چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە: |
«لەبەر جۆشانی ناخم، بیرکردنەوەکانم هانم دەدەن وەڵام بدەمەوە. |
گوێم لە سەرزەنشتەکانی تۆ دەبێت کە سووکایەتیم پێ دەکەیت، ڕۆحی تێگەیشتنم وام لێ دەکات وەڵام بدەمەوە. |
«ئایا لە کۆنەوە ئەمەت نەزانیوە، لەو کاتەوەی مرۆڤ لەسەر زەوی دانراوە؟ |
هاواری خۆشی خراپەکاران کورتە و خۆشی خوانەناس بۆ ساتێکە. |
هەرچەندە لووتبەرزی خوانەناس بگاتە ئاسمان و سەریشی لە هەور بدات، |
بەڵام وەک تەپاڵە خۆی بۆ هەتاهەتایە لەناودەچێت و ئەوانەی بینیویانە دەڵێن:”کوا؟“ |
وەک خەون دەفڕێت و ئیتر نامێنێت، وەک مۆتەکەیەک دەردەکرێت. |
چاوێک کە بینیویەتی دیسان نایبینێتەوە، جارێکی دیکە شوێنەکەشی نابینرێت. |
کوڕەکانی هەوڵ دەدەن هەژاران ڕازی بکەن؛ دەستەکانی سامانەکەی دەدەنەوە. |
ئێسکەکانی پڕ لە گەنجیێتین، بەڵام ئەو گەنجیێتییە لەگەڵیدا لەناو خاک ڕادەکشێت. |
«کە خراپە لەناو دەمی شیرین بێت و لەژێر زمانی بیشارێتەوە، |
دڵی پێی سووتاو و بەجێی نەهێشت، بەڵکو لەناو گەرویدا بەندی کرد، |
بەڵام نانەکەی لەناو ڕیخۆڵەکانی دەگۆڕێت، دەبێتە تاڵی ژەهری مار لەناو سکی. |
سامانێکی قووت دا و دەیڕشێنێتەوە؛ خودا لەناو سکی وەدەری دەنێت. |
ژەهری مار دەمژێت؛ زمانی مار دەیکوژێت. |
جۆگەکان نابینێت، ڕووبارە ڕۆیشتووەکانی هەنگوین و قەیماغ. |
بەری ماندووبوونەکەی دێنێتەوە و قووتی نادات، لە قازانجی بازرگانییەکەی خۆشی نابینێت. |
لەبەر ئەوەی هەژارانی وردوخاش کرد و بەجێی هێشتن؛ دەستی بەسەر ماڵێکدا گرت کە بنیادی نەنابوو. |
«بێگومان لە ناخیدا نەیزانی بەس چییە؛ ئەوەی ئارەزووی دەکات دەربازی ناکات. |
خواردنەکەی پاشماوەی نییە؛ ئیتر خێروخۆشییەکەی بەردەوام نابێت. |
لەوپەڕی سەڵتەنەتیدا تووشی تەنگانە دەبێت، دەستی هەموو ڕەنجدەرێکی دێتە سەر. |
لە کاتێکدا سکی خۆی پڕ دەکات، خودا گڕی تووڕەیی خۆی بۆ دەنێرێت و وەکو باران بەسەریدا دەیبارێنێت. |
لە چەکی ئاسنەوە ڕادەکات و تیری بڕۆنز دەیبڕێت. |
تیرەکەی ڕاکێشا و لە پشتییەوە هاتە دەرەوە، نووکی بریسکەدار زراوی بڕی. ترسی بەسەرەوەیە؛ |
هەموو تاریکییەک بۆ گەنجینەکانی شاردراوەتەوە. ئاگرێک دەیخوات فووی لێ نەکراوە، ئەوەی لە چادرەکەی مابێتەوە لووشی دەدات. |
ئاسمان تاوانەکەی ئاشکرا دەکات، زەوی لێی ڕادەپەڕێت. |
لەو ڕۆژەی کە خودا تووڕەییەکەی دەبارێنێت، لافاوێک ماڵەکەی دەبات. |
ئەمە بەشی کەسی خراپە لە خوداوە، میراتی دیاریکراوە لە خوداوە.» |