کاتێک دەچن بۆ ئەوەی لە دژی دوژمنەکانتان بجەنگن، ئەسپ و گالیسکە و سوپایەکی لە خۆتان زۆرترتان بینی، لێیان مەترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتانە کە لە خاکی میسرەوە دەریهێنان. |
کاتێک لە جەنگ نزیک دەکەونەوە کاهینەکە دێتە پێش و وتار بۆ گەل دەدات، |
پێیان دەڵێت: «ئەی ئیسرائیل گوێ بگرە، ئێوە ئەمڕۆ لە جەنگ لە دژی دوژمنەکانتان نزیک بوونەتەوە، ورەتان نەڕووخێت، لێیان مەترسن و مەتۆقن و سام نەتانگرێت، |
چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان دەڕوات، هەتا بۆ ئێوە لە دژی دوژمنەکانتان بجەنگێت و سەرکەوتووتان بکات.» |
ئینجا کوێخاکان قسە بۆ گەل دەکەن و دەڵێن: «کێ خانووێکی نوێی بنیاد ناوە و نەیکردووەتەوە، با بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە بیکاتەوە. |
کێ ڕەزەمێوێکی چاندووە و لە یەکەم بەری نەخواردووە؟ با بڕوات و بگەڕێتەوە ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە یەکەم بەری بخوات. |
کێ ژنێکی مارە کردووە و نەیگواستووەتەوە، با بڕوات و بگەڕێتەوە ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە بیگوازێتەوە.» |
ئینجا دووبارە کوێخاکان قسە بۆ گەل دەکەن و دەڵێن: «کێ دەترسێت و ورەی ڕووخاوە؟ با بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، نەوەک دڵی براکانیشی بتۆقێت وەک خۆی.» |
کاتێک کوێخاکان لە قسەکردن لەگەڵ گەل تەواو دەبن، فەرماندەکان بۆ سوپا دادەنێن. |
کاتێک لە شارێک نزیک دەبنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بجەنگن، بانگی بکەن بۆ ڕێککەوتن. |
جا ئەگەر بۆ ئاشتبوونەوە وەڵامی دانەوە و دەرگای بۆ کردنەوە، ئەوا هەموو ئەو گەلەی تێیدان بۆ ئێوە بێگاری و کارت بۆ دەکەن. |
بەڵام ئەگەر ئاشتییان نەویست و لە دژتان جەنگان ئەوا ئابڵوقەی بدەن. |
کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەوی دایە دەستتان، ئەوا بە شمشێر لە هەموو پیاوەکانی بدەن، |
بەڵام ئافرەت و منداڵ و ئاژەڵی ماڵی و هەموو شتێکی دیکە کە لەناو شارەکەیە، هەموو تاڵانکردنەکە دەبێتە دەستکەوتتان، ئەو دەستکەوتانەی دوژمنانتان بەکاردەهێنن کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دا. |
ئاوا دەکەن بە هەموو ئەو شارانەی زۆر لە ئێوە دوورن، ئەوانەی لە شارەکانی ئەم گەلانەی ئێرە نین. |
بەڵام شارەکانی ئەم گەلانەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، هیچ هەناسەیەکی لێ مەهێڵنەوە. |
بەڵکو بە تەواوی لەناویان ببەن، حیتی و ئەمۆری و کەنعانی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن، |
نەوەک فێرتان بکەن وەک هەموو نەریتە قێزەونەکانیان بکەن کە ئەوان بۆ خوداوەندەکانیان دەیکەن، ئێوەش سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان تووشی گوناه دەبن. |
ئەگەر بۆ چەندین ڕۆژ ئابڵوقەی شارێکتان دا، جەنگتان لە دژی بەرپا کرد هەتا بیگرن، دارەکان بە تەور لەناو مەبەن و مەیانبڕنەوە، چونکە دەتوانن لە بەروبوومیان بخۆن. ئایا داری ڕەز مرۆڤە تاکو ئابڵوقەی بدەیت؟ |
بەڵام ئەو دارانەی کە دەزانن لێیان ناخورێن، ئەوا دەتوانن ئەوانە تێکبدەن و بیانبڕنەوە بۆ دروستکردنی سەنگەر لە دژی ئەو شارەی کە جەنگتان لەگەڵ دەکات هەتا دەکەوێت. |