ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش بۆ ئیسرائیل لەسەر زاری مەلاخی: |
یەزدان دەفەرموێت: «خۆشمویستن.» «بەڵام ئێوە لێم دەپرسن:”بە چی خۆشتویستین؟“» یەزدان دەفەرموێت: «ئایا عیسۆ برای یاقوب نەبوو؟ لەگەڵ ئەوەشدا، یاقوبم خۆشویست، |
بەڵام ڕقم لە عیسۆ بووەوە، چیاکانی ئەوم وێران کرد و میراتەکەیم دایە چەقەڵی چۆڵەوانی.» |
ئەگەر ئەدۆم بڵێت: «وردوخاش کراین، بەڵام دەگەڕێینەوە و کاولەکەمان بنیاد دەنێینەوە.» بەڵام یەزدانی سوپاسالار وا دەفەرموێت: «ئەوان بنیاد دەنێن و منیش دادەڕمێنم. ناویان دەنێن”خاکە خراپەکارەکە“، ئەو گەلەی کە هەتاهەتایە یەزدان لێی تووڕەیە. |
بە چاوی خۆتان دەبینن و دەڵێن:”یەزدان مەزنە، تەنانەت لەو دیوی سنووری ئیسرائیلیشەوە!“» |
یەزدانی سوپاسالار بە ئێوە دەفەرموێت: «کوڕ ڕێزی باوکی دەگرێت و خزمەتکاریش ڕێزی گەورەکەی. ئەگەر من باوکم، کوا ڕێز لێگرتنم؟ ئەگەر گەورەشم، کوا ترستان لە من؟» «ئەی کاهینان، ئێوە گاڵتە بە ناوەکەم دەکەن.» «بەڵام لێم دەپرسن:”چۆن گاڵتەمان بە ناوی تۆ کردووە؟“ |
«بە پێشکەشکردنی نانی گڵاو لەسەر قوربانگاکەم. «بەڵام ئێوە لێم دەپرسن:”چۆن گڵاومان کردوویت؟“«بەوەی کە دەڵێن، خوانی یەزدان مایەی گاڵتە پێکردنە. |
کاتێک ئاژەڵی کوێر وەک قوربانی پێشکەشی دەکەن، ئایا ئەمە بەدکاری نییە؟ کاتێک ئاژەڵی شەل و نەخۆش پێشکەش دەکەن، ئایا ئەمە بەدکاری نییە؟ ئێستاش پێشکەشی بکەن بە فەرمانڕەواکەتان، ئایا لێتان ڕازی دەبێت؟ ئایا سەربەرزتان دەکات؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. |
«ئێستاش لە یەزدان بپاڕێنەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵمان میهرەبان بێت. بە قوربانی وەک ئەمانە، ئایا لێتان ڕازی دەبێت؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. |
یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «خۆزگە کەسێک لەنێو ئێوەدا دەروازەکانی پەرستگا دابخات، تاکو لەخۆڕا ئاگر لەسەر قوربانگاکەم نەکەنەوە! پێتان دڵخۆش نیم. لە قوربانی دەستتان ڕازی نیم. |
لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا، لەنێو نەتەوەکان ناوم مەزن دەبێت. لە هەموو شوێنێک بخوور دەسووتێنن و قوربانی بێگەرد بۆ من پێشکەش دەکەن، چونکە لەنێو نەتەوەکان ناوم مەزن دەبێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. |
«بەڵام ئەی کاهینان، ئێوە ناوی من گڵاو دەکەن کە دەڵێن:”خوانی پەروەردگار گڵاوە،“هەروەها”خۆراکەکەی سەری قێزەونە.“ |
دەڵێن:”لەمە ماندوو بووین!“سووکایەتی پێ دەکەن.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. «کاتێک ئاژەڵی زەوتکراو و شەل و نەخۆشتان هێنا، ئاوا قوربانی پێشکەش دەکەن، ئایا لێتان ڕازی دەبم؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە. |
«نەفرەت لێکراوە ئەو فێڵبازەی کە لە مێگەلەکەی نێرینەی ساغ هەیە و نەزری دەکات، بەڵام ئاژەڵێکی عەیبدار بۆ پەروەردگار دەکاتە قوربانی، چونکە من پاشایەکی مەزنم، ناوەکەشم لەنێو نەتەوەکاندا سامناک دەبێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. |