«”کاتێک خاکەکە وەک میرات دابەش دەکەن، پارچەیەک لە خاکەکە زەوییەکی تەرخانکراو دەبێت و پێشکەش بە یەزدانی دەکەن، درێژی بیست و پێنج هەزار باڵ و پانی بیست هەزار باڵ دەبێت. هەموو سنووری چواردەوری تەرخان دەکرێت. |
لەمە پارچەیەکی چوار گۆشە بۆ پیرۆزگا دەبێت، پێنج سەد باڵ بە پێنج سەد باڵ و پەنجا باڵیش لە چواردەوری زەوییەکی کراوە دەبێت. |
لەم پێوانەیە بە درێژی بیست و پێنج هەزار باڵ و پانی دە هەزار باڵ دەپێویت، پیرۆزگاکە و شوێنە هەرەپیرۆزەکەشی لەناویدا دەبێت. |
بەشە تەرخانکراوەکەی خاکەکە بۆ کاهینەکان دەبێت کە خزمەتی پیرۆزگا دەکەن، ئەوانەی نزیک دەبنەوە بۆ پەرستنی یەزدان، هەروەها شوێنی تێدا دەبێت بۆ ماڵەکانیان و شوێنی تایبەتیش بۆ پەرستگا. |
بیست و پێنج هەزار باڵیش بە درێژی و دە هەزار باڵ بە پانی بۆ لێڤییەکان کە خزمەتی پەرستگا دەکەن، وەک شارۆچکە بۆ نیشتەجێبوونیان دەبێتە موڵک. |
«”بە شارەکەش پارچەیەک زەوی دەدەن وەک موڵکی خۆی، پێنج هەزار باڵ پانی و بیست و پێنج هەزار باڵ درێژی دەبێت بە تەریبی بەشە تەرخانکراوەکە، جا بۆ هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل دەبێت. |
«”بەشە زەوی میریش لەلای ڕۆژهەڵات و لەلای ڕۆژئاوا بە تەریبی بەشە تەرخانکراوەکە و موڵکی شارەکە دەبێت. لە سنووری ڕۆژهەڵاتی بەشە تەرخانکراو و موڵکی شارەکەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دەریای مردوو، هەروەها لە سنووری ڕۆژئاوای بەشە تەرخانکراو و موڵکی شارەکەشەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست. |
ئەم بەشە زەوییە لە خاکی ئیسرائیلدا بۆ میر دەبێت بە موڵک، لەمەودوا میرەکانم ستەم لە گەلەکەم ناکەن و بەگوێرەی هۆزەکانیان زەوییەکە بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەدەن. |
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی میرانی ئیسرائیل ئیتر بەسە! تاڵانی و توندوتیژی لەنێو خۆتان مەهێڵن و دادوەری و ڕاستودروستی جێبەجێ بکەن. واز بهێنن لە ستەمکردن لە گەلەکەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. |
تەرازووی تەواو و ئێفەی تەواو و بەتی تەواویان بۆ بەکاربهێنن. |
ئێفە و بەت یەک ئەندازەیان هەبێت، با بەت دەیەکی حۆمەر و ئێفە دەیەکی حۆمەر بێت. ئەندازەیان بەپێی حۆمەر دەبێت. |
شاقلیش بیست جیرە دەبێت، شەست شاقل دەکاتە یەک مەنا، لەلای ئێوە وا دەبێت. |
«”لەسەر ئەم بنچینەیەش دیارییە تایبەتییەکانتان پێشکەش دەکەن: یەک لە شەستی دروێنەی گەنم و جۆیەکەت، |
فەرزی زەیتی زەیتوونیش لە سەدا یەکی بەرهەمی دار زەیتوونەکانتان دەدەن. بەگوێرەی بەت بیانپێوە: دە بەت حۆمەرێکە، یەک حۆمەریش دەکاتە یەک کۆر. |
هەروەها لە هەر مێگەلێکی دوو سەد سەر مەڕی لە لەوەڕگا باشەکانی ئیسرائیل مەڕێک دەبەن، دەیانکەنە پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی بۆ کەفارەت بۆ گەل. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. |
ئەمە دیاری تایبەتە بە میری فەرمانڕەوای ئیسرائیل، کە لەسەر هەموو گەلی خاکەکە فەرز دەبێت. |
لە سەرەمانگ و ڕۆژانی شەممە و هەموو جەژنەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل دەبێت میر قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب دابین بکات، هەر ئەویش قوربانی گوناه و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی دابین دەکات، هەموو ئەمانەش بۆ کەفارەتکردنە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل. |
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لە مانگی یەک، لە یەکی مانگدا، جوانەگایەکی ساغ دەبەیت و پیرۆزگا پاک دەکەیتەوە. |
کاهین لە خوێنی قوربانی گوناهەکە دەبات و لە چوارچێوەی دەروازەی پیرۆزگا و لە هەر چوار گۆشەکەی لێواری سەرەوەی قوربانگا و لە چوارچێوەی دەروازەکانی حەوشەکەی ناوەوەی دەدات. |
هەروەها لە حەوتی مانگیشدا بە هەمان شێوە دەکەیت بۆ هەرکەسێک کە بەبێ ئەنقەست یان بە نەزانی گوناهی کرد، بەم جۆرە کەفارەت بۆ پەرستگاکە دەکەن. |
«”لە چواردەی مانگی یەکدا، ئەمە ڕۆژی پەسخەیە، بۆ ئێوە دەبێت بە جەژن، حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن. |
لەو ڕۆژەدا میر بۆ خۆی و بۆ هەموو گەلی خاکەکە جوانەگایەک دەکات بە قوربانی گوناه. |
هەروەها میر لە حەوت ڕۆژەکەی جەژنیشدا قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان دەکات، حەوت جوانەگا و حەوت بەرانی ساغ هەموو ڕۆژێکی ئەو حەوت ڕۆژە، هەر ڕۆژەش گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناهە. |
پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەش یەک ئێفە بۆ هەر جوانەگایەک و یەک ئێفە بۆ هەر بەرانێک و بۆ هەر ئێفەیەکیش یەک هەین زەیت پێشکەش دەکات. |
«”ئەو جەژنەی کە لە پازدەی مانگی حەوتدا دەستپێدەکات، حەوت ڕۆژ دەبێت، هەروەها بە هەمان شێوە میر هەڵدەستێت بە دابینکردنی قوربانی گوناه، قوربانی سووتاندن، پێشکەشکراوی دانەوێڵە و زەیت. |