< 1 Samuel 19 >

1 And Saul speaks to his son Jonathan, and to all his servants, to put David to death,
ئیتر شاول بە یۆناتانی کوڕی و هەموو خزمەتکارەکانی گوت کە داود بکوژن. بەڵام یۆناتانی کوڕی شاول لە دڵەوە داودی خۆشدەویست.
2 and Jonathan son of Saul delighted in David exceedingly, and Jonathan declares [it] to David, saying, “My father Saul is seeking to put you to death, and now, please take heed in the morning, and you have abided in a secret place and been hidden,
جا یۆناتان داودی ئاگادار کردەوە و گوتی: «شاولی باوکم دەیەوێ بتکوژێت. بەیانی ئاگات لە خۆت بێت و لە حەشارگەیەکدا بمێنەوە، خۆت بشارەوە.
3 and I go out, and have stood by the side of my father in the field where you [are], and I speak of you to my father, and have seen what [is coming], and have declared [it] to you.”
منیش دەچم و لەتەنیشت باوکمەوە لەو کێڵگەیەدا ڕادەوەستم کە خۆتت تێیدا شاردووەتەوە، لەبارەی تۆوە قسە لەگەڵ باوکم دەکەم و تەماشا دەکەم بزانم چی دەبێت و پێتی ڕادەگەیەنم.»
4 And Jonathan speaks good of David to his father Saul and says to him, “Do not let the king sin against his servant, against David, because he has not sinned against you, and because his works [are] very good for you;
ئینجا یۆناتان بە چاکە دەربارەی داود بۆ شاولی باوکی قسەی کرد و گوتی: «با پاشا خراپەیەک دەرهەق بە داودی خزمەتکاری خۆی نەکات، چونکە ئەو خراپەی دەرهەق بە تۆ نەکردووە و کارەکانیشی دەرهەق بە تۆ زۆر چاکن.
5 indeed, he puts his life in his hand, and strikes the Philistine, and YHWH works a great salvation for all Israel; you have seen, and rejoice, and why do you sin against innocent blood, to put David to death for nothing?”
ئەو ژیانی خۆی خستە سەر دەستی و فەلەستییەکەی کوشت، یەزدانیش ڕزگارییەکی گەورەی بۆ هەموو ئیسرائیل هێنایە ئاراوە، تۆ خۆت بینیت و دڵخۆش بوویت، ئیتر بۆچی خراپە دەرهەق بە خوێنی بێتاوانێک دەکەیت، بەبێ هۆ داود دەکوژیت؟»
6 And Saul listens to the voice of Jonathan, and Saul swears, “YHWH lives—he does not die.”
شاولیش گوێی لە دەنگی یۆناتان گرت، شاول سوێندی خوارد: «بە یەزدانی زیندوو، داود ناکوژرێت.»
7 And Jonathan calls for David, and Jonathan declares all these words to him, and Jonathan brings in David to Saul, and he is before him as before.
ئینجا یۆناتان داودی بانگکرد و هەموو ئەو قسانەی پێ ڕاگەیاند، یۆناتان داودی هێنایەوە لای شاول و ئیتر وەک جاران لەبەردەمیدا بوو.
8 And there adds to be war, and David goes out and fights against the Philistines, and strikes among them [with] a great striking, and they flee from his face.
جارێکی دیکە جەنگ هەڵگیرسا و داود چوو لە دژی فەلەستییەکان بجەنگێت، گورزێکی گەورەی لێ وەشاندن و لەبەردەمی هەڵاتن.
9 And a spirit of sadness [from] YHWH is to Saul, and he is sitting in his house, and his javelin [is] in his hand, and David is playing with the hand,
بەڵام کاتێک شاول لە ماڵەوە دانیشتبوو و ڕمێکی بەدەستەوە بوو، دیسان ڕۆحێکی بەد لەلایەن یەزدانەوە هاتەوە سەری. کاتێک داود قیسارەکەی دەژەند،
10 and Saul seeks to strike with the javelin through David, and through the wall, and he frees himself from the presence of Saul, and he strikes the javelin through the wall; and David has fled and escapes during that night.
شاول ویستی بە ڕمەکەی لە داود بدات و بە دیوارەکەوە هەڵیبواسێت، بەڵام ئەو لەبەردەم شاولدا هەڵات، جا لە دیوارەکەی دا و داودیش هەڵات و ئەو شەوە دەرباز بوو.
11 And Saul sends messengers to the house of David to watch him, and to put him to death in the morning; and his wife Michal declares [it] to David, saying, “If you are not delivering your life tonight—tomorrow you are put to death.”
پاشان شاول چەند نێردراوێکی بۆ ماڵی داود نارد هەتا چاودێری بکەن و لە بەیانیدا بیکوژن. بەڵام میخەلی ژنی پێی ڕاگەیاند و گوتی: «ئەگەر ئەمشەو دەرباز نەبیت، بۆ سبەینێ کوژراویت.»
12 And Michal causes David to go down through the window, and he goes on, and flees, and escapes;
ئیتر میخەل داودی لە پەنچەرەکەوە شۆڕکردەوە، ئەویش ڕۆیشت، ڕایکرد و دەرباز بوو.
13 and Michal takes the teraphim, and lays [it] on the bed, and she has put the mattress of goats’ [hair for] his pillows, and covers [it] with a garment.
پاشان میخەل پەیکەرێکی برد و خستییە ناو جێگاکەیەوە، هەندێک مووی بزنیشی لە جێی سەری دانا و بە جلوبەرگ دایپۆشی.
14 And Saul sends messengers to take David, and she says, “He [is] sick.”
شاولیش چەند نێردراوێکی نارد هەتا داود بگرن، میخەلیش گوتی: «نەخۆشە.»
15 And Saul sends the messengers to see David, saying, “Bring him up in the bed to me in order to put him to death.”
ئینجا شاول چەند نێردراوێکی بۆ بینینی داود نارد و گوتی: «بە جێگاکەیەوە بۆ منی بهێنن هەتا بیکوژم.»
16 And the messengers come in, and behold, the teraphim [are] on the bed, and the mattress of goats’ [hair for] his pillows.
بەڵام کاتێک نێردراوەکان هاتنە ژوورەوە، تەماشایان کرد ئەوەتا پەیکەرێک لەناو جێگاکەیە و هەندێک مووی بزنیش لە جێی سەرییەتی.
17 And Saul says to Michal, “Why have you thus deceived me—that you send my enemy away, and he escapes?” And Michal says to Saul, “He said to me, Send me away. Why do I put you to death?”
جا شاول بە میخەلی گوت: «بۆچی ئاوا هەڵتخەڵەتاندم، دوژمنەکەی منت بەڕەڵا کرد و دەرباز بوو؟» میخەلیش بە شاولی گوت: «ئەو پێی گوتم:”ئەگەر بەڕەڵام نەکەی دەتکوژم.“»
18 And David has fled, and escapes, and comes to Samuel at Ramath, and declares to him all that Saul has done to him, and he goes, he and Samuel, and they dwell in Naioth.
کاتێک داود ڕایکرد و دەرباز بوو، چوو بۆ لای ساموئێل لە ڕامە، هەموو ئەوەی شاول پێی کردبوو پێی ڕاگەیاند. ئینجا داود لەگەڵ ساموئێل چوون و لە نایۆت مانەوە.
19 And it is declared to Saul, saying, “Behold, David [is] in Naioth in Ramah.”
جا بە شاول ڕاگەیەنرا و گوترا: «داود وا لە نایۆتە لە ڕامە.»
20 And Saul sends messengers to take David, and they see the assembly of the prophets prophesying, and Samuel standing, set over them, and the Spirit of God is on Saul’s messengers, and they prophesy—they also.
شاولیش چەند نێردراوێکی نارد بۆ گرتنی داود، کاتێک کۆمەڵی پێغەمبەرانیان بینی حاڵیان گرتووە و ساموئێلیش وەک سەرۆک بەسەریانەوە ڕاوەستاوە، ڕۆحی خودا بەسەر نێردراوەکانی شاولیشدا هات و ئەوانیش حاڵیان گرت.
21 And they declare [it] to Saul, and he sends other messengers, and they prophesy—they also; and Saul adds and sends messengers a third time, and they prophesy—they also.
ئەمەیان بە شاول ڕاگەیاند، ئەویش چەند نێردراوێکی دیکەی نارد، هەروەها ئەوانیش حاڵیان گرت. ئینجا بۆ جاری سێیەم چەند نێردراوێکی نارد و ئەوانیش حاڵیان گرت.
22 And he goes—he also—to Ramath, and comes to the great well which [is] in Sechu, and asks and says, “Where [are] Samuel and David?” And [one] says, “Behold, in Naioth in Ramah.”
ئینجا خۆی چوو بۆ ڕامە، گەیشتە ئەمباراوە گەورەکە، ئەوەی لە سەخویە، پرسیاری کرد: «ساموئێل و داود لەکوێن؟» پێی گوترا: «لە نایۆتن، لە شارۆچکەی ڕامە.»
23 And he goes there—to Naioth in Ramah, and the Spirit of God is on him also; and he goes, going on, and he prophesies until his coming to Naioth in Ramah,
جا شاول چوو بۆ ئەوێ، بۆ نایۆت لە ڕامە. تەنانەت ئەویش ڕۆحی خودا هاتە سەری و بە ڕۆیشتنەوە حاڵی گرت هەتا گەیشتە نایۆت.
24 and he strips off—he also—his garments, and prophesies—he also—before Samuel, and falls down naked all that day and all the night; therefore they say, “Is Saul also among the prophets?”
جلەکانی لەبەر خۆی داکەند و ئەویش لەبەردەم ساموئێل حاڵی گرت، بە درێژایی ئەو شەو و ڕۆژە بە ڕووتی خۆی دا بە زەویدا. لەبەر ئەوەیە دەڵێن، «ئایا شاولیش لەنێو پێغەمبەرەکانە؟»

< 1 Samuel 19 >