سروشێک سەبارەت بە بابل ئەوەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی: |
لەسەر کێوێکی ڕووت ئاڵایەک هەڵبکەن، دەنگیان لێ بەرز بکەنەوە، دەست ڕابشەکێنن با بێنە ژوورەوە بۆ ناو دەرگای میران. |
من فەرمانم بە تەرخانکراوەکانم کرد، هەروەها بانگی پاڵەوانەکانی خۆمم کرد لەبەر تووڕەییم، ئەو پاڵەوانانەی دڵخۆشن بە سەرکەوتنم. |
گوێ بگرن، دەنگی هەراوهۆریا لە چیاکان دێت، وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر! گوێ بگرن، دەنگی هاتوهەرای شانشینەکان دێت، وەک دەنگی نەتەوەکان کۆبوونەتەوە! یەزدانی سوپاسالار سوپایان لێ پێکدەهێنێت بۆ جەنگ! |
لە خاکێکی دوورەوە دێن، لەوپەڕی ئاسمانەوە دێن، یەزدان و چەکەکانی تووڕەیی، بۆ تێکوپێکدانی سەراپای زەوی. |
واوەیلا بکەن، چونکە ڕۆژی یەزدان نزیک بووەتەوە، وەک وێرانبوون لەلایەن خودای هەرە بەتواناوە دێت. |
لەبەر ئەوە هەموو دەستەکان شل دەبن، هەموو دڵێکی مرۆڤ دەتوێتەوە. |
ڕادەچڵەکێن، ئازار و ژان دەیانگرێت، وەک منداڵبوو دەتلێنەوە. پیاو واقی وڕدەمێنێت لە هاوڕێکەی، ڕوویان وەک ڕووی گڕی ئاگرە. |
ئەوەتا ڕۆژی یەزدان دێت، سەختە، توندوتیژ و تووڕەیی بە جۆشە، بۆ ئەوەی زەوی وێران بکات و گوناهبارانی لێ ببڕێتەوە. |
ئەستێرەکانی ئاسمان و کەلووەکانی ڕووناکییان دەرناخەن، خۆر لە کاتی هەڵاتنی تاریک دادێت، مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە. |
سزای جیهان دەدەم لەسەر خراپەکەی، بەدکارانیش لەسەر تاوانەکانیان، کۆتایی دەهێنم بە فیزی لووتبەرزان و سەری بێ ویژدانەکان شۆڕ دەکەم. |
مرۆڤ لە زێڕی بێگەرد دەگمەنتر دەکەم و ئادەمیزادیش لە زێڕی ئۆفیر. |
لەبەر ئەوە ئاسمان دەهەژێنم و زەویش لە شوێنی خۆی دەلەرزێت، لەبەر تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار و لە ڕۆژی هەڵچوونی تووڕەییەکەی. |
وەک مامزی ڕاونراو دەبێت و وەک ڕانە مەڕ کەس نەبێت کۆی بکاتەوە، هەرکەسە ڕوو لە گەلەکەی خۆی دەکات و هەرکەسە بەرەو خاکەکەی خۆی هەڵدێت. |
ئەوەی بدۆزرێتەوە دەدرێتە بەر خەنجەر و ئەوەی بگیرێت بە شمشێر دەکوژرێت. |
منداڵەکانیان لەبەرچاویان پارچەپارچە دەکرێن و ماڵیان تاڵان دەکرێت و ژنەکانیان زەوت دەکرێن. |
ئەوەتا من مادەکان لە دژیان هەڵدەستێنم، ئەوانەی گوێ بە زیو نادەن و کەیفیان بە زێڕ نایەت. |
کەوانەکانیان لاوان تێکدەشکێنن، بەزەییان بە کۆرپەکاندا نایەتەوە، دڵیان بە منداڵان ناسووتێت. |
بابلی شکۆمەندی شانشینەکان و جوانی شانازی کلدانییەکان وەک سەدۆم و عەمۆرا دەبێت، کە لەلایەن خوداوە سەرەوژێر کرابێت. |
هەتاهەتایە ئاوەدان ناکرێتەوە و نەوە دوای نەوە کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت، عەرەب لەوێ دەوار هەڵنادات، شوانەکان لەوێ مێگەل مۆڵ نادەن. |
بەڵام لەوێ دڕندە بیابانییەکان ڕادەکشێن، چەقەڵ خانووەکانی پڕ دەکەن؛ کوندەپەپوو لەوێ نیشتەجێ دەبێت، تەگە لەوێ سەما دەکەن. |
کەمتیار لەناو قەڵاکانی بابل دەلوورێنێت، چەقەڵیش لەناو کۆشکەکانی. کاتەکەی نزیکە بۆ هاتن، ڕۆژگاری درێژە ناکێشێت. |