کەسی دوورەپەرێز دوای ئارەزووی خۆی کەوتووە، بە ڕووی هەموو داناییەکی تەواودا دەتەقێتەوە. |
گێل خۆشی لە تێگەیشتن نابینێت، بەڵکو بە پەخشکردنی ئەوەی لە دڵیدایە. |
بە هاتنی خراپەکار سووکایەتیش دێت، لەگەڵ شەرمەزاریش ڕیسوایی. |
قسەی دەمی مرۆڤ ئاوێکی قووڵە، بەڵام سەرچاوەی دانایی کانیاوێکی هەڵقوڵاوە. |
نە لایەنگری خراپەکار باشە، نە بێبەشکردنی ڕاستودروست لە دادپەروەری. |
لێوەکانی کەسی گێل دەیهێننە ناو ناکۆکییەوە، دەمی بانگی لێدان دەکات. |
دەمی گێل دەبێتە هۆی لەناوچوونی، لێوەکانیشی تەڵەن بۆ گیانی. |
قسەکانی دەمشڕ وەک پارووی بەتامە، شۆڕ دەبێتەوە ناو ورگ. |
ئەوەی سست بێت لە کارەکەی برای وەستای وێرانکردنە. |
ناوی یەزدان قوللەیەکی بەهێزە، کەسی ڕاستودروست بۆ ئەوێ ڕادەکات و پەناگیر دەبێت. |
سامانی دەوڵەمەند شاری قەڵابەندیەتی، وەک شوورایەکی بڵندە بە خەیاڵی ئەو. |
پێش شکستهێنان دڵی مرۆڤ بەفیزە، بەڵام پێش ڕێزلێنان بێفیزە. |
ئەوەی وەڵامی شتێک بداتەوە پێش بیستنی دەبێتە مایەی گێلایەتی و شەرمەزاری بۆی. |
ڕۆحی مرۆڤ بەرگەی نەخۆشی دەگرێت، بەڵام ڕۆحی تێکشکاو کێ بەرگەی دەگرێت؟ |
دڵی پیاوی تێگەیشتوو زانیاری وەردەگرێت، گوێی دانایانیش داوای زانینی لێ دەکات. |
دیاری مرۆڤ ڕێگای خۆش دەکات و بەرەو ئامادەبوونی گەورە پیاوانی دەبات. |
ئەوەی یەکەم جار سکاڵا بکات لەوە دەچێت ڕاست بێت، هەتا نزیکەکەی دێت و لێی دەکۆڵێتەوە. |
تیروپشک ناکۆکی دەبڕێنێتەوە و بەهێزەکان لە یەکتر جیا دەکاتەوە. |
خراپە دەرهەق بە برا، ئاشتکردنەوەی لە شاری قەڵابەند سەختترە، ناکۆکیش وەک شمشیرەی دەروازەی قەڵایە. |
لە بەروبوومی دەمی مرۆڤ سکی تێردەبێت، لە دروێنەی لێوەکانی خۆی تێر دەخوات. |
مردن و ژیان بە دەست زمانە، ئەوەی حەزی لێی بێت بەروبوومەکەی دەخوات. |
ئەوەی ژنێکی دەست بکەوێت خێرێکی دەست دەکەوێت، ڕەزامەندی یەزدانیش بەدەستدەهێنێت. |
هەژار بۆ بەزەیی دەپاڕێتەوە، بەڵام دەوڵەمەند بە ڕەقی وەڵام دەداتەوە. |
پیاو برادەری زۆر بێت خۆی گرفتار دەکات، بەڵام دۆستێک هەیە لە برا نزیکترە. |