پاش ئەم شتانە و لە سەردەمی پاشایەتی ئەرتەحشەستەی پاشای فارس، عەزرا کە کوڕی سەرایا کوڕی عەزەریا کوڕی حیلقیا |
کوڕی شەلوم کوڕی سادۆق کوڕی ئەحیتوڤ |
کوڕی ئەمەریا کوڕی عەزەریا کوڕی مەرایۆت |
کوڕی زەرەحیا کوڕی عوزی کوڕی بوقی |
کوڕی ئەبیشوەع کوڕی فینەحاس کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی سەرۆک کاهین بوو، |
ئەم عەزرایە لە بابلەوە سەرکەوت. مامۆستایەکی بە توانا بوو لە تەوراتی موسا، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پێیدابوو. پاشاش هەموو ئەوەی داوای کردبوو پێیدابوو، چونکە یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەگەڵی بوو. |
هەندێک لە نەوەی ئیسرائیل و لە کاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و پاسەوان و خزمەتکارانی پەرستگا لەگەڵی بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوتن، لە ساڵی حەوتەمی ئەرتەحشەستەی پاشا. |
عەزرا لە مانگی پێنج لە ساڵی حەوتەمی پاشادا گەیشتە ئۆرشەلیم. |
لە یەکی مانگی یەکەوە دەستی پێکردبوو لە بابلەوە سەربکەوێت و لە یەکی مانگی پێنجدا گەیشتە ئۆرشەلیم، بەپێی ئەوەی دەستی چاکەی خوداکەی لەسەری بوو، |
چونکە عەزرا خۆی تەرخان کردبوو بۆ خوێندنی تەوراتی یەزدان و کارکردن پێی، بۆ ئەوەی ئیسرائیل فێری فەرز و دادوەری بکات. |
ئەمەش وێنەی ئەو نامەیەیە کە ئەرتەحشەستەی پاشا دایە عەزرای کاهین و مامۆستای شەریعەت، کە شارەزای بابەتەکانی فەرمان و فەرزەکانی یەزدان بۆ ئیسرائیل بوو: |
لە ئەرتەحشەستەی پاشای پاشایانەوە، بۆ عەزرای کاهین و مامۆستای تەوراتی خودای ئاسمان. پاش سڵاو. |
لەلایەن منەوە فەرمانێک دەرچووە کە هەرکەسێک لەناو پاشایەتییەکەی من لە گەلی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکان بیەوێت لەگەڵ تۆ بگەڕێتەوە ئۆرشەلیم با بگەڕێتەوە. |
تۆ لەلایەن پاشا و حەوت ڕاوێژکارەکەیەوە نێردراویت بۆ ئەوەی لە یەهودا و ئۆرشەلیم بکۆڵیتەوە، بەگوێرەی تەوراتی خوداکەت کە بە دەستتەوەیە. |
هەروەها نێردراویت بۆ بردنی ئەو زێڕ و زیوەش کە پاشا و ڕاوێژکارەکانی بە ئازادی بەخشیویانە بە خودای ئیسرائیل، ئەوەی نشینگەکەی لە ئۆرشەلیمە، |
لەگەڵ هەموو ئەو زێڕ و زیوەش کە لە هەرێمی بابل بە دەستت دەکەوێت، هەروەها بەخشینە ئازادەکانی گەل و کاهینەکان کە دەیبەخشن بە پەرستگای خودای خۆیان لە ئۆرشەلیم. |
دڵنیابە لەوەی بەم زیوە گا و بەران و بەرخی نێر لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب بکڕیت و لەسەر قوربانگاکەی پەرستگای خوداتان کە لە ئۆرشەلیمە پێشکەشیان بکەیت. |
هەرچی خۆت و برا جولەکەکانت پێتان باش بوو بە پاشماوەی زێڕ و زیوەکە بیکەن، بەپێی خواستی خودای خۆتان بکەن. |
ئەو قاپوقاچاغەش کە بۆ خزمەتی پەرستگای خوداکەت پێت دەدرێت، لەبەردەم خودای ئۆرشەلیم دایبنێ. |
پاشماوەی پێویستییەکانی پەرستگای خوداکەت کە بۆت ڕێک دەکەوێت بیدەیت، ئەوا لە گەنجینەکانی پاشاوە بیدە. |
لە من، لە ئەرتەحشەستەی پاشاوە، فەرمان دەرچووە بۆ هەموو گەنجینەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات کە هەرچی عەزرای کاهین و مامۆستای تەوراتی خودای ئاسمان داواتان لێ دەکات، با بە وردی جێبەجێ بکرێت، |
هەتا سەد تالنت زیو و سەد کۆر گەنم و سەد بەت شەراب و سەد بەت زەیت و خوێش بەبێ سنوور. |
هەرچی خودای ئاسمان فەرمانی پێداوە بە وردی بۆ پەرستگای خودای ئاسمان جێبەجێ بکرێت، چونکە بۆچی تووڕەیی لەسەر شانشینی پاشا و کوڕەکانی بێت؟ |
هەروەها پێتان ڕادەگەیەنین کە هەموو کاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و دەرگاوان و خزمەتکارانی پەرستگا و خزمەتکارانی ئەم ماڵەی خودا، ڕێ نادرێت سەرانە و باج و گومرگیان لەسەر بێت. |
تۆش ئەی عەزرا، بەپێی دانایی خوداکەت کە هەتە، قازی و دادوەر دابنێ بۆ ئەوەی دادپەروەری بکەن بۆ هەموو ئەو گەلەی هەرێمی ئەوبەری فورات، لە هەموو ئەوانەی فێرکردنەکانی خودات دەزانن، ئەوانەش کە نایزانن، فێریان بکەن. |
هەرکەسێکیش کار بە فێرکردنەکانی خوداکەت و فێرکردنەکانی پاشا نەکات، با بە دڵنیاییەوە حوکمی بەسەردا بدرێت، بە سزای مردن یان دوورخستنەوە یان سزای دارایی یان زیندانی. |
ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانمان کە ئەم شتەی خستە دڵی پاشاوە بۆ شکۆدارکردنی ماڵی یەزدان، ئەوەی لە ئۆرشەلیمە. |
لەبەردەم پاشا و ڕاوێژکارەکانی و لەبەردەم هەموو کاربەدەستە توانادارەکانی پاشا بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دایپۆشیم، منیش بەهۆی ئەو پشتگیرییەی یەزدانی پەروەردگارم بەهێز بووم، جا لە ئیسرائیل ڕابەرەکانم کۆکردەوە تاوەکو لەگەڵم سەربکەون. |