ئەی سەرڕاستان گۆرانی شادی بۆ یەزدان بڵێن، ستایشکردن لە دڵڕاستان دەوەشێتەوە. |
بە ساز ستایشی یەزدان بکەن، بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقای بۆ بژەنن. |
سروودێکی نوێی بۆ بڵێن، بە کارامەیی مۆسیقا بژەنن، بە هەلهەلەوە. |
فەرمایشتی یەزدان ڕاستە، لە هەموو کردارەکانی دڵسۆزە. |
یەزدان ڕاستودروستی و دادپەروەری خۆشدەوێت، زەوی پڕ بووە لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی. |
بە فەرمانی یەزدان ئاسمان دروستکرا، بە هەناسەی دەمی هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان. |
ئاوی دەریا وەک بەنداو کۆدەکاتەوە و زەریاکان دەخاتە ناو ئەمبارەوە. |
با هەموو زەوی لە یەزدان بترسێت، با هەموو خەڵکی دنیا سام دایانگرێت! |
لەبەر ئەوەی کە فەرمووی، پەیدا بوو، فەرمانی دا، بوو. |
یەزدان پیلانی نەتەوەکانی پووچ کردەوە، تەگبیری گەلانی هەڵوەشاندەوە. |
بەڵام پلانی یەزدان هەتاهەتایە دەمێنێت، تەگبیری دڵی بۆ هەموو نەوەکانە. |
خۆزگە دەخوازرێ بەو نەتەوەیەی کە یەزدان خودایانە، بەو گەلەی هەڵیبژاردووە بۆ میراتی خۆی. |
یەزدان لە ئاسمانەوە دەڕوانێتە خوارێ، هەموو ئادەمیزاد دەبینێت. |
لە نشینگەکەی خۆیەوە چاودێری هەموو دانیشتووانی زەوی دەکات. |
ئەو کە شێوەی دڵی هەمووانی دروستکردووە، ئاگاداری هەموو کردەوەکانیانە. |
هیچ پاشایەک بە گەورەیی سوپاکەی ڕزگاری نابێت، هیچ پاڵەوانێک بە هێزی بازووی دەرباز نابێت. |
ئەسپ ئومێدێکی دۆڕاوە بۆ ڕزگار بوون، بە توندی هێزی ناتوانێت کەس دەرباز بکات. |
بەڵام یەزدان چاوی لەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە، ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستی نەگۆڕی ئەوە، |
بۆ ئەوەی لە مردندا فریایان بکەوێت و لە قاتوقڕیدا ژیانیان دابین بکات. |
ئێمە بە ئومێدی چاوەڕوانی یەزدانین، یەزدان یارمەتیدەر و قەڵغانمانە. |
دڵمان بەو خۆشە، چونکە ئێمە پشت بە ناوی پیرۆزی ئەو دەبەستین. |
ئەی یەزدان، با خۆشەویستی نەگۆڕت بەسەرمانەوە بێت، بەگوێرەی هیوامان بە تۆ. |