ئەوەتا پاشایەک بە ڕاستودروستی پاشایەتی دەکات و میرانیش بە دادوەری سەرۆکایەتی دەکەن، |
مرۆڤ وەک حەشارگەیەک دەبێت لە ڕووی با و وەک چەتر لە ڕووی لێزمەی باران، وەک جۆگەی ئاو لە شوێنێکی وشکدا و وەک سێبەری تاشەبەردێکی گەورە لە خاکی ماندووبووندا. |
چاوی بینەران کز نابێت و گوێی گوێگرەکان دەبیستێت. |
دڵی هەڵەشەکان دەزانن و تێدەگەن و زمانی زمانگرانەکان بە ڕوونی و ڕەوانی دەدوێن. |
ئیتر گێل بانگ ناکرێت، ڕێزدار، بە فێڵبازیش ناگوترێت، خانەدان، |
چونکە گێل بە گێلی دەدوێت و دڵیشی خراپە دەکات، بۆ ئەوەی گڵاوی ئەنجام بدات، لە دژی یەزدان بوختان هەڵدەبەستێت، بۆ ئەوەی برسی تێر نەبێت و تینوو لە خواردنەوە بێبەش بێت. |
ڕێبازی فێڵبازیش خراپە و پیلانی بەدکاری دەگێڕێت، هەتا بە قسەی درۆ کڵۆڵان تەفروتونا بکات ئەگەر قسەی نەدارانیش ڕاست بێت. |
بەڵام ڕێزدار بە ڕێزداری پلان دادەنێت و لەسەر ڕێزیش جێگیر دەبێت. |
ئەی ئافرەتە لەخۆڕازییەکان، هەستن گوێ لە دەنگی من بگرن! ئەی کیژە دڵنیاکان، گوێ شل بکەن بۆ قسەی من! |
ئەی دڵنیاکان، ڕۆژانێک پتر لە یەک ساڵ لەرز دەتانگرێت، چونکە ڕەزچنین بەسەرچوو و کۆکردنەوە نایەت. |
ئەی ئافرەتە لەخۆڕازییەکان، بلەرزن! ئەی کیژە دڵنیاکان لەرز بتانگرێت! جلتان دابکەنن و خۆتان ڕووت بکەنەوە، گوش لە کەمەرتان ببەستن. |
لە سنگی خۆتان بدەن بۆ کێڵگە بەردارەکان، بۆ ڕەزی بەردار، |
بۆ خاکی گەلەکەم دڕکوداڵ دەڕوێت، بەڵێ، بۆ هەموو ماڵە شادەکان، بۆ شارە گەشاوەکە. |
بێگومان کۆشک چۆڵ دەکرێت، شاری قەرەباڵغ چۆڵ دەبێت، قەڵا و قوللەی چاودێری لەگەڵ زەوی تەخت دەبن بۆ هەتاهەتایە، دەبن بە سەیرانگای کەرەکێوییەکان، لەوەڕگا بۆ مێگەلەکان، |
بۆ ئەوەی لە بەرزاییەوە ڕۆحی خودا بەسەرماندا بڕژێت، جا چۆڵەوانی دەبێت بە باخ و باخیش بە دارستان دادەنرێت. |
جا دادپەروەری لە چۆڵەوانی نیشتەجێ دەبێت و ڕاستودروستیش لەناو باخ دادەنیشێت. |
جا ئەنجامدانی ڕاستودروستی ئاشتی دەبێت و کاری ڕاستودروستیش ئارامی و ئاسوودەیی هەتاهەتایی. |
ئینجا گەلی من لە ئاشتی و ئاوەدانی نیشتەجێ دەبێت و لە نشینگەی ئاسوودەیی و شوێنی پشوودانەکانیان بە ئارامی. |
تەرزە دەبارێت و دارستانەکان دەکوتێت، شارەکە بە تەواوی دەکەوێنێت، |
بەڵام خۆزگە بە خۆتان کاتێک تۆو لەدەم هەموو ئاوەکان دەچێنن و گا و گوێدرێژەکانتان دەلەوەڕن. |