گوێ بگرن لەوەی یەزدان دەفەرموێت: «هەستە، بڕۆ لەلای چیاکانەوە سکاڵا بکە، با گردەکان گوێیان لێبێت کە چی دەڵێیت. |
«ئەی چیاکان، گوێ لە سکاڵای یەزدان بگرن، ئەی بناغە هەمیشەییەکانی زەوی، ئێوەش گوێ بگرن! چونکە سکاڵای یەزدان لە گەلەکەیەتی، داواکەی لە دژی ئیسرائیلە. |
«ئەی گەلەکەم، چیم لێت کردووە؟ بە چی نیگەرانم کردوویت؟ وەڵامم بدەوە! |
من لە خاکی میسرەوە دەرمهێنایت، لە خاکی کۆیلایەتی تۆم کڕییەوە. من موسام بۆ ناردی ڕابەرایەتیت بکات، هەروەها هارون و مریەمیش. |
ئەی گەلەکەم، بیهێنەرەوە یادت بالاقی پاشای مۆئاب پیلانی چی گێڕا و بەلعامی کوڕی بەعۆر چی وەڵام دایەوە. گەشتەکەت لە شەتیمەوە تاکو گلگال بهێنەرەوە یادت، تاکو کارە ڕاستودروستەکانی یەزدان بزانیت.» |
بە چی بچمە بەردەمی یەزدان و بۆ خودای پایەبەرز بچەمێمەوە؟ ئایا بە قوربانی سووتاندن بچمە بەردەمی، بە گوێرەکەی تەمەن یەک ساڵە؟ |
ئایا یەزدان بە هەزاران بەران و بە دەیان هەزار ڕووبار لە ڕۆن ڕازی دەبێت؟ ئایا نۆبەرەکەم لە جیاتی یاخیبوونەکەم بدەم، بەری لەشم لە جیاتی گوناهی خۆم؟ |
ئەی مرۆڤ، یەزدان پێی ڕاگەیاندیت کە چی چاکە و داوای چیت لێدەکات: دادوەری بەجێبهێنە و حەزت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بێت و بە بێفیزی لەگەڵ خوداکەت هاتوچۆ بکەیت. |
ئەگەر ئێوە دانان لە ناوی خودا بترسن! دەنگی یەزدان بانگەواز بۆ شارەکە دەکات: «ئەی گەل و ئەوانەی لە شار کۆدەبنەوە، گوێ بگرن! |
ئەی ماڵی خراپەکار، ئایا هێشتا گەنجینەی داهاتی ناڕەواییتان لەبیر دەکەم؟ ئایا ئێفەی ناتەواو کە نەفرەت لێکراوە لەیادی دەکەم؟ |
ئایا ئەوانەی تەرازوویان درۆیە بێتاوانیان دەکەم، ئەوانەی فێڵ لە توورەکەی کێش دەکەن؟ |
دەوڵەمەندەکانی ستەمکارن، دانیشتووانەکەشی قسەی درۆ دەکەن و بە زمانیان فێڵ دەکەن. |
لەبەر ئەوە خەریکم سزاتان دەدەم، لەبەر گوناهەکانتان وێرانتان دەکەم. |
ئێوە دەخۆن و تێر نابن، گەدەتان هەردەم بەتاڵ دەبێت. ئەمبار دەکەن، بەڵام هیچ نامێنێتەوە، چونکە ئەوەی مایەوە دەیدەمە شمشێر. |
ئێوە دەچێنن و نادورنەوە، زەیتوون دەگوشن و بە ڕۆنەکەی خۆتان چەور ناکەن، ترێ دەگوشن و لە شەرابەکەی ناخۆنەوە، |
چونکە فەرزەکانی عۆمری و هەموو نەریتەکانی بنەماڵەی ئەحاڤتان بەجێهێناوە و ڕێگای ڕاوێژەکانی ئەوانتان گرتووەتەبەر. لەبەر ئەوە وێرانتان دەکەم و دانیشتووانەکەت دەکەمە مایەی گاڵتەجاڕی و تانە و تەشەری نەتەوەکان.» |