فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: |
«ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە ئۆرشەلیم بکە و لە دژی پیرۆزگاکەی جاڕبدە. پێشبینی لەسەر خاکی ئیسرائیل بکە و |
بە خاکی ئیسرائیل بڵێ:”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی تۆم، شمشێرەکەم لە کێلانەکەیەوە هەڵدەکێشم و کەسی ڕاستودروست و خراپەکار لە تۆ دەبڕمەوە. |
لەبەر ئەوەی کەسی ڕاستودروست و خراپەکار لە تۆ دەبڕمەوە، شمشێرەکەم لە کێلانەکەی دێتە دەرەوە بۆ سەر هەموو مرۆڤێک، لە باشوورەوە هەتا باکوور. |
ئەو کاتە هەموو مرۆڤێک دەزانێت کە من یەزدانم، شمشێرەکەی خۆمم لە کێلانەکەیەوە هەڵکێشاوە و تازە ناگەڕێتەوە.“ |
«لەبەر ئەوە ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆ بناڵێنە! بە دڵشکاوی و خەمبارییەوە لەبەرچاویان بناڵێنە. |
ئەگەر لە تۆیان پرسی:”بۆچی دەناڵێنیت؟“تۆش بڵێ:”لەبەر هەواڵەکە، چونکە هات. هەموو دڵێک دەتوێتەوە، هەموو دەستێک شل دەبێت، هەموو ڕۆحێک کۆڵ دەدات، هەموو ئەژنۆیەک دەلەرزێت.“ئەوەتا دێت و دەبێت، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.» |
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: |
«ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ،”پەروەردگار ئەمە دەفەرموێت: بڵێ: «”شمشێرێک، شمشێرێک تیژکراوەتەوە، هەروەها مشتوماڵ کراوە، |
بۆ سەربڕین تیژکراوەتەوە، مشتوماڵ کراوە بۆ ئەوەی وەک بریسکە بدرەوشێتەوە! «”ئایا دڵمان بە داردەستی کوڕەکەم خۆش بێت؟ شمشێر سووکایەتی بە هەموو داردەستێک دەکات. |
«”شمشێر مشتوماڵ کراوە و دانراوە بۆ ئەوەی بە دەست بگیردرێت. ئەم شمشێرە تیژکراوەتەوە و مشتوماڵ کراوە تاکو بدرێتە دەست پیاوکوژ. |
ئەی کوڕی مرۆڤ، هاوار و واوەیلا بکە، چونکە بەسەر گەلەکەم و بەسەر هەموو میرانی ئیسرائیلەوەیە. فڕێدەدرێنە بەر شمشێرەکە، لەگەڵ گەلەکەم. لەبەر ئەوە سنگی خۆت بکوتە. |
«”بێگومان کاتی تاقیکردنەوە دێت. لەبەر ئەوە چییە ئەگەر داردەستەی یەهودا، کە شمشێر سووکایەتی پێی دەکات، نەمێنێت؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“ |
«لەبەر ئەوە ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە، دەست بەناو دەستی خۆتدا بدە. با بە چواردەوریاندا شمشێر دووبارە و سێبارە ڕابوەشێنرێت، شمشێری سەربڕینە، شمشێری کوشتاری گەورەیە. |
بۆ توانەوەی دڵ و بۆ زۆرکردنی کوژراوان، لەبەر ئەوە لەسەر هەموو دەروازەکانیان شمشێری سەربڕینم داناوە. ئای! لەو شمشێرە دروستکراوە بۆ ئەوەی وەک هەورە بروسکە ببریسکێتەوە، ئەو بۆ سەربڕین مشتوماڵ کراوە. |
ئەی شمشێر، لای ڕاست ببڕە، ئینجا لای چەپ، بۆ هەر لایەک ڕووی تێدەکەیت! |
منیش دەست بەناو دەستی خۆمدا دەدەم، تووڕەیی خۆم هێدی دەکەمەوە. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.» |
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: |
«ئەی کوڕی مرۆڤ، دوو ڕێگا بۆ خۆت دیاری بکە بۆ هاتنی شمشێری پاشای بابل، هەردووکیان لە یەک خاکەوە دەستپێبکەن، تابلۆیەکی ڕێنمایی دابنێ، لە سەرەتای سەر ڕێگاکە بەرەو شار دایبنێ. |
ڕێگایەک دیاری بکە با شمشێرەکە بێتە سەر ڕەبەی پایتەختی عەمۆنییەکان و بۆ سەر یەهودا لە ئۆرشەلیمی قەڵابەند، |
چونکە پاشای بابل لەسەر دووڕیانەکە دەوەستێت، لەسەر گۆشەی هەردوو ڕێگاکە، فاڵ دەگرێتەوە هەتا بزانێت بە چ ئاراستەیەکدا بڕوات، بە هەڵدانی تیر، تیروپشک دەکات؛ بە پرسین و ڕاوێژکردن لەگەڵ بتەکانی؛ بە پشکنینی جگەری ئاژەڵێکی سەربڕاو. |
تیروپشک بە دەستی ڕاستی بۆ ئۆرشەلیم هەڵدەدات بۆ مەنجەنیق دانان، فەرمانی کوشتن و نەعرەتە کێشانی جەنگ، بۆ مەنجەنیق دانان بۆ شکاندنی دەروازەکان، بۆ لێدانی سەنگەر و قوللە بنیادنان. |
لەبەرچاوی ئەوانەی سوێندیان بۆ خواردووە کە دڵسۆزبن بۆی وەک فاڵگرتنەوەیەکی درۆ دەبێت، بەڵام ئەو تاوانەکەیان دەهێنێتەوە یادیان تاکو بە دیلیان بگرێت. |
«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:”ئێوە تاوانەکەی خۆتان هێنایەوە یاد، چونکە یاخیبوونەکانتان ڕوون و ئاشکرایە و گوناهەکانتان لە هەموو کردەوەکانتاندا دەرکەوتووە، لەبەر ئەوە بە دیل دەگیرێن. |
«”تۆش ئەی بەدکاری گڵاو، میری ئیسرائیل، ڕۆژت هاتووە، کاتی هاتووە سزادانت گەیشتووەتە بەرزترین پلە. |
یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: مێزەرەکە دابگرە، تاجەکە هەڵبگرە، بارودۆخەکە بەم شێوەیە نامێنێتەوە، بەڵکو بێ پلەوپایە بەرز دەکرێتەوە و پایەدار نزم دەکرێتەوە. |
کاولگە! کاولگە! ئەم شانشینە کاولگەیە! هەروەها نۆژەن ناکرێتەوە، هەتا ئەو پاشایە دێت کە مافی خۆیەتی، منیش دەیدەمە ئەو.“ |
«ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆش پێشبینی بکە و بڵێ:”یەزدانی باڵادەست لەبارەی عەمۆنییەکان و سووکایەتیکردنەکەیان ئەمە دەفەرموێت: «”شمشێر، شمشێر بۆ سەربڕین هەڵکێشراوە، مشتوماڵ کراوە بۆ لەناوبردن، بریسکە دەداتەوە وەک بروسکە. |
بە پێچەوانەی ئەو بینینە پووچانە و فاڵگرتنەوە درۆیانەی کە سەبارەت بە تۆ کراون، شمشێرەکە لەسەر ملی کوژراوە خراپەکارەکان دادەنرێت، ئەوانەی ڕۆژیان هات، کاتیان هاتووە سزادانیان گەیشتووەتە بەرزترین پلە. |
«”شمشێرەکە بگەڕێنەوە کێلانەکەی خۆی. لە نیشتیمانی دایکت حوکمت بەسەردا دەدەم، لەو شوێنەی بەدیهێنرایت. |
تووڕەیی خۆم بەسەر تۆدا دەبارێنم و بە ئاگری هەڵچوونم فووت لێ دەکەم، دەتدەمە دەست کەسانێکی گڕگرتووی شارەزا لە فەوتاندن. |
دەبیت بە سووتەمەنی ئاگر، خوێنت لەناوەڕاستی خاکەکەدا دەڕژێت. ئیتر یادت ناکرێتەوە، چونکە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.“» |