لەبەر ئەوە بڕیارم دا دیدارێکی دیکەی پڕ لە خەم و ئازارم لەگەڵ ئێوەدا نەبێت، |
چونکە ئەگەر من خەمبارتان بکەم، کێ دڵشادم دەکات، جگە لە ئێوە کە خەمبارم کردوون؟ |
بۆم نووسین، بۆ ئەوەی کاتێک هاتم بەهۆی ئەوانەوە خەمبار نەبم کە پێویستە پێیان شادبم. لە هەمووتان دڵنیام، کە شادی من هی هەمووتانە. |
لە تەنگانەیەکی زۆر و دڵتەنگییەوە بە فرمێسکی زۆرەوە بۆم نووسین، نەوەک خەمبار بن، بەڵکو تاکو بزانن خۆشەویستیم بۆ ئێوە چەند قووڵە. |
بەڵام ئەگەر یەکێک بووەتە هۆی خەمباری، ئەوا تەنها منی خەمبار نەکردووە، بەڵکو هەتا ڕادەیەک هەمووتانی خەمبار کردووە، ئەگەر زیادەڕۆییم نەکردبێت. |
ئیتر بەسە ئەو سزایەی کە لەلایەن زۆرینەیە، |
بە پێچەوانەوە، باشترە گەردنی ئازاد بکەن و دڵنەوایی بکەن، نەوەک لە خەفەتی زۆرەوە هەڵبلووشرێت. |
لەبەر ئەوە تکاتان لێ دەکەم خۆشەویستی خۆتانی بۆ دووپات بکەنەوە، |
چونکە بۆ ئەمە بۆم نووسین تاکو بە سەلماندنتان بزانم، ئاخۆ لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵن. |
منیش گەردنی ئەو کەسە ئازاد دەکەم کە ئێوە گەردنی ئازاد دەکەن. هەروەها ئەگەر پێویستی بەوە کردبێت گەردنی کەسێک ئازاد بکەم، ئەوا لەبەردەم مەسیح لەبەر ئێوە گەردنم ئازاد کردووە، |
نەوەک شەیتان لەخشتەمان ببات، چونکە لە مەبەستەکانی بێئاگا نین. |
کاتێک هاتمە شاری ترۆئاس بۆ ئەوەی مزگێنیی مەسیح ڕابگەیەنم، مەسیحی باڵادەست دەرگایەکی بۆ کردمەوە. |
بەڵام گیانم پشووی نەدا، چونکە تیتۆسی برام نەدۆزییەوە. ئیتر ماڵئاواییم لێیان کرد و چووم بۆ مەکدۆنیا. |
بەڵام سوپاس بۆ خودا، ئەوەی هەموو کاتێک لە کەژاوەی سەرکەوتنی مەسیحدا ڕابەرایەتیمان دەکات، لە هەموو شوێنێک بەهۆی ئێمەوە بۆنی خۆشی ناسینەکەی بڵاو دەکاتەوە، |
چونکە ئێمە بۆنی خۆشی مەسیحین بۆ خودا، لەنێوان ئەوانەی ڕزگاریان دەبێت و لەنێوان ئەوانەی لەناودەچن. |
بۆ ئەوانە بۆنی مردنە بۆ مردن، بۆ ئەوانی دیکە بۆنی ژیانە بۆ ژیان. ئایا کێ شیاوە بۆ ئەم شتانە؟ |
ئێمە وەک زۆر کەس بازرگانی بە پەیامی خوداوە ناکەین، بەڵکو بە بێ دووڕوویی لە خوداوە و لەبەردەم خودا بە ناوی مەسیح دەدوێین. |