سروشێک سەبارەت بە سور: واوەیلا بکەن ئەی کەشتییەکانی تەرشیش! چونکە سور کاول کراوە، نە خانوو نە بەندەری بە پێوە نەماوە، لە خاکی قوبرسەوە پێیان ڕاگەیەنرا. |
بحەپەسێن دانیشتووانی دوورگەکە و بازرگانانی سەیدا، ئەوانەی دەریا دەبڕن، پڕیان کردوویت. |
دانەوێڵەی شیحۆر لەسەر ئاوە زۆرەکان دەهات، داهاتی ئەو دروێنەی ڕووباری نیلە، جا سور بوو بە بازاڕی نەتەوەکان. |
شەرمەزار بە ئەی سەیدا! چونکە دەریا گوتی، قەڵای دەریا گوتی: «نە ژانم گرت و نە منداڵم بوو، نە گەنجم گەورە کرد و نە کچی عازەبم پێگەیاند.» |
کاتێک هەواڵ بە میسر دەگات، بە هەواڵی سور ژان دەیانگرێت. |
بپەڕنەوە بۆ تەرشیش، واوەیلا بکەن، ئەی دانیشتووانی دوورگەکە! |
ئایا ئەمە شاری خۆشییە بۆتان، ئەوەی دێرینی لە دێرزەمانەوەیە، ئەوەی پێیەکانی بەرەو دووری دەبەن بۆ ئاوارە بوون؟ |
کێ ئەم پلانەی لە دژی سوری تاج لەسەر داڕشت، ئەوەی میران بازرگانەکانی ئەون، فرۆشیارەکانی بەناوبانگەکانی زەوین؟ |
یەزدانی سوپاسالار پلانی داڕشتووە بۆ گڵاوکردنی شانازی هەموو شکۆمەندییەک، بۆ نزمکرنەوەی هەموو بەناوبانگەکانی زەوی. |
ئەی دانیشتووانی تەرشیش، زەوییەکەتان وەک کەناری نیل بکێڵن، ئیتر بەندەر نەما. |
یەزدان دەستی بەسەر دەریادا درێژکرد و شانشینەکان تۆقین. لە دژی فینیکیا فەرمانی دا بۆ کاولبوونی قەڵاکانی. |
فەرمووی: «جارێکی دی شانازی ناکەیت، ئەی سەیدای کچە پاکیزە، ئێستا پێشێل کراویت! «هەستە بەرەو قوبرس بپەڕەوە، لەوێش حەوانەوەت نابێت.» |
ئەوەتا خاکی بابلییەکان، گەلێکی لێیە کە بە هیچ دانانرێت! ئاشور کردییە شوێنی دڕندە بیابانییەکان. قوللەکانیان دروستکرد، قەڵاکانیان ڕووخاند، کردیان بە کاولگە. |
ئەی کەشتییەکانی تەرشیش واوەیلا بکەن، چونکە قەڵاکانتان کاول بوون. |
لەو ڕۆژەدا ئەوە دەبێت، سور حەفتا ساڵ لەبیر دەکرێت، بەقەد ڕۆژگاری پاشایەک. پاش حەفتا ساڵەکە وەک گۆرانی ژنە لەشفرۆشێک بۆ سور دەبێت: |
«دەست بدە قیسارە و بەناو شاردا بسووڕێوە ئەی ژنە لەشفرۆشی لەبیرکراو! باش مۆسیقا بژەنە و زۆر گۆرانی بڵێ بۆ ئەوەی لەیاد نەکرێیت.» |
جا پاش حەفتا ساڵەکە، یەزدان سور بەسەردەکاتەوە و سور دەگەڕێتەوە سەر کرێ وەرگرتنی و لەگەڵ هەموو شانشینەکانی جیهان لەسەر ڕووی زەوی لەشفرۆشی دەکات. |
بەڵام بازرگانییەکەی و کرێ وەرگرتنەکەی تەرخانکراو دەبێت بۆ یەزدان. هەڵناگیرێت و لە گەنجینە ناکرێت، بەڵکو بازرگانییەکەی بۆ ئەوانە دەبێت کە لەبەردەم یەزدانن، بۆ ئەوەی بخۆن و تێر بن و جلی گرانبەها بپۆشن. |