لە پۆڵسەوە، ئەوەی نە لەلایەن خەڵک و نە بەهۆی مرۆڤێکەوە نێردراوە، بەڵکو لەلایەن عیسای مەسیح و خودای باوکەوە، کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، |
هەروەها هەموو ئەو برایانەی لەگەڵمدان، بۆ ئەو کڵێسایانەی لە گەلاتیان: |
با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت، |
ئەوەی لە پێناوی گوناهەکانمان خۆی بەخشی، تاکو بەگوێرەی خواستی خودای باوکمان، لەم دنیایە خراپەی ئێستا ڕزگارمان بکات. (aiōn g165) |
هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە. ئامین. (aiōn g165) |
پێم سەیرە چۆن وا بە خێرایی، لەوەی بە نیعمەتی مەسیح بانگی کردوون، بۆ مزگێنییەکی دیکە وەردەگەڕێن! |
مزگێنییەکی دیکە بوونی نییە، بەڵکو هەندێک کەس دەیانەوێت سەرتان لێ بشێوێنن و پەیامی مزگێنیی مەسیح بگۆڕن. |
بەڵام تەنانەت ئەگەر ئێمە یان فریشتەی ئاسمان مزگێنییەکمان پێدان، جگە لەو مزگێنییەی ئێمە پێمان دان، با نەفرەتی لێ بێت. |
وەک پێشتر پێمان گوتوون ئێستاش پێتان دەڵێمەوە: ئەگەر کەسێک مزگێنییەکی پێدان جگە لەوەی پەسەندتان کردووە، با نەفرەتی لێ بێت. |
ئایا ئێستا بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵک هەوڵ دەدەم، یاخود ڕەزامەندی خودا؟ یان ئایا داوای ئەوە دەکەم خەڵک ڕازی بکەم؟ ئەگەر هەتا ئێستا خەریکی ڕازیکردنی خەڵک بوومایە، ئەوا نەدەبوومە بەندەی مەسیح. |
پێتان دەڵێم، خوشکان، برایان، ئەو پەیامەی ئینجیل کە جاڕم بۆی داوە، لە مرۆڤەوە نییە. |
لە کەسیشم وەرنەگرتووە و فێریش نەکراوم، بەڵکو بە ئاشکراکردنی عیسای مەسیح وەرمگرتووە. |
بێگومان سەربوردەی منتان بیستووە لە جولەکایەتی، کە چۆن دڕندانە کڵێسای خودام چەوساندەوە و هەوڵم دا لەناوی ببەم. |
لە جولەکایەتی پێش زۆربەی خەڵک کەوتم لە نەوەی خۆم، زۆر دڵگەرمتر بووم لەوان بۆ دابونەریتی باوکان. |
بەڵام کاتێک خودا کە لە سکی دایکمەوە تەرخانی کردم، بە نیعمەتی خۆی بانگی کردم، خۆشحاڵ بوو |
کوڕەکەی لە مندا دەربکەوێت، تاکو لەناو نەتەوە ناجولەکەکاندا مژدە بدەم. لەو کاتەدا دەستبەجێ ڕاوێژم بە کەس نەکرد، |
سەرنەکەوتمە ئۆرشەلیم بۆ لای ئەوانەی پێش من نێردراو بوون، بەڵکو ڕۆیشتم بۆ عەرەبستان و دیسان گەڕامەوە دیمەشق. |
ئینجا دوای سێ ساڵ سەرکەوتمە ئۆرشەلیم، بۆ ئەوەی پەترۆس بناسم، پازدە ڕۆژ لای ئەو مامەوە. |
بەڵام جگە لە یاقوبی برای عیسای خاوەن شکۆ هیچ نێردراوێکی دیکەم نەبینی. |
خودا دەزانێت ئەوەی بۆتان دەنووسم درۆ نییە. |
دوایی چوومە هەرێمەکانی سوریا و کیلیکیا، |
بەڵام هێشتا لەلای کڵێساکانی یەهودیا کە سەر بە مەسیحن بە ڕوخسار نەناسراو بووم، |
تەنها بیستبوویان: «ئەوەی جاران ئێمەی دەچەوساندەوە، ئێستا مژدەی ئەو باوەڕە دەدات، کە جاران لەناوی دەبرد.» |
ئیتر بەهۆی منەوە ستایشی خودایان دەکرد. |