بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ کوڕانی قۆرەح. گۆرانییەک بە شێوەی عەلامۆت. خودا پەناگا و هێزمانە، لە تەنگانەدا بەهاناوە دێت. |
بۆیە ترسمان نییە ئەگەر زەویش بلەرزێت، ئەگەر چیاکانیش بکەونە ناو قووڵایی دەریاکانەوە، |
ئەگەر ئاوەکەشی بجۆشێت و کەف بکات، چیاکانیش لە سەرکێشی ئەو بلەرزن. |
ڕووبارێک هەیە جۆگەکانی شاری خودا شاد دەکات، ئەو شوێنە پیرۆزەی کە هەرەبەرز تێیدا نیشتەجێیە. |
خودا لەناوەڕاستدایە، بۆیە هەرگیز ناکەوێت، لەگەڵ بەرەبەیاندا خودا بەهاناوە دێت. |
نەتەوەکان هەڵدەچن و شانشینەکان دەکەون، خودا دەنگی بەرز دەکاتەوە و زەوی دەتوێتەوە. |
یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە، خودای یاقوب پەناگامانە. |
وەرن سەیری کردارەکانی یەزدان بکەن، ئەو وێرانکارییەکانی بەسەر زەویدا هێناوە. |
جەنگەکان ڕادەگرێت هەتا ئەوپەڕی جیهان، کەوانەکان دەشکێنێت و ڕمەکان پارچەپارچە دەکات، گالیسکەکان بە ئاگر دەسووتێنێت. |
«هێوربنەوە، بزانن کە من خودام، لەنێو نەتەوەکان پایەم بەرز دەبێتەوە، لەسەر زەوی بەرز دەبمەوە.» |
یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە، خودای یاقوب پەناگامانە. |