بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود، گۆرانییەک. ئەی خودایە، ستایشکردن لە سییۆن شایانی تۆیە، نەزرەکانمان بۆ تۆ بەجێدەهێنین. |
ئەی ئەوەی گوێت لە نوێژ دەبێت، هەموو کەس بۆ لای تۆ دێت. |
کاتێک گوناه بەسەرماندا زاڵ بوو، تۆ کەفارەتی یاخیبوونەکانی ئێمەت کرد. |
خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هەڵیاندەبژێریت و نزیکیان دەکەیتەوە بۆ ئەوەی لە حەوشەی ماڵەکەت بژین! تێر بووین لە چاکی ماڵەکەت، لە پەرستگای پیرۆزی تۆ. |
بە سامناکی ڕاستودروستی وەڵاممان دەدەیتەوە، ئەی خودای ڕزگارکەرمان، ئەی ئەوەی دانیشتووانی سەراپای زەوی و دەریا دوورەکان پشتت پێ دەبەستن، |
کە بە هێزی خۆت چیاکانت دامەزراندووە، بە توانا خۆتت چەکدار کردووە، |
کە هەڵچوونی دەریاکان هێمن دەکەیتەوە، هەڵچوونی شەپۆلەکانیان، هەروەها ئاژاوەی گەلان. |
ئەوانەی لەوپەڕی جیهان دەژین، لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەترسن. لە شوێنی دەرکەوتنی بەرەبەیان و ئاوابوونی ئێواران، گۆرانی شادمانییان پێ دەڵێیت. |
بایەخ بە زەوی دەدەیت و ئاوی دەدەیت، زۆر بەپیت و فەڕی دەکەیت، جۆگەکانی خودا پڕ ئاون، دەغڵودانیان ئامادە دەکەیت، چونکە بەم شێوەیە ڕێکت خستووە. |
هێڵی جووتەکانی تێر ئاو دەکەیت و تەخت و ڕێکیان دەکەیت، بە لێزمەی باران پاراوی دەکەیت و بەروبوومیان بەرەکەتدار دەکەیت. |
بە چاکەی خۆت تاج دەخەیتە سەر ساڵ و ڕێڕەوەکانت چەوری لێ دەچۆڕێت. |
لەوەڕگاکانی دەشتودەر پڕ دەبن، ناوقەدی گردەکان بە شادی دەبەستییەوە. |
مێرگەکان بە ڕانە مەڕ و مێگەل دادەپۆشرێن، دەغڵودان دەبن بە کەوای دۆڵەکان، لە شادمانیدا هاوار دەکەن و گۆرانی دەڵێن. |