ڕۆڵە، گوێڕایەڵی قسەکانم بە و ڕاسپاردەکانم لەلای خۆت هەڵبگرە، |
ڕاسپاردەکانم بەجێبگەیەنە، دەژیت، فێرکردنەکانیشم وەک گلێنەی چاوت بپارێزە. |
بە پەنجەکانتەوە گرێیان بدە، لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە. |
بە دانایی بڵێ: «تۆ خوشکی منی،» بە تێگەیشتنیش بڵێ: «تۆ خزمی منی.» |
بۆ ئەوەی لە ژنی بەدڕەوشت بتپارێزن، لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس. |
لە پەنجەرەی ماڵەکەمەوە لەو دیوی کڵاوڕۆژنەکەمەوە ڕوانیم، |
لەناو ساویلکەکاندا بینیم، لەناو کوڕاندا سەرنجم دا گەنجێکی تێنەگەیشتوو. |
لە شەقامەکە پەڕییەوە و لایدا لای ژنە بەدڕەوشتەکە، ڕێگای ماڵی ئەوی دەگرتەبەر، |
لە زەردەپەڕی ئێواران کاتی ئاوابوونی خۆر، لەژێر تاریکایی شەو. |
ئەوەتا ژنێک بەرەوپیری چوو، لە بەرگی لەشفرۆشێکی فێڵبازدا بوو. |
(ئەم ژنە بە دەنگەدەنگ و سەرکێشە، پێیەکانی لە ماڵی خۆی گیرنابێت. |
پێیەکی لە شەقام و پێیەکی لە گۆڕەپانەکانە، لە هەموو پەنایەک بۆسە دەنێتەوە.) |
گەنجەکەی گرت و ماچی کرد، بێ ئابڕووانە پێی گوت: |
«قوربانی هاوبەشیم لەسەرە، ئەمڕۆ نەزرەکانی خۆمم بەجێهێنا، |
بۆیە بۆ دیدەنیت هاتمە دەرەوە، بۆ دیداری ڕووی تۆ و بۆ دۆزینەوەت. |
نوێنم لەسەر قەرەوێڵەکەم ڕاخستووە، کەتانی ڕەنگاوڕەنگی میسری، |
نوێنەکەم بۆنخۆش کردووە بە موڕ و ئەلوا و دارچین. |
وەرە هەتا بەیانی ئەوین بنۆشین، بە خۆشەویستی چێژ وەربگرین، |
چونکە مێردەکەم لە ماڵەوە نییە، چووەتە ڕێگایەکی دوور. |
کیسە زیوی لەگەڵ خۆی بردووە، هەتا مانگ نەبێت بە چواردە ناگەڕێتەوە ماڵ.» |
بە زۆری مەکرەکانی لەخشتەی برد، بە قسە لووسەکانی زەوقی هەستاند. |
لەناکاو بەدوایدا ڕۆیشت، وەک گایەک بۆ سەربڕین ببردرێت، وەک مامز دەکەوێتە ناو تەڵە، |
هەتا تیرێک جەرگی ببڕێت، وەک پەلەکردنی باڵدار بۆ داو، کە نازانێ بۆ گیانی خۆیەتی. |
ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن، سەرنج بدەنە قسەکانی دەمم. |
با دڵت بەرەو ڕێگاکانی ئەو ژنە لانەدات، لە ڕێبازەکانی گومڕا مەبە، |
چونکە زۆرن ئەوانەی بە برینداری بەریداونەتەوە، هەموو ئەوانەی بە دەستی کوژراون کۆمەڵی گەورەن. |