ئیبراهیم ژنێکی دیکەی هێنا کە ناوی قەتورە بوو. |
لەویش زیمران، یۆقشان، مەدان، میدیان، یەشباق و شوەحی بوو. |
یۆقشان باوکی شەبا و دیدان بوو. وەچەکانی دیدانیش، ئەشووری و لەتوشی و لەئومییەکان بوون. |
کوڕەکانی میدیانیش عێفا، عێفەر، حەنۆک، ئەبیداع و ئەلداعە بوون. هەموو ئەمانە نەوەی قەتورە بوون. |
ئیبراهیم هەرچی ماڵوموڵکی هەبوو دایە ئیسحاق، |
بەڵام کاتێک هێشتا لە ژیاندا بوو، دیاری بەو کوڕانەی دا کە لە کەنیزەکانی بوون و بەرەو خاکی ڕۆژهەڵات ناردنی، دوور لە ئیسحاقی کوڕی. |
ئیبراهیم سەد و حەفتا و پێنج ساڵ ژیا. |
ئینجا ئیبراهیم لە تەمەنێکی باشی پیریدا، دواهەناسەی دا و مرد، پیرەمێردێکی تێر لە ژیان خواردوو، ئیتر چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. |
هەردوو کوڕەکەشی، ئیسحاق و ئیسماعیل، باوکیان لە ئەشکەوتەکەی مەخپێلە کە بەرامبەر مەمرێیە و لە کێڵگەکەی عەفرۆنی کوڕی چۆحەری حیتیدایە، بە خاک سپارد. |
ئیبراهیم ئەو کێڵگەیەی لە حیتییەکان کڕیبوو. لەوێ ئیبراهیم لەگەڵ سارای ژنی بە خاک سپێردرا. |
دوای مردنی ئیبراهیم، خودا ئیسحاقی کوڕی بەرەکەتدار کرد. ئیسحاقیش لەلای بیری لەحەی ڕۆئییەوە نیشتەجێ بوو. |
ئەمانەش نەوەکانی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمن کە هاجەری میسری، کەنیزەکەی سارا، بۆ ئیبراهیمی بوو. |
ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسماعیلن، ناویان بەپێی لەدایکبوونیان: نەبایۆت کە نۆبەرەی ئیسماعیل بوو، هەروەها قێدار، ئەدبەئێل، میبسام، |
میشماع، دوما، مەسسا، |
حەدەد، تێما، یەتور، نافیش و قێدما. |
ئەمانە کوڕەکانی ئیسماعیل بوون، هەروەها ناوی دوازدە میرە خێڵەکییەکەن بەپێی هەوار و خێوەتگاکانیان. |
ئیسماعیل سەد و سی و حەوت ساڵ ژیا، ئینجا دواهەناسەی دا و مرد و چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. |
نەوەکانی ئیسماعیل لە حەڤیلاوە هەتا شوور نیشتەجێ بوون، لە نزیک سنووری میسر لەسەر ڕێگای ئەشوور. ئەوان دژی هەموو براکانیان بوون. |
ئەمانەش نەوەکانی ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیمن. ئیبراهیم ئیسحاقی بوو. |
ئیسحاق تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک ڕڤقەی کچی بتوئێلی ئارامی کە خوشکی لابانی ئارامی بوو لە پەدان ئارامەوە هێنای تاکو ببێتە ژنی. |
ئیسحاق لە پێناو ژنەکەی لە یەزدان پاڕایەوە، چونکە نەزۆک بوو. یەزدانیش وەڵامی دایەوە و ڕڤقەی ژنی سکپڕ بوو. |
هەردوو کوڕەکە لە سکیدا ململانێی یەکتریان دەکرد، ئەویش گوتی: «بۆچی ئەمە لە من ڕوودەدات؟» ئیتر چوو هەتا پرسیار لە یەزدان بکات. |
یەزدانیش پێی فەرموو: «دوو نەتەوە لە منداڵدانتن، دوو گەل لە هەناوتەوە لە یەک جیا دەبنەوە، گەلێکیان لە گەلەکەی دیکە بەهێزتر دەبێت، گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.» |
کە ڕۆژانی خۆی تەواو کرد و هاتە سەر منداڵبوون، بێگومان دووانەیەک لە منداڵدانی بوو. |
ئەوەیان کە یەکەم جار لەدایک بوو سوور بوو، هەموو لەشی وەک کەوڵێکی تووکن وابوو، بۆیە ناویان لێنا عیسۆ. |
دوای ئەم براکەی لەدایک بوو، کە بە دەستی پاژنە پێی عیسۆی گرتبوو، بۆیە ناویان لێنا یاقوب. ئیسحاق لە تەمەنی شەست ساڵیدا بوو کاتێک ڕڤقە ئەمانی بوو. |
هەردوو کوڕەکە گەورە بوون. عیسۆ بووە ڕاوکەرێکی شارەزا و پیاوی دەشتودەر، بەڵام یاقوب پیاوێکی لەسەرخۆ و چادرنشین بوو. |
ئیسحاق عیسۆی زیاتر خۆشدەویست، چونکە حەزی لە گۆشتی نێچیر بوو، بەڵام ڕڤقە یاقوبی زیاتر خۆشدەویست. |
ڕۆژێک یاقوب چێشتی لێدەنا، عیسۆ لە دەشتودەر هاتەوە و پەکی کەوتبوو. |
عیسۆ بە یاقوبی گوت: «هەندێکم لەو چێشتە سوورە بدەرێ! پەکم کەوتووە.» لەبەر ئەمەیە ناوی لێنرا ئەدۆم. |
یاقوبیش گوتی: «تۆش ئەمڕۆ نۆبەرایەتییەکەی خۆتم پێ بفرۆشە.» |
عیسۆ گوتی: «من وا خەریکە دەمرم، ئیتر نۆبەرایەتیم بۆ چییە؟» |
بەڵام یاقوب گوتی: «ئادەی ئەمڕۆ سوێندم بۆ بخۆ.» ئەویش سوێندی بۆ خوارد و نۆبەرایەتییەکەی خۆی فرۆشتە یاقوب. |
ئینجا یاقوب نان و نیسکی دایە عیسۆ. ئیتر عیسۆ خواردی و خواردیەوە، پاشان هەستا و ڕۆیشت. بەو شێوەیە عیسۆ سووکایەتی بە نۆبەرایەتی کرد. |