بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ داود، زەبوورێک، گۆرانییەک. با خودا هەستێت، با دوژمنانی پەرشوبڵاو ببنەوە! با ناحەزانی لە ڕووی هەڵبێن! |
وەک بەباکردنی دووکەڵ بەبایان بکەیت، وەک توانەوەی مۆم لەبەردەم ئاگر، با بەدکارانیش لەبەردەم خودا لەناوبچن. |
بەڵام با ڕاستودروستان لەبەردەم خودا شاد و دڵخۆش بن، لە خۆشییان شاگەشکە بن. |
گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن، ئەوەی سواری گالیسکەیە بەسەر هەورەکان بەرزی بکەنەوە، ناوی یەزدانە، لەبەردەمی دڵشاد بن. |
باوکی هەتیوان و پارێزەری بێوەژنان، خودایە لە چادری پەرستنی پیرۆزی خۆی. |
خودا ماڵ بۆ لانەوازان دابین دەکات، بەندکراوەکان ئازاد دەکات، بەڵام یاخییەکان لە خاکێکی سووتاو نیشتەجێ دەبن. |
ئەی خودایە، کاتێک تۆ پێشڕەویی گەلەکەتت کرد، کاتێک بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتیت، |
زەوی لەرزی و ئاسمان دڵۆپەی کرد لەبەردەم خودا، خودای سینا، لەبەردەم خودا، خودای ئیسرائیل. |
ئەی خودایە، بارانێکی چاکت باراند، میراتەکەت ماندوو بوو، تۆ بەهێزت کرد. |
کۆمەڵەکەت تێیدا نیشتەجێ دەبن، خودایە، بە چاکەی خۆت، بۆ هەژارانت دابین کرد. |
پەروەردگار فەرمانی دا و کۆمەڵی ژنانی مزگێنیدەر زۆرن: |
«پاشایان و لەشکرەکانیان بە خێرایی هەڵدێن! ژنەکان کە لە ماڵ ماونەتەوە تاڵان دابەش دەکەن، |
تەنانەت ئەوانەشی کە لەناو تەویلەشن، باڵی کۆتری لە زیو هەڵکێشراو و پەڕەمووچەی زێڕی بێگەردیان بەردەکەوێ.» |
کە خودای هەرە بەتوانا پاشاکانی پەرتەوازە کرد، وەک بارینی بەفر بوو لەسەر کێوی چەلمۆن. |
چیای باشان چیای خودایە، چیای باشان چیای فرە لووتکەیە. |
ئەی چیا فرە لووتکەکان، بۆچی چاو دەبڕنە ئەو چیایە، کە خودا ئارەزووی دەکات تێیدا نیشتەجێ بێت، بەڵێ، ئەوەی یەزدان هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێیە؟ |
گالیسکەکانی خودا هەزاران هەزارانە، پەروەردگار لە سیناوە هاتە پیرۆزگا. |
ئەی یەزدان، کاتێک بەرزبوویتەوە بۆ بەرزایی، دیلێکی زۆرت لەگەڵ خۆت برد، دیاریت لە خەڵک وەرگرت، تەنانەت لە یاخییەکانیش، ئەی خودایە، بۆ ئەوەی تۆ لەوێ نیشتەجێ بیت. |
ستایش بۆ پەروەردگار، بۆ خودای ڕزگاریمان، ڕۆژ بە ڕۆژ بارمان هەڵدەگرێت. |
خودا بۆ ئێمە خودای ڕزگارییە، لە مردن دەربازبوونیش لە یەزدانی پەروەردگارەوەیە. |
بێگومان خودا سەری ناحەزانی پان دەکاتەوە، تەوقی سەری ئەوانەی بە ڕێگای گوناهدا دەڕۆن. |
پەروەردگار دەفەرموێ: «لە باشانەوە دوژمنانت دەهێنمەوە، لە قووڵایی دەریاکانەوە دەیانهێنمەوە، |
بۆ ئەوەی پێت بە خوێنیان سوور بێت، زمانی سەگەکانت بەشیان هەبێت لێیان.» |
ئەی خودایە، کەژاوەی تۆیان بینی، کەژاوەی خودا و پاشای من بەرەو پیرۆزگا. |
گۆرانیبێژەکان لەپێشەوەن و سازلێدەرەکان لە دواوە، کچۆڵە دەف لێدەرەکان لەناوەڕاستیان. |
لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی خودا بکەن، ئەی ڕەچەڵەکی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن. |
ئەوەتا هۆزی بنیامینی بچکۆڵە پێشەوایانە، کۆمەڵێک سەرکردەی یەهودا، سەرکردەکانی زەبولون و نەفتالی. |
ئەی خودایە، تواناکەتمان بۆ دەربخە، ئەی خودایە، پاڵپشتیت دەربخە، هەروەک بۆ ئێمەت کرد. |
لە پەرستگاکەتەوە، لە ئۆرشەلیم، پاشاکان دیاریت پێشکەش دەکەن. |
سەرزەنشتی گیانداری ناو قامیشەڵان بکە، ڕەوە گا و گوێرەکەی گەلان، تاکو بە ملکەچییەوە پارچە زیو پێشکەش بکات. ئەو گەلانەی حەزیان لە شەڕە، پەرتیان بکە. |
باڵوێز لە میسرەوە دێن، کوش دەستی خۆی بۆ خودا درێژ دەکات. |
ئەی شانشینەکانی زەوی، گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ پەروەردگار بژەنن، |
بۆ سواری ئاسمان، ئاسمانی دێرین، ئەوەتا دەنگی بەرز دەکاتەوە، بە دەنگێکی بەهێزەوە. |
با هێزی خودا ڕابگەیەنرێت، ئەوەی شکۆمەندییەکەی بەسەر ئیسرائیلەوەیە، ئەوەی هێزی لەناو هەورەکانە. |
خودایە، لە پیرۆزگاکەت سامدارتریت، خودای ئیسرائیل هێز و توانا دەدات بە گەلەکەی. ستایش بۆ خودا! |