ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، پاش ئەوەی نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لە ڕامە یەرمیای بەڕەڵا کرد، کە بینیبووی یەرمیا بە زنجیر بەند کراوە و لەنێو هەموو ڕاپێچکراوەکانی ئۆرشەلیم و یەهودایە کە بۆ بابل ڕاپێچ کراون. |
فەرماندەی پاسەوانانی پاشا یەرمیای برد و پێی گوت: «یەزدانی پەروەردگارت سەبارەت بەم شوێنە ئەم بەڵایەی فەرموو. |
ئێستاش یەزدان ئەنجامی دا، هەروەک فەرمووی کردی. هەموو ئەو شتانەتان لەبەر ئەوە بەسەرهات گوناهتان کرد لە دژی یەزدان و گوێڕایەڵی نەبوون. |
ئەمڕۆ من ئازادت دەکەم لەو سندمانەی بەدەستتەوەیە. جا ئەگەر پێت باشە لەگەڵم بێیتە بابل، وەرە و منیش چاوم لێت دەبێت. بەڵام ئەگەر حەز ناکەیت، مەیێ. تەماشا بکە، هەموو خاکەکە لەبەردەمتە، جا کوێت پێ باشە و بۆت دەگونجێ، بڕۆ ئەوێ.» |
بەڵام بەر لە گەڕانەوەی یەرمیا، نەبوزەرەدان گوتی: «بگەڕێوە لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافان، ئەوەی پاشای بابل بەسەر شارۆچکەکانی یەهوداوە دایناوە، لەنێو خەڵکەکە لەلای ئەو بمێنەوە، یانیش هەرکوێیەک پێت باشە و بۆت دەگونجێ بڕۆ ئەوێ.» پاشان فەرماندەی پاسەوانانی پاشا توێشو و دیارییەکی پێیدا و بەڕەڵای کرد. |
یەرمیاش هاتە لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام لە میچپا و لەلای ئەو مایەوە، لەناو ئەو خەڵکەی لە خاکەکەدا مابوونەوە. |
کاتێک هەموو سەرلەشکرەکان، ئەوانەی لەناو کێڵگەکان بوون، خۆیان و پیاوەکانیان بیستیان کە پاشای بابل گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کردووە بە فەرمانڕەوای خاکەکە و سەرپەرشتیاری ژن و پیاو و منداڵان، ئەو هەژارانەی خاکەکە کە بۆ بابل ڕاپێچ نەکراون، |
هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهو. ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، یۆحانان و یۆناتانی کوڕانی قارێیەح، سەرایای کوڕی تەنحومەت، کوڕەکانی عێفەیی نەتۆفایی و یازەنیاهوی کوڕی مەعکاتی، خۆیان و پیاوەکانیان. |
گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانیش سوێندی بۆ ئەوان و پیاوەکانیان خوارد، پێی گوتن: «مەترسن لەوەی خزمەتی بابلییەکان بکەن. لە خاکەکە نیشتەجێ بن و خزمەتی پاشای بابل بکەن، ئەوەی باشە بۆتان دەبێت. |
منیش لە میچپا دادەنیشم، بۆ ئەوەی لەبەردەم ئەو بابلییانە نوێنەرایەتی ئێوە بکەم کە دێنە لامان. بەڵام ئێوە شەراب و هەنجیر و زەیت کۆبکەنەوە، بیخەنە ناو کۆڵەبارەکانتانەوە، لەو شارۆچکانەی گرتووتانە نیشتەجێ بن.» |
کاتێک هەموو ئەو جولەکانەی لە مۆئاب و لەنێو عەمۆنییەکان و لە ئەدۆم و ئەوانەی لە هەموو خاکەکانی دیکە بوون، بیستیان کە پاشای بابل پاشماوەی بۆ یەهودا هێشتووەتەوە، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانی کردووە بە فەرمانڕەوایان، |
هەموو جولەکەکان لە هەموو ئەو شوێنانەی پەرتەوازە بوون بۆی گەڕانەوە، هاتنەوە خاکی یەهودا، بۆ لای گەدەلیاهو لە میچپا. شەراب و هەنجیرێکی گەلێک زۆریان کۆکردەوە. |
ئینجا یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان کە لە کێڵگەکان بوون هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهو، |
پێیان گوت: «ئایا تۆ نازانیت کە بەعلیسی پاشای عەمۆنییەکان، ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆی ناردووە تۆ بکوژێت؟» بەڵام گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام باوەڕی پێ نەکردن. |
ئینجا یۆحانانی کوڕی قارێیەح بەدزییەوە لە میچپا قسەی لەگەڵ گەدەلیاهو کرد و گوتی: «ڕێم بدە بچم ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ بکوژم، بێ ئەوەی هیچ کەس پێی بزانێت. بۆچی ئەو تۆ بکوژێت، هەموو ئەو جولەکانەی لە دەوری تۆ کۆبوونەتەوە پەرتەوازە بن و پاشماوەی یەهودا لەناوبچێت؟» |
بەڵام گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام بە یۆحانانی کوڕی قارێیەحی گوت: «ئەم شتە مەکە، چونکە ئەوەی تۆ سەبارەت بە ئیسماعیل دەیڵێیت ڕاست نییە.» |