بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مردنی کوڕەکە». زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم، هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم. |
بە تۆوە شاد و دڵخۆش دەبم، ئەی هەرەبەرز، گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێم. |
کاتێک دوژمنەکانم بەرەو پاش هەڵدێن، لەبەردەمی تۆدا دەکەون و لەناودەچن، |
چونکە دادپەروەرانە دادوەریت بۆ کردووم، دادوەرێکی ڕاستودروستی لەسەر تەختی خۆت دانیشتووی. |
تۆ نەتەوەکانت سەرزەنشت کردووە و بەدکارانت لەناوبردووە، هەتاهەتایە ناویانت سڕیوەتەوە. |
دوژمنانت تووشی لەناوچوونی بێ کۆتایی کردووە، شارەکانیانت وێران کردووە، تەنانەت بیرەوەریشیان نامێنێت. |
بەڵام یەزدان هەتاهەتایە دادەنیشێت، تەختی خۆی بۆ دادوەری دامەزراندووە. |
بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات، بە دادپەروەری گەلان حوکم دەدات. |
یەزدان پەناگای زۆرلێکراوانە، قەڵایە لە کاتی تەنگانەدا. |
ئەوانەی بە ناوی تۆ ئاشنان پشتت پێ دەبەستن، چونکە ئەی یەزدان، قەت تۆ وازت لەوانە نەهێناوە کە حەز دەکەن لە تۆ نزیک ببنەوە. |
گۆرانی ستایش بڵێن بۆ یەزدان کە لە سییۆن نیشتەجێیە، لەنێو نەتەوەکان کردارەکانی ڕابگەیەنن، |
چونکە ئەوەی تۆڵەی خوێن دەکاتەوە یادی دەکرێتەوە، هاواری ستەملێکراوان لەبیرناکات. |
ئەی یەزدان، ببینە چ ئازارێک بەدەست دوژمنەکانمەوە دەکێشم! لەگەڵم میهرەبان بە و لە دەروازەکانی مردن ڕزگارم بکە، |
تاکو لەبەردەم دەروازەکانی سییۆنی کچ بە ستایشی تۆوە بدوێم، هەروەها بە ڕزگاریی تۆوە دڵخۆش بم. |
نەتەوەکان کەوتوونەتە ئەو چاڵەی کە خۆیان هەڵیانکەندبوو، پێیان بەو تۆڕەوە بووە کە نابوویانەوە. |
یەزدان بە دادپەروەری ناسراوە، بەدکاران دەکەونە داوی کردەوەی دەستی خۆیان. |
بەدکاران بەرەو جیهانی مردووان دەڕۆن، هەروەها هەموو ئەو نەتەوانەی کە خودا لەبیر دەکەن. (Sheol h7585) |
بەڵام نەداران هەتاسەر لەبیر ناکرێن، ئومێدی ستەملێکراو هەتاهەتایە لەناو ناچێت. |
ئەی یەزدان ڕاپەڕە، مەهێڵە مرۆڤ سەربکەوێت، با نەتەوەکان لەبەردەم تۆ دادگایی بکرێن. |
ئەی یەزدان، ترس بخەرە دڵیانەوە، با نەتەوەکان بزانن کە تەنها مرۆڤن. |