ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: |
«لەناو دەروازەی ماڵی یەزدان بوەستە و لەوێ ئەم پەیامە ڕابگەیەنە و بڵێ: «”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی هەموو گەلی یەهودا، ئەوانەی لەم دەرگایە بۆ کڕنۆش بردن بۆ یەزدان دێنە ژوورەوە. |
یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ڕێگا و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە و منیش لەم شوێنەدا نیشتەجێتان دەکەم. |
پشت بەم قسە هەڵخەڵەتێنەرە مەبەستن، بڵێن:’ئەمە پەرستگای یەزدانە، پەرستگای یەزدانە، پەرستگای یەزدانە!‘ |
چونکە ئەگەر بە تەواوی ڕێگا و کردەوەکانی خۆتان چاککردەوە، ئەگەر لەنێو خۆتان بە تەواوی دادپەروەری پەیڕەو بکەن، |
ئەگەر ستەم لە نامۆ و هەتیو و بێوەژن نەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان نەڕێژن، ئەگەر دوای خوداکانی دیکە نەکەون کە بۆ خراپەی خۆتانە، |
ئەوا من لەم شوێنەدا نیشتەجێتان دەکەم، لەو خاکەی لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە بە باوباپیرانتانم داوە. |
بەڵام ئێوە پشتتان بە قسەی هەڵخەڵەتێنەر بەستووە کە بێ سوودە. |
«”ئایا وا دەزانن دەتوانن بدزن، بکوژن، داوێنپیسی بکەن، سوێند بە درۆ بخۆن، بخوور بۆ بەعل بسووتێنن و دوای خوداکانی دیکە بکەون کە نایانناسن، |
ئینجا بێن و لەبەردەمم لەم ماڵە بوەستن کە ناوی منی هەڵگرتووە و بڵێن:’ئێمە پارێزراوین.‘ئایا پارێزراون بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئەم هەموو کارە قێزەونانە؟ |
ئایا ئەم ماڵەی ناوی منی هەڵگرتووە، لەبەرچاوی ئێوە بووە بە ئەشکەوتی دزان؟ ئەوەتا خۆم بینیومە.“ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
«یەزدان دەفەرموێت:”ئێستا بڕۆنە شوێنەکەم کە لە شیلۆیە، ئەوەی سەرەتا ناوی خۆمم لەوێ نیشتەجێ کرد، ببینن لەبەر خراپەی ئیسرائیلی گەلی خۆم چیم لێکردووە. |
ئێستاش لەبەر ئەوەی ئێوە ئەم کردەوانەتان کردووە، من پێشوەخت چەند جارێک قسەم لەگەڵتان کرد، بەڵام گوێتان نەگرت. بانگم کردن، بەڵام وەڵامتان نەدایەوە. |
لەبەر ئەوە، چیم بە شیلۆم کرد، ئاوا بەو پەرستگایە دەکەم کە ناوی منی هەڵگرتووە کە ئێوە پشتتان پێی بەستووە، ئەو شوێنەی دامە ئێوە و باوباپیرانتان. |
لەبەردەمم دەرتاندەکەم، وەک چۆن براکانتانم دەرکرد، هەموو نەوەی ئەفرایم.“ |
«تۆش نزا بۆ ئەم گەلە مەکە، لەبەر ئەوان نوێژ و نزا بەرز مەکەوە و لێم مەپاڕێوە، چونکە گوێت لێ ناگرم. |
ئایا نابینیت لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم چی دەکەن؟ |
منداڵان دار کۆدەکەنەوە، باوکان ئاگر دەکەنەوە و ژنان هەویر دەشێلن، بۆ ئەوەی کولێرە بۆ شاژنی ئاسمان دروست بکەن. شەرابی پێشکەشکراو بۆ خوداکانی دیکە دەڕێژن بۆ ئەوەی پەستم بکەن. |
بەڵام ئایا ئەم پەستکردنە لە دژی منە؟ ئایا زیان بە خۆیان ناگەیەنن، بۆ شەرمەزاری ڕووی خۆیان؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا تووڕەیی و هەڵچوونی من بەسەر ئەم شوێنەدا هەڵدەڕژێت، بەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ و درەختی کێڵگە و بەروبوومی زەوی، گڕ دەگرێت و ناکوژێتەوە. |
«”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: قوربانی سووتاندنەکانتان بخەنە سەر قوربانییە سەربڕدراوەکانتان و فەرموون گۆشت بخۆن، |
چونکە کاتێک لە خاکی میسرەوە باوباپیرانی ئێوەم دەرهێنا لەگەڵیان دوام، تەنها سەبارەت بە قوربانی سووتاندن و سەربڕاو فەرمانم پێ نەکردن، |
بەڵکو فەرمانی ئەم شتەم پێ کردن و فەرمووم:’گوێم لێ بگرن، من دەبم بە خودای ئێوە و ئێوەش دەبن بە گەلی من، بە هەموو ئەو ڕێگایەدا دەڕۆن کە فەرمانتان پێ دەکەم بۆ ئەوەی بۆتان چاک بێت.‘ |
بەڵام گوێیان نەگرت و گوێیان شل نەکرد، بەڵکو بە ڕاوێژ و کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆیان ڕێگایان گرتەبەر، جا دواکەوتن و پێش نەکەوتن. |
لەو ڕۆژەوە کە باوباپیرانتان خاکی میسریان بەجێهێشت هەتا ئەمڕۆ، من بەردەوام یەک لەدوای یەک بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ناردوون. |
بەڵام گوێیان لێ نەگرتم و گوێیان شل نەکرد و کەللەڕەقییان کرد، لە باوباپیرانیان زیاتر خراپەیان کرد.“ |
«جا تۆش بە هەموو ئەم پەیامە لەگەڵیان دەدوێیت، گوێت لێ ناگرن، بانگیان دەکەیت، وەڵامت نادەنەوە. |
لەبەر ئەوە پێیان دەڵێیت:”ئەمە ئەو نەتەوەیەیە کە گوێیان لە یەزدانی پەروەردگاریان نەگرت و تەمبێ نەبوون، ڕاستی نەماوە، لە دەمیان بڕاوەتەوە. |
قژت ببڕە و فڕێیبدە، لەسەر گردۆڵکەکان شیوەن بگێڕە، چونکە یەزدان ڕەتی کردووەتەوە و وازی لەم نەوەیە هێناوە کە تووڕەییەکەی لەسەریەتی.“ |
«یەزدان دەفەرموێت:”نەوەی یەهودا لەبەرچاوم خراپەیان کردووە، بتە قێزەونەکانیان لەناو ئەو ماڵە دانا کە ناوی منی هەڵگرتووە، بەمە گڵاوییان کرد. |
هەروەها نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکانی تۆفەت بنیاد ناوە، ئەوەی لە دۆڵی بەنهینۆمە بۆ سووتاندنی کوڕەکانیان و کچەکانیان بە ئاگر کە من نە فەرمانم پێکردووە و نە بەخەیاڵمدا هاتبوو. |
یەزدان دەفەرموێت: لەبەر ئەوە، ئاگاداربن! سەردەمێک دێت ئیتر پێی ناگوترێ تۆفەت یان دۆڵی بەنهینۆم، بەڵکو دۆڵی کوشتن، چونکە لە تۆفەت دەنێژرێن هەتا شوێنی نامێنێت. |
تەرمی ئەم گەلە دەبێتە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی، کەسیش نییە بیانڕەوێنێتەوە. |
دەنگی شادی و دەنگی خۆشی، دەنگی زاوا و دەنگی بووک، لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم ناهێڵم، چونکە خاکەکە وێران دەبێت.“ |