لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین، ئەگەر چادرە زەمینییەکەمان ڕووخا، خانووێکمان لە خوداوە هەیە کە هەتاهەتاییە لە ئاسماندایە، خانووێکی دەستکرد نییە. (aiōnios g166) |
ئێمەش لەم چادرەدا دەناڵێنین و تامەزرۆی ئەوەین کە ماڵی ئاسمانیمان بپۆشین، |
چونکە کە پۆشیمان ئیتر بە ڕووتی نابینرێین. |
لەبەر ئەوەی لەم چادرەداین لەبەر بارگرانی دەناڵێنین، کە نامانەوێت دایبکەنین بەڵکو بپۆشرێین، تاکو مردن لەلایەن ژیانەوە قووت بدرێت. |
خودایە ئەوەی ئێمەی بە تایبەت بۆ ئەمە دروستکردووە، ئەویش وەک پێشەکی ڕۆحی پیرۆزی پێمان داوە بۆ دەستەبەری ئەوەی دێت. |
بۆیە هەموو کات دڵنیاین و دەزانین کە هەتا لە جەستەدا نیشتەجێ بین، لە عیسای خاوەن شکۆ دوورین، |
چونکە بە باوەڕ دەڕۆین نەک بە بینراو. |
ئیتر دڵنیاین و بە باشتری دەزانین کە لە جەستە دوور بکەوینەوە و لەلای عیسای خاوەن شکۆ نیشتەجێ بین. |
بۆیە ئامانجی بەرزمان ڕازیکردنی خودا دەبێت، جا ئیتر لە جەستەدا نیشتەجێ بین یان دوور بین لێی، |
چونکە دەبێت هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی مەسیح دەربکەوین، تاکو هەریەکە بۆ ئەو شتانەی بەهۆی جەستەوە کردوویەتی شایستەیی خۆی وەربگرێت، جا باش بێت یان خراپ. |
لەبەر ئەوەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ لە دڵمانە، هەر بۆیە هەوڵ دەدەین خەڵکی قایل بکەین. بۆ خوداش دەرکەوتین، هیوادارم بۆ ویژدانی ئێوەش بە تەواوی دەربکەوین. |
ئێمە نامانەوێ جارێکی دیکە لە لای ئێوە بەخۆماندا هەڵبدەین، بەڵکو دەرفەتێکتان دەدەینێ شانازیمان پێوە بکەن، تاکو بتوانن وەڵامی ئەوانە بدەنەوە کە شانازی بە ڕواڵەتەوە دەکەن، نەک بە دڵ. |
ئەگەر مێشکمان تێکچووبێت، لەبەر خودایە، ئەگەر هۆشمەند بین، لەبەر ئێوەیە. |
خۆشەویستی مەسیح دیلی کردووین، چونکە دڵنیاین لەوەی کە یەکێک لە جیاتی هەموو خەڵک مرد، بۆیە هەموو خەڵک مردن. |
ئەو لەبری هەمووان مرد تاکو زیندووان ئیتر بۆ خۆیان نەژین، بەڵکو بۆ ئەو کەسەی لە پێناویان مرد و هەستایەوە. |
لەبەر ئەوە بە چاوی دنیاییەوە سەیری کەس ناکەین. ئەگەر پێشتر بە چاوی دنیاییەوە سەیری مەسیحمان کردبێت، ئیتر لەمەودوا بەو چاوە سەیری ناکەین. |
کەواتە ئەگەر هەرکەسێک لەگەڵ مەسیحدا ببێتە یەک، دەبێت بە بەدیهێنراوێکی نوێ، شتە کۆنەکان بەسەرچوون و شتی نوێ هاتووە! |
ئەمەش هەمووی لە خوداوەیە، کە لەگەڵ خۆی لە ڕێگەی مەسیحەوە ئاشتی کردینەوە و خزمەتی ئەم ئاشتبوونەوەی پێداین، |
واتە خودا بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح جیهانی لەگەڵ خۆی ئاشت کردەوە، گوناهەکانیانی لەسەر نەنووسین و پەیامی ئاشتبوونەوەی بە ئێمە سپاردووە. |
کەواتە ئێمە باڵوێزی مەسیحین، خوداش لە ڕێگەی ئێمەوە جیهان بانگهێشت دەکات، لەبری مەسیح لێتان دەپاڕێینەوە: لەگەڵ خودا ئاشت بنەوە. |
ئەوەی گوناهی نەدەناسی خودا لە پێناوی ئێمە کردییە گوناه، تاکو بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا ببین بە ڕاستودروستی خودا. |