عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «مەحاڵە ئەو شتانەی کە خەڵکی تووشی گوناه دەکەن نەیەن، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی دەبێتە هۆی هاتنیان. |
باشترە بۆی ئەگەر بەرداشێک بە ملیەوە هەڵبواسرێت و فڕێبدرێتە دەریاوە، لەوەی یەکێک لە قوتابییەکانم تووشی گوناه بکات. |
ئاگاداری خۆتان بن. «ئەگەر براکەت هەڵەی کرد، سەرزەنشتی بکە، ئەگەر تۆبەی کرد گەردنی ئازاد بکە. |
ئەگەر لە ڕۆژێکدا حەوت جار هەڵەی بەرامبەرت کرد و حەوت جار گەڕایەوە لات و گوتی:”تۆبە دەکەم،“تۆ گەردنی ئازاد بکە.» |
ئینجا نێردراوەکان بە مەسیحی خاوەن شکۆیان گوت: «باوەڕمان زیاد بکە!» |
مەسیحیش فەرمووی: «ئەگەر ئەوەندەی دەنکە خەرتەلەیەکیش باوەڕتان هەبێت، بەم دار تووە دەڵێن:”هەڵبکەنرێ و لەناو دەریا بڕوێ،“بە قسەتان دەکات. |
«کامەتان، ئەگەر کۆیلەیەکی هەبێت و خەریکی کاری کێڵگە و لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانی بێت، دوای ئەوەی کە لە کێڵگە هاتەوە، پێی دەڵێت:”یەکسەر وەرە و دانیشە“؟ |
ئایا پێی ناڵێت:”شتێکم بۆ ئامادە بکە بیخۆم، ناوقەدت ببەستە و خزمەتم بکە تاکو دەخۆم و دەخۆمەوە، پاشان تۆ بخۆ و بخۆوە“؟ |
ئایا سوپاسی ئەو کۆیلەیە دەکات، لەبەر ئەوەی ئەو شتانەی کرد کە فەرمانی پێ کرابوو؟ |
ئێوەش بەم شێوەیە، کاتێک هەموو ئەوەی فەرمانتان پێ دەکرێت دەیکەن، بڵێن:”کۆیلەی شایستە نین، ئەرکی خۆمان بەجێگەیاندووە.“» |
کاتێک عیسا دەچوو بۆ ئۆرشەلیم، بە نێوانی سامیرە و جەلیلدا ڕۆیشت. |
کاتێک کە چووە یەکێک لە گوندەکان، تووشی دە پیاو بوو کە نەخۆشی گولییان هەبوو. لە دوورەوە ڕاوەستابوون و |
دەنگیان بەرز کردەوە و گوتیان: «ئەی عیسا، ئەی مامۆستا، بەزەییت پێماندا بێتەوە!» |
جا ئەوانی بینی و پێی فەرموون: «بڕۆن خۆتان نیشانی کاهینان بدەن.» کاتێک دەڕۆیشتن پاکبوونەوە. |
یەکێکیان سەیری کرد پاک بووەتەوە، گەڕایەوە و بە دەنگێکی بەرز ستایشی خودای کرد، |
لەبەرپێی عیسا بەسەر ڕوودا کەوت و سوپاسی کرد. کابرا سامیرەییش بوو. |
عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەرێ دە کەس پاک نەبوونەوە؟ کوا نۆیەکەی دیکە؟ |
هیچ کەسێکیان نەبینران بگەڕێنەوە و ستایشی خودا بکەن، ئەم بێگانەیە نەبێت؟» |
ئینجا پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ، باوەڕت ڕزگاری کردیت.» |
کە فەریسییەکان پرسیاریان لێکرد، کەی پاشایەتی خودا دێت، وەڵامی دانەوە: «پاشایەتی خودا بە جۆرێک نایەت کە ببینرێت، |
خەڵکیش ناڵێن:”ئەمەتا،“یان”ئەوەتا،“چونکە پاشایەتی خودا لە نێوتاندایە.» |
جا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ڕۆژانێک دێت کە تامەزرۆن ڕۆژێک لە ڕۆژانی کوڕی مرۆڤ ببینن، بەڵام نایبینن. |
ئینجا پێتان دەڵێن:”ئەوەتا لەوێیە،“یان”ئەمەتا لێرەیە،“مەڕۆن و بەدوایدا مەچن، |
چونکە وەک ئەو هەورەتریشقەیەی لە لایەکەوە لەژێر ئاسماندا بروسکە دەدات و هەتا لایەکەی دیکە لەژێر ئاسماندا ڕووناک دەکاتەوە، کوڕی مرۆڤیش لە ڕۆژی خۆیدا بەو شێوەیە دەبێت. |
بەڵام دەبێت یەکەم جار زۆر ئازار بچێژێت و ئەم نەوەیەش ڕەتی بکەنەوە. |
«ڕۆژانی نوح چۆن بوو، لە سەردەمی کوڕی مرۆڤیشدا ئاوا دەبێت. |
دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، تاکو ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە، لافاوەکە هات و هەموویانی لەناوبرد. |
«دیسان وەک ئەوەی لە سەردەمی لوت بوو، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، دەیانکڕی و دەیانفرۆشت، دەیانچاند و بنیادیان دەنا. |
بەڵام لەو ڕۆژەی لوت لە سەدۆم هاتە دەرەوە، خودا لە ئاسمانەوە ئاگر و گۆگردی باراند و هەموویانی لەناوبرد. |
«لەو ڕۆژەش کە کوڕی مرۆڤ ئاشکرا دەکرێت، ئاوا دەبێت. |
ئەوەی لەو ڕۆژەدا لە سەربانە و شتەکانی لە ناو ماڵە، با نەیەتە خوارەوە بۆ بردنی. ئەوەی لە کێڵگەشە با نەگەڕێتەوە. |
ژنەکەی لوتتان بەبیر بێتەوە! |
ئەوەی بیەوێ ژیانی خۆی بباتەوە دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی بیدۆڕێنێت دەیباتەوە. |
پێتان دەڵێم: لەو شەوەدا دووان لەناو یەک جێگان، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. |
دوو ژن دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. |
دووان لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. » |
لێیان پرسی: «لەکوێ گەورەم؟» پێی فەرموون: «کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە.» |