بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، لە کەسی بەدکار دەربازم بکە، لە پیاوی توندوتیژ بمپارێزە، |
ئەوانەی لە دڵەوە بیر لە خراپە دەکەنەوە و هەموو ڕۆژێک خەریکی شەڕانگێزین. |
زمانیان وەک زمانی مار تیژکردووە، ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە. |
ئەی یەزدان، لە دەست بەدکار ئاگادارم بە، لە پیاوی توندوتیژ بمپارێزە، ئەوانەی پیلانیان داناوە بۆ ئەوەی قاچم بخلیسکێنن. |
لووتبەرزان تەڵەیان بۆم ناوەتەوە، پەت و تۆڕیان بڵاو کردووەتەوە، لە دەم ڕێگا داویان بۆم ناوەتەوە. |
بە یەزدانم گوت: «تۆ خودای منی!» ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی پاڕانەوەم بگرە. |
ئەی یەزدانی پەروەردگار، هێزی ڕزگاریم، لە ڕۆژی شەڕدا سەری منت داپۆشی. |
ئەی یەزدان، ئارەزووەکانی بەدکار مەهێنە دی، لێمەگەڕێ پیلانەکانی سەربگرێت، بۆ ئەوەی لووتبەرز نەبن. |
با سەری ئەوانەی دەوریان داوم بە خراپەی لێویان بپۆشرێن، |
با پشکۆیان بەسەردا ببارێت، بکەونە ناو ئاگرەوە، بکەونە ناو چاڵەوە، ڕاست نەبنەوە. |
با بوختانکەر لەسەر زەوی جێگیر نەبێت، با کەسی توندوتیژ ببێتە نێچیری خراپە. |
دەزانم یەزدان دادپەروەری دەکات بۆ هەژاران، ماف دەدات بە نەداران. |
بێگومان ڕاستودروستان ستایشی ناوت دەکەن، سەرڕاستان لە ئامادەبوونت دادەنیشن. |