«ئایا دەزانیت کەی بزنە کێوییەکان دەزێن؟ یان تێبینیت کردووە ئەو کاتەی کە ئاسک ژان دەیگرێت؟ |
ئایا مانگەکانی ئاوسبوونی دەژمێریت یان کاتی زاوزێکردنیان دەزانیت؟ |
چۆک دادەدەن و پاڵ بە ئازارەکانیانەوە دەنێن و بەچکەکانیان دەبێت. |
بەچکەکانیان لە چۆڵەوانی بەهێز و گەورە دەبن؛ دەڕۆن و ئیتر ناگەڕێنەوە لایان. |
«کێ کەرەکێوی بەڕەڵا کرد و مێخ زنجیری ئەو کێوییەی کردەوە؟ |
ئەوەی چۆڵەوانیم کرد بە ماڵی و خوێڵێنم کردە ژینگەی. |
بە دەنگەدەنگی شار پێدەکەنێت، گوێی لە هاواری لێخوڕ نابێت. |
لە چیاکاندا بەدوای لەوەڕگادا دەگەڕێت، بۆ دۆزینەوەی هەموو سەوزاییەک. |
«ئایا گای کێوی ڕازی دەبێت خزمەتت بکات یان بە شەو لەلای ئاخوڕەکەت بمێنێتەوە؟ |
ئایا دەتوانیت گای کێوی بە گاسنەوە ببەستیتەوە و جووتی پێ بکەیت؟ ئایا بەدواتدا دێت دۆڵەکان خەرتە بکات؟ |
ئایا پشتی پێ دەبەستیت، چونکە هێزەکەی مەزنە یان کارەکەی خۆتی بۆ بەجێدەهێڵیت؟ |
ئایا متمانەی پێ دەکەیت کە دەغڵودانەکەت بهێنێت و بۆ سەر جۆخینەکەت کۆی بکاتەوە؟ |
«بە خۆشییەوە وشترمرغ باڵەفڕکێ دەکات، ئایا پەڕوباڵەکەی وەک لەقلەق پیرۆزە؟ |
وشترمرغ هێلکەکەی لەسەر زەوی بەجێدەهێڵێت و خۆڵ گەرمیان دادەهێنێت، |
لەبیری دەچێت کە پێ وردوخاشی دەکات و ئاژەڵی کێوی پێی پێدا دەنێن. |
لەگەڵ بەچکەکانی دڵڕەقە وەک ئەوەی بەچکەی ئەو نەبن؛ گوێی ناداتێ کە ماندووبوونەکەی بێهوودە دەڕوات، |
چونکە خودا دانایی لەبیر بردووەتەوە، لە تێگەیشتن بەشی نەداوە. |
کاتێک پەڕەکانی فش دەکاتەوە بۆ ڕاکردن، بە ئەسپ و بە سوارەکەی پێدەکەنێت. |
«ئایا تۆ هێز بە ئەسپ دەدەیت یان ملی بە یاڵ دادەپۆشیت؟ |
ئایا وای لێ دەکەیت کە وەک کوللە قەڵەمباز بدات و دەنگی حیلەکەی تۆقێنەر بێت؟ |
بە توندی سم بە زەویدا بکوتێت، بە هێزەوە دەربپەڕێت، بەرەو مەیدانی جەنگ مل بنێت. |
بە ترس پێبکەنێت و نەتۆقێت؛ لە ڕووی شمشێر نەگەڕێتەوە. |
تیردان شەقەشەقی بێت و خەنجەر و نووکی ڕم ببریسکێنەوە. |
بەوپەڕی جۆشوخرۆشەوە غار دەدات، هەتا کاتی لێدانی کەڕەنا خۆی پێ ڕاناگیرێت. |
لە کاتی فووکردن بە کەڕەنادا دەڵێت:”ئەها!“لە دوورەوە بۆنی شەڕ دەکات، هاواری سەرکردەکان و نەعرەتەی جەنگ. |
«ئایا لە تێگەیشتنی تۆدایە هەڵۆ بفڕێت و ڕووەو باشوور باڵەکانی بکاتەوە؟ |
یان بە فەرمانی تۆیە هەڵۆ بەرز بفڕێت و هێلانەکەی لە بەرزی دابنێت؟ |
لەسەر لووتکەی چیا نیشتەجێ دەبێت و بە شەو دەمێنێتەوە، هەڵدێری بەردەڵان قەڵاکەیەتی. |
لەوێوە نێچیری خۆی دەدۆزێتەوە و چاوەکانی لە دوورەوە دەبینن. |
بەچکەکانی خوێن هەڵدەمژن، لە هەرکوێ کوژراوی لێ بێت، ئەو لەوێیە.» |