ئایا دانایی بانگەواز ناکات؟ ئەی تێگەیشتن دەنگی خۆی هەڵنابڕێت؟ |
لەسەر لووتکەی بەرزاییەکان، لەسەر ڕێگاکان، لە چواڕیانەکان ڕادەوەستێت. |
لەلای دەروازەی شارەکان، لەبەردەم دەرگاکان، هاوار دەکات: |
«ئەی خەڵکینە، بۆ ئێوە بانگ دەکەم، دەنگم بۆ ئادەمیزادە. |
ساویلکەکان، فێری ژیری بن، گێلەکان، فێری تێگەیشتن بن. |
گوێ بگرن، چونکە باسی شتی بەرزتان بۆ دەکەم، کردنەوەی لێوەکانم بۆ ڕاستەڕێییە. |
ڕاستگۆیی وێردی دەممە، خراپەش قێزەونە بۆ لێوەکانم. |
قسەکانی دەمم هەموو ڕاستودروستن، هیچ فێڵ یان خواروخێچی تێدا نییە. |
هەموو ڕێکن لای کەسی تێگەیشتوو، ڕاستەڕێیە لای ئەوانەی زانیاری دەدۆزنەوە. |
تەمبێکردن لە من وەربگرن نەک زیو، زانیاریش زیاتر لە زێڕی پوختەکراو، |
چونکە دانایی لە یاقووت باشترە، هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای. |
«من داناییم، لەگەڵ ژیریدا نیشتەجێم، زانیاری و سەلیقەم هەیە. |
ئەوەی لەخواترس بێت، ڕقی لە خراپە دەبێت، من ڕقم لە لووتبەرزی و خۆبەزلزانییە، لە ڕێگای خراپ و لە قسەی بە فێڵە. |
ڕاوێژ و دانایی تەواو هی منن، تێگەیشتن هی منە، هێز هی منە. |
بە منەوە پاشاکان پاشایەتی دەکەن و فەرمانڕەوایان بە ڕاستودروستی یاسا دەردەکەن. |
بە منەوە میرەکان میرایەتی دەکەن، بەگەکان و هەموو ئەوانەی بە ڕاستودروستی دادوەری دەکەن. |
من ئەوانەم خۆشدەوێت کە منیان خۆشدەوێ، ئەوانەش کە بە پەرۆشەوە بەدوامدا دەگەڕێن، دەمدۆزنەوە. |
دەوڵەمەندی و ڕێزداری لەلای منە، ڕاستودروستی و ئەو سامانەی کە دەمێنێتەوە. |
بەرهەمی من لە زێڕ باشترە، لە زێڕی بێگەردیش، دەغڵیشم لە زیوی پوختەکراو باشترە. |
بە ڕێچکەی ڕاستودروستیدا دەڕۆم، لەسەر ڕێبازی دادپەروەری، |
تاکو سامان بکەمە میرات بۆ ئەوانەی منیان خۆشدەوێت و ئەمبارەکانیان پڕ بکەم. |
«یەزدان لە سەرەتای بەدیهێنانەکەی منی دروستکرد، هەر لە کۆنەوە لەپێش کارەکانی. |
لە ئەزەلەوە من دامەزراوم، لە سەرەتاوە، لەپێش زەوی. |
هێشتا زەریاکان نەببوون من بەدیهێنراوم، هێشتا کانییە پڕ ئاوەکان نەبوون. |
پێش ئەوەی چیاکان بچەسپێن، پێش گردەکان، من بەدیهێنراوم، |
هێشتا نە زەوی و نە پانتاییەکانی دروستکردبوو، نە سەرەتای خۆڵی زەوی. |
کاتێک کە ئاسمانی جێگیر کرد من لەوێ بووم، کاتێک کە هێڵی ئاسۆی بەسەر قووڵاییدا کێشا، |
کاتێک کە هەوری لە ئاسمان ڕاگرت و سەرچاوەی قووڵاییەکانی چەسپاند، |
کاتێک کە سنووری بۆ دەریا کێشا بۆ ئەوەی ئاوەکان فەرمانی ئەو نەشکێنن، کاتێک کە بناغەی زەوی داڕشت. |
لەگەڵ ئەو وەستایەکی لێزان بووم، ڕۆژبەڕۆژ شادمانی ئەو بووم، هەمیشە لەبەردەمیدا دڵخۆش بووم، |
لە زەوییە ئاوەدانەکەی دڵخۆش دەبووم، لەگەڵ ئادەمیزاد شادمان بووم. |
«ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن، خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی ڕێگای من دەپارێزن. |
گوێ لە تەمبێکردن بگرن و دانا بن، پشت گوێی مەخەن. |
خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی گوێم لێ دەگرێت، ڕۆژبەڕۆژ لەلای دەرگاکەم ئاگادارە، لەلای دەروازەی دەرگاکەم ئێشک دەگرێت، |
چونکە ئەوەی من بدۆزێتەوە، ژیان دەدۆزێتەوە، ڕەزامەندی یەزدانیش بەدەستدەهێنێت. |
بەڵام ئەوەی من نەدۆزێتەوە زیان بە خۆی دەگەیەنێت، هەموو ئەوانەی ڕقیان لە منە، مردنیان خۆشدەوێت.» |