەکانت شل بوون، بنکەی دار ئاڵای کەشتییەکەیان توند ناکەن، چارۆکە بڵاو ناکەنەوە. ئینجا دەستکەوتی زۆر دابەش کرا، شەلەکانیش تاڵانییان تاڵان کرد. |
دانیشتووی سییۆن ناڵێت، «نەخۆش کەوتم،» ئەو گەلەی تێیدا نیشتەجێیە تاوانەکانی بەخشراو دەبێت. |