لە پۆڵس و تیمۆساوسی بەندەکانی عیسای مەسیحەوە، بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا لە شاری فیلیپی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن، لەگەڵ چاودێران و خزمەتکاران: |
با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت. |
سوپاسی خودا دەکەم، هەر کاتێک یادتان بکەم. |
هەمیشە لە هەموو پاڕانەوەکانم بە خۆشییەوە بۆ هەمووتان داوا دەکەم، |
چونکە لە یەکەم ڕۆژەوە هەتا ئێستا بەشداریتان لە خزمەتی ئینجیلدا کردووە. |
لەمەشدا دڵنیام، خودا کە لە ئێوەدا ئەم ئیشە چاکەی دەستپێکردووە، هەتا ڕۆژی عیسای مەسیح تەواوی دەکات. |
کەواتە ئەمە ڕاستە سەبارەت بە هەمووتان ئەم هەستەم هەبێت، چونکە ئێوە لە دڵی مندان. ئەگەر بە کۆت و زنجیرەوە بم، یاخود لە کاتێکدا بەرگری لە پەیامی ئینجیل و چەسپاندنی دەکەم، هەمووتان لە نیعمەت لەگەڵم بەشدارن. |
خودا شایەتمە چەندە بە پەرۆشم بۆ هەمووتان بە سۆزی عیسای مەسیح. |
لە خودا دەپاڕێمەوە کە خۆشەویستیتان بە زانیاری و ئەوپەڕی تێگەیشتنەوە زیاتر و زیاتر بکات، |
تاکو باشترین شت جیا بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی مەسیح پاک و بێ گلەیی بن، |
تاکو پڕببن لە بەرهەمی ڕاستودروستی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بۆ شکۆ و ستایشی خودا. |
خوشکان، برایان، ئێستا دەمەوێ بزانن ئەوەی بەسەرم هات پەیامی ئینجیلی زیاتر بەرەو پێش برد، |
تەنانەت هەموو پاسەوانانی کۆشکی ئیمپڕاتۆر و هەموو لایەک بۆیان دەرکەوت کە من لە پێناوی مەسیحدا کۆت و بەند کراوم. |
مەسیحی باڵادەست بەهۆی کۆت و بەندی منەوە وای لە زۆربەی خوشک و برایان کردووە پشت بە ئەو ببەستن، تاکو بتوانن بوێرانەتر و بە چاونەترسییەوە پەیامەکەی ڕابگەیەنن. |
بێگومان هەندێک لەبەر ئیرەیی و ناکۆکی مزگێنیی مەسیح ڕادەگەیەنن، بەڵام هەندێکی دیکە بە خواستێکی باش. |
ئەوانەی لەبەر خۆشەویستی مزگێنی دەدەن، دەزانن لەبەر بەرگریکردنم لە پەیامی ئینجیل خراومەتە زیندان. |
ئەوانەی دیکە کە لە خۆپەرستییەوە مەسیح ڕادەگەیەنن، دڵسۆز نین، مەزەندە دەکەن بە کۆت و زنجیرەکەم حاڵم ناخۆشتر دەکەن. |
ئیتر چی؟ بەهەرحاڵ، بە ڕواڵەت بێت یان بە ڕاستی، مەسیح ڕادەگەیەنرێت، بەوەش دڵشادم. بەڵێ، زیاتریش دڵشاد دەبم، |
چونکە دەزانم لە ڕێگەی پاڕانەوەکانتان و پشتگیری ڕۆحی عیسای مەسیح ئەمە دەبێتە هۆی ئازادکردنم. |
بە پەرۆشەوە چاوەڕوان و ئومێدەوارم کە لە هیچ شتێکدا شەرمەزار نەبم، بەڵکو ورەم بەرز بێت بۆ ئەوەی ئێستاش وەکو هەمیشە مەسیح لە جەستەمدا پایەدار بێت، ئەگەر بە ژیان بێت یان بە مردن، |
چونکە بۆ من ژیان مەسیحە، مردنیش قازانج. |
بەڵام ئەگەر ژیانم لە جەستە بەردەوام بێت، خەریکی خزمەتێک دەبم کە بەرهەمی هەبێت. چی هەڵبژێرم؟ نازانم! |
لە دوو لاوە فشارم لەسەرە، حەز دەکەم ئەم ژیانە بەجێبهێڵم و لەگەڵ مەسیح بژیم، ئەوە زۆر باشترە، |
بەڵام مانەوەم بە جەستە بۆ ئێوە پێویستترە. |
دڵنیام و دەزانم کە لە ژیاندا دەمێنم و لەگەڵ هەمووتان بەردەوام دەبم، بۆ بەرەوپێشچوون و خۆشیتان لە باوەڕ، |
تاکو بەهۆی هاتنەوەی من بۆ لاتان شانازیتان بە عیسای مەسیح لە ڕێگەی منەوە زیاد بکات. |
تەنها بە شێوەیەک بژین کە شایستەی پەیامی ئینجیلی مەسیح بێت، تاکو کاتێک بێم و بتانبینم یان لەلاتان نەبم و هەواڵتان ببیستم، بزانم کە ئێوە لە یەک ڕۆحدا چەسپاون و بە یەک دڵ تێدەکۆشن لە پێناوی ئەو باوەڕەی کە لەسەر بناغەی پەیامی ئینجیلە، |
بەبێ ئەوەی لە هیچ شتێکی ڕکابەرەکانتان بترسن. ئەمە بەڵگەیە بۆ لەناوچوونیان، بەڵام ڕزگارییە بۆ ئێوە، ئەمەش لە خوداوەیە. |
چونکە خودا لەبەر مەسیح تەنها باوەڕهێنان بە ئەوی پێ نەبەخشیون، بەڵکو ئازار چێژتنیش لە پێناوی ئەو، |
لەبەر ئەوەی هەمان تێکۆشانتان هەیە، ئەوەی لە منتان بینیوە و ئێستا لە منی دەبیستن. |