بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودە. ئەی خودایە، گوێ لە دەنگی سکاڵام بگرە، ژیانم لە مەترسی دوژمنانم بپارێزە. |
لە پیلانی بەدکاران بمشارەوە، لە کۆمەڵی خراپەکاران. |
کە زمانی خۆیان وەک شمشێر تیژ کردووە، قسە تاڵەکانیان وەک تیری هاوێژراوە. |
لە بۆسەکانیانەوە تیر لە کەسی بێ کەموکوڕی دەگرن، لەناکاو تێی دەگرن و ناترسن. |
بۆ کاری خراپە یەکتری هاندەدەن، دەربارەی شاردنەوەی داوەکانیان دەدوێن، دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟» |
تەگبیر بۆ تاوان دەکەن، دەڵێن: «پیلانێکی تەواومان داڕشت!» بێگومان دڵ و دەروونی مرۆڤ قووڵە. |
بەڵام خودا تیریان تێدەگرێت، لەناکاو برینداریان دەکات. |
زمان درێژییان دەبێتە هۆی کەوتنیان، هەرکەسێک کە دەیانبینێت سەری بادەدات. |
هەموو ئادەمیزاد دەترسن، کاری خودا ڕادەگەیەنن و بیردەکەنەوە لەوەی کە کردی. |
با ڕاستودروستان بە یەزدان دڵخۆش بن و پەنا ببەنە بەر ئەو، با هەموو دڵڕاستان ستایشی بکەن! |