قوڕبەسەر ئەریێل، ئەریێل ئەو شارەی داود تێیدا مایەوە! ساڵ لەدوای ساڵ زیاد بکەن، با جەژنەکان بسوڕێنەوە. |
منیش تەنگ بە ئەریێل هەڵدەچنم، جا دەبێت بە گریان و شیوەن و بۆ من وەک ئاگردانی قوربانگای لێدێت، |
وەک بازنە دەورت دەدەم، بە قەڵا تەنگت پێهەڵدەچنم و سەنگەر بە چواردەورتدا لێ دەدەم. |
جا نزم دەبیتەوە و لە زەوییەوە دەدوێیت، قسەکەت لەناو خۆڵ دەچەمێتەوە، دەنگت وەک تارمایی دەبێت لە زەوییەوە، قسەکەت لەناو خۆڵ چرپەی دێت. |
ئاپۆرەی دوژمنانت وەک تۆزی کوتراو دەبن و ئاپۆرەی زۆرداران وەک پووشی با بردوو دەبێت. لە ساتێکدا لەپڕ ئەوە دەبێت، |
لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە سزا دەدرێت بە هەورەتریشقە و بوومەلەرزە و دەنگێکی بەرزەوە، بە زریان و ڕەشەبا و گڕی ئاگری سووتێنەرەوە. |
وەک خەون و زیندەخەوی شەوانی لێدێت، ئاپۆرەی هەموو نەتەوە لەشکرکێشەکانی سەر ئەریێل، هەموو لەشکرکێشەکانی سەری و سەر قەڵاکانی لەگەڵ تەنگ پێ هەڵچنانی. |
وەک ئەوەی برسی خەون ببینێت و ئەوەتا دەخوات بەڵام کە هەڵدەستێت ورگی بەتاڵە، وەک ئەوەی تینوو خەون ببینێت و ئەوەتا دەخواتەوە بەڵام کە هەڵدەستێت شەکەتە و گیانی ئارەزوو دەکات، ئاوایان لێدێت ئاپۆرەی هەموو ئەو نەتەوانەی لەشکرکێشییان کردووە بۆ سەر کێوی سییۆن. |
بحەپەسێن و سەرسام بن! خۆتان کوێر بکەن و کوێربن! بەبێ شەراب ئێوە مەستن، بەبێ مەی ئێوە بە لارەلار دەڕۆن. |
یەزدان ڕۆحی خەوی قووڵی بەسەر ئێوەدا ڕشتووە، بەم شێوەیە یەزدان چاوەکانی ئێوەی نوقاندووە کە پێغەمبەرەکانن، هەروەها یەزدان سەری ئێوەی پێشبینیکەری داپۆشیوە. |
جا تەواوی ئەم پەیامەی کە بە بینینێک ئاشکرا کراوە تەنها بۆ ئێوە وەک وشەکانی تۆمارێکی مۆرکراوی لێهاتووە، ئەوەی دەیدەنە کەسێکی خوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «ناتوانم، چونکە مۆر کراوە.» |
یان ئەگەر تۆمارەکە دەدەنە کەسێکی نەخوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «خوێندەواریم نییە.» |
جا پەروەردگار دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە هەر بە دەم نزیک دەبنەوە و بە لێوەکانیان ڕێزم لێ دەگرن، بەڵام دڵیان لێم دوورە، پەرستنیان بۆ من تەنها فێرکردن و ڕاسپاردەی خەڵکە. |
لەبەر ئەوە ئەوەتا من جارێکی دیکە کاری سەیر و سەمەرە بەم گەلە دەکەم، دانایی داناکانی لەناودەبەم و تێگەیشتنی تێگەیشتووانی ون دەبێت.» |
قوڕبەسەر ئەوانەی دەچنە قووڵاییەوە بۆ ئەوەی پیلانەکانیان لە یەزدان بشارنەوە، کارەکانیان لە تاریکی دەبێت و دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟ کێ دەمانناسێت؟» |
ئای لە هاڵاوگێڕیتان، ئایا گۆزەکەر و قوڕ دەکرێن بە یەک تاکو دروستکراو بە دروستکەرەکەی بڵێت: «ئەو دروستی نەکردم»؟ یان گۆزەکە بە گۆزەکەر بڵێت: «تێناگات»؟ |
ئایا لە ساتێکی کەمدا لوبنان ناگۆڕێت بۆ باخ و باخیش بە دارستان دانانرێت؟ |
جا لەو ڕۆژەدا کەڕەکان گوێیان لە وشەکانی تۆمارەکە دەبێت و لە ئەنگوستەچاو و لە تاریکیدا چاوی نابیناکان دەبینن. |
زەلیلەکان دڵخۆشییان بە یەزدان زیاتر دەبێت، نەدارانیش بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دڵشاد دەبن. |
زۆردار لەناوچوو و گاڵتەجاڕ نەما و هەموو ئێشکگرانی خراپەکاری بڕانەوە. |
ئەوانەی بە وشەیەک مرۆڤ گوناهبار دەکەن و لە دادگا داو بۆ دادوەر دەنێنەوە و بە شتی پووچ دادپەروەری خوار دەکەن. |
لەبەر ئەوە یەزدان ئەوەی ئیبراهیمی کڕییەوە، ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب دەفەرموێت: «ئێستا یاقوب شەرمەزار نابێت و ئێستا ڕوو زەرد نابێت. |
کاتێک منداڵەکانی دەستکردەکانی دەستم لەنێویاندا دەبینن، وەک ناوێکی پیرۆز ڕێز لە ناوەکەم دەگرن، دان بە پیرۆزی پیرۆزەکەی یاقوبدا دەنێن، لە خودای ئیسرائیل دەترسن. |
ئەوانەی لە ناوەڕۆکەوە گومڕا بوون تێگەیشتن بەدەستدەهێنن و بۆڵەبۆڵکەران فێربوون وەردەگرن.» |