ئینجا ئەلیفازی تێمانی وەڵامی دایەوە: |
«ئەگەر یەکێک قسەیەک بکات دڵگران دەبیت؟ بەڵام کێ دەتوانێت لە قسەکردن ڕابوەستێت؟ |
لە یادت بێ تۆ ڕێنمایی زۆر کەست کردووە و دەستە شلبووەکانت توند کردووە. |
قسەکانت ئەوانەی هەستاندەوە کە کەوتوون و ئەژنۆ لەرزۆکەکانت چەسپاند. |
بەڵام ئێستا کە خۆت تووشی تەنگانە بوویت، ورەت بەرداوە، لەوەی کە بەسەر خۆت هاتووە، پەرێشان بوویت. |
ئایا پشت بە لەخواترسییەکەت نابەستیت؟ ئایا بێ کەموکوڕییەکەت هیوابەخش نییە؟ |
«بەبیر خۆتی بهێنەرەوە، بێتاوانێکت بینیوە فەوتابێت، یاخود کەسە سەرڕاستەکان لەناوچووبن؟ |
وەک بینیوتە، ئەوانەی خراپە دەکێڵن و چەرمەسەری دەچێنن، خۆیان دروێنەی دەکەن. |
بە هەناسەی خودا لەناودەچن و بە بای تووڕەییەکەی نامێنن. |
مڕەمڕی شێر و دەنگی نەڕەی و کەڵبەی شێرەکان شکێنران. |
شێر دەفەوتێت لەبەر نەبوونی نێچیر و بەچکەی شێرەکە پەرتەوازە دەبن. |
«وشەیەک بۆ لای من دزەی کرد، گوێم چرپەیەکی بیست. |
لە مۆتەکەی شەومدا کاتێک مرۆڤ خەوێکی قووڵ دەیباتەوە، |
ترس و تۆقینێک منی داگرت و هەموو ئێسکەکانم لەرزین. |
ڕۆحێک بە بەردەممدا تێپەڕی و مووەکانی لەشم مووچڕکەیان پێدا هات. |
ڕاوەستا، بەڵام نەمزانی چی بوو، شێوەیەک لەبەرچاوم بوو، چرپەیەک و دەنگێکم بیست: |
”ئایا مرۆڤ لە خودا ڕاستودروستترە، یان پیاو لە بەدیهێنەرەکەی بێگەردتر دەبێت؟ |
ئەگەر خودا متمانە بە خزمەتکارەکانی نەکات و گومڕایی بخاتە پاڵ فریشتەکانی، |
ئەی چەند زیاتر متمانە بە دانیشتووانی ناو خانووی قوڕ ناکات، ئەوانەی بنەچەیان لە خۆڵەوەیە و وەک مۆرانە پان دەکرێنەوە. |
لەنێوان بەیانی و ئێوارەدا تێکدەشکێنرێن، بێ ئەوەی کەس ئاگای لێیان بێت بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن. |
ئایا گوریسی ڕەشماڵەکانیان هەڵنەکێشراوە، تاکو بەبێ دانایی بمرن؟“ |